مامۆستا گۆران

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1517 مشاهده

هەر کە تازە هاتبووینەوە بەغدا، گوتیان مامۆستا گۆرانی شاعیر لێرەیە. هەر دوور بە دوور ئاشنای بووم و نەمدیبوو. چوومە زیارەتی لە ئوتێل سیروان. فەرمووی: «هەژار جار جار دڵ خەبەر دەدا. وا کۆمەڵی نووسەران و شاعیران دامەزراوە؛ سەد و پەنجا ئەندامن. داوام کردووە ناوی تۆش نووسراوە. هەرچەند گوتیان کەس نازانێ لە کوێیە؛ تازە نایەتەوە؛ دەدڵم چەقیبوو دێیەوە. دڵم خۆشە کە ناوت نووسرا.

- مامۆستا سوپاست دەکەم؛ بەڵام نایکەم.

- چۆن ئەو شانازییە قبووڵ ناکەی؟

- قوربان چیرۆکمان چیرۆکی موسوڵمانانی هیندە: بەوپەڕی ئازادیش ڕەنی بدەن، هەر کەمایەتین. پاکستان بۆیە دروست بوو... نۆ کورد دەگەڵ سەد و چل عەرەب چۆن دەربەرێ؟!

ئەگەر برادەران ڕاست دەکەن، با فەرعێکی کوردستان بۆ ئێمە دانێن؛ کتێبی کوردیمان بۆ چاپ کەن. ئەوان هەر دەڵێن کوردی بە عارەبی تەرجەمە کەن، بۆتان بڵاو دەکەینەوە. یانی هەر دەبێ نۆکەریان بین و خزمەت بە فەرهەنگی ئەوان بکەین...

ئەو زۆری فەرموو، من کەمم بیست. لەو ناو قساندا فەرمووی:

- زۆر کەس دەڵێن تۆ بۆ چوویە حیزبی شیووعی؟ بەوان چی؟

- ببەخشە! منیش یەکێک لەوانم. مامۆستا ئەگەر حیزبی بووی، یەکێکی وەک جەمال حەیدەری پێت دەڵێ: شیعرێکمان بۆ بڵێ! فڵان و فڵان شتی تێدابێ. ئەگەر خۆی شاعیر بێ بە تۆ ناڵێ. تۆش ئەگەر خۆت بۆخۆت فکر نەکەیەوە، شیعرەکەت فەرمایشتی ئەحمەقێکە تۆ هۆندووتەوە. دەبێ شاعیر ماسی بێ کێرد بێ، بۆخۆی بنووسێ، ئەوسا دەستەیەک هەر لاگیری دەبن. هەر لە خۆت دەپرسم: توخوا شیعری(داوەتی قەرەداغ)،(گەشتێ لە هەورامان)کە ئەوسا جحێڵ بووی، دەگەڵ شیعری (بت و بتەوان) کە بە پیری فەرمووتە، کامیان باشترن؟

- دیارە ئەوانی پێشوو.

- ئەمەیە تەئسیری حیزبایەتی لەسەر شاعیر...

هەر ئەوجارە، مامۆستا گۆران کە لە پرسی ئەو، جوابم داوە بە ماڵ و منداڵەوە بە دوو دینار لە تەلکۆچەرەوە هاتووینە مووسڵ، سەیر ما:

- چۆن وا هەرزان؟

- مامۆستا ماڵ باوەشێک بوو؛ لات وایە ماڵە قەرە تاژدینم بار کردووە؟!