هاتنەوەی بارزانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  887 مشاهده

ڕادیۆ خەبەری دا بارزانی و هەواڵانی دێنەوە عێراق. ئۆخەی لە پاش دوازدە ساڵ دیسان چاوم بەو پاڵەوانە خۆشەویستە دەکەوێتەوە. برایم ئەحمەدی سەرۆکی پارتی و چەند هەواڵێکی و شێخ سادقی برازای مەلا مستەفا چوونە پڕاگ و لەگەڵیا هاتنە قاهیرە. دیدەنی ناسریان کرد و بەرەو بەغدا فڕین. لام وایە بیست هەزار کەس پتر لە فڕگەی بەغدا هاتبوونە پێشوازی. عەرەب و کورد تێکەڵاو، شیعاردان گوێی عاسمانی کەڕ دەکرد. هەر کوردێکی بە جلکی کوردییەوە بوایە، لەسەر شانان دادەنرا و شیعاری برایەتی کورد و عەرەب دەدرا. گوتیان کوردێک کە لەسەر شانان داندراوە، دزێک کڵاشەکانی دزیوە. کوردە هاواری کردووە: «کڵاشەکەم!»، حەشامات لێکڕا گوتوویانە: «کڵاشەکەم!»، حەشامات لێکرا گوتوویانە «کڵاشەکەم! کڵاشەکەم»، لایان وابووە ئەمەش شیعارێکە بە زمانی کوردی!

بارزانی لە ئوتێلێک دابەزی. گوتیان بەر لە هەرکەس لە تۆ و زەبیحی پرسیوە. دەیەوێ بتانبینێ. فەرمووی: «دوو سەعاتم بە دیاری بۆ هێناون. بۆ کەسی تر هیچم نەهێناوە...». لەو ڕۆژە کە دیتمەوە، ئیتر هەموو برینی دڵم کە لەو چەند ساڵەدا قرتماخەی بەسەر قرتماخەدا هاتبوو، ساڕێژ بوونەوە و هەموو دەرد و ئاخم لەبیر چوونەوە.

شەوێک کە دوو بە دوو بووین زۆری دڵخۆشی دامەوە کە: «بڕیار بێ من و تۆ لە خۆشیدا شەریک بین و تازە خەمی بێکەسی مەخۆ!...». گوتم: «کاکە بمبەخشە، من لام وایە نەوعە شێتییەکت تێدایە. ئەوە چەند ساڵ و زەمانە کە من ئاوارەم، کەس نەبوو بە ڕووی خۆش جوابی سڵاوم بداتەوە. یان ئەو هەموو خەڵکە شێتن، یان تۆ، کە چەند ڕۆژێک لە سابڵاغ دیتوومی و نەتناسیوم کە چەند نەحسم! هەرچی بێ، تازە تا ماوم بڕوات بە ئاشنایەتی من هەبێ، قەولم قەولی پیاوانە...».

دوو عەکسی پێکەوەی بارزانی و قاسممان گەورە کردبۆوە، دەمانفرۆشتن. زۆر بەبرەو بوون؛ بەڵام یەکیان چەند ئەوەندەی ئەوی تریان دەفرۆشرا. سەیرە: هەردووک وەک یەکن؛ خەبەر چییە؟ تێگەیشتین یەکیان (بسم اللە)یەکی تێدا دیارە. بۆ (بسم اللە)کەی دەیکڕن، نە بۆ خۆشەویستی زەعیم!