شەریکیی عەرەب و کورد لە عێراقدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  853 مشاهده

بەندی سێ لە بەیانی قاسم کە «عەرەب و کورد لە عێراقدا شەریکن» دڵی هەموو کوردێکی میللی شاد کردبوو؛ زۆریان هومێد بە دواڕۆژ هەبوو. حیزب کۆمۆنیستیش کە لە زەمانی پادشایەتیدا هەمیشە لە زیندان و خۆ شاردنەوەدا بوون و زۆریان لێ دەکوژرا، بە کوودەتای قاسم زیندوو ببوونەوە؛ ملیان لە جم و جۆڵ نابوو. چونکە مەلا مستەفاش دوازدە ساڵ لە ڕووسیای ڕابواردبو، بە کۆمۆنیستیان دەزانی و ئەوپەڕی دەستی قەدریان لێ دەنا.

حیزبی کۆمۆنیست لە هەر وڵاتێکدا، با چوار کەسیش بن، بۆ حوکمداری خۆیان لە هەموو کۆمەڵێکی تر بە لایقتر دەزانی. بەتایبەتی لە عێراقدا کە کوردە قەومییەکانیش هەرچی دوو پیت و لەتێکی خوێندبوو، بە فەرهەنگی کۆمۆنیستی فرچک کرابوون و هەرکەس چەپی نەبا بە خاین حیساب دەکرا. پارتی دیموکرات، حیزبی کۆمۆنیستی بە مامۆستای بەڕێز و برا گەورەی خۆی دەزانی. مل بە ملەی بوو کە خۆی بە کۆمۆنیستی دڵگەرمتر لە کۆمۆنیستانی حیزبی نیشان دات. هەر حەولی بوو حیزبی کۆمۆنیست لێی ڕازی بێ و ڕوو لە قیبلەی مۆسکۆ وەرنەگێڕێ. پەت شل کردنی قاسم، شیووعی بەربەرەڵا کرد. وەها غلوور و یەرغە ببوون بە هەزاران لغاو ڕام نەدەکران کە ئەودەم ڕەشمەشیان لە مل داڕنرابوو.

قاسم بەرگری لە کورد نەدەکرد کە بیری خۆیان دەربڕن و تەنانەت مەلا مستەفا توانی حیزب بکاتە ڕەسمی و ڕۆژنامە و نەشراتی پارتی ئازاد بێ. مەلا مستەفا لە قەسری نووری سەعید جێگیر ببوو؛ ببووە قیبلەی کورد و عەرەب. لای قاسمیش ڕۆژگار بە قەدر بوو. کۆمۆنیستی ڕاستەقینە دژی میللەتە؛ بەڵام کە لە ڕووسیا زمان و عاداتی گەلانی جۆربەجۆر پارێزراوە و زۆریان بە ڕواڵەت جومهوری و خودموختاری تایبەتی خۆیان هەیە، کۆمۆنیستی عێراق بڕوای بەوە نەبوو. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە لەوەتا حیزبی کۆمۆنیست لە عێراق دامەزراوە، جگە لە فەهد ناوێک کە لە مەسیحییەکانی(تەل کێف)بوو، هەمیشە، مەگەر بە دەگمەن، دەنا ڕەئیسی حیزب کورد بووە. ئێستاش کە من شێست و سێ ساڵم ڕابواردووە و ئەم خەتانە دەنووسم، ڕەئیسی حیزبی شیووعی عێراق کوردێکە. دەگەڵ ئەوەشا ناوی کورد و کوردستان بیستن وەک دڕوو وەبن کلک دان وابوو. ئەندامی کورد بە عەرەبی دەدوا؛ بەلایەوە شەرم بوو بڵێ کوردم.