بەرەو بەغدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  730 مشاهده

بە ماشێنی کوڕی حاجی میرزا چووینە (تەلکۆچەر)کە لەسەر سنوورە. جیپێکمان بە دوو دینار بەکرێ گرت بمانگەیەنێتە مووسڵ. دەبوایە ئیجازەی چوونە عێراق لە ئەفسەری سنوور وەرگرین. گوتیان ئەفسەر لە مووسڵە، دوو ڕۆژ سەبر بکەن تا دێتەوە. کابرای شۆفێر کە نەیدەویست دەست لە دوو دینار هەڵگرێ، کاکە و برالەی دەگەڵ سەرگرووهبانێک کرد کە وەرەقەمان بۆ ئەفسەر بداتێ لە مووسڵ پاسپۆرتمان بۆ مۆر کا. بارەکەمان چ بوو؟ دوو بەڕە مێژووییەکانی کە جۆڵا لە کۆنە پەڵاسی بەرمان چنیبووی، دوو سێ پەتووی کۆن، هێندێک قاپ و مەنجەڵی ئەڵمۆنیۆم. لە وەختی بار کردندا مەعسووم هێندێک ئارد و پێنج شەش مست نیسکی هێنا.

- ئەمەمان بۆ چییە؟ بار گرانییە. خۆ بە ڕۆژێک دەگەینە مووسڵ.

گوتی: ئەوە لە دەشت ماینەوە و منداڵەکانم برسی بوون، چ بکەم؟...». ناچاری کردین ئەویش بار کەین. هەموو بارەکە تێری کۆڵی حەنباڵێک نەبوو. بەر لە نیوەڕۆ گەیشتینە مووسڵ. منداڵم بردنە ئوتێلێکی سەر دەجلە. چوومە ئیدارەی پۆلیسی سەفەر کە بتوانم بچمە بەغدا.

کاربەدەست ڕوانییە پەساپۆرت:

- کوا مۆری ئەفسەری سنوور؟

- لەباتیان نامەی سەرگرووهبانم پێیە.

- حەی حەی! سەرگرووهبانی سەگباب حەقی چییە ڕێگەت بدا؟! هەر ئەمڕۆ لە سنوور دەتکەینەوە بەو دیودا.

- من بە ئیجازە هاتووم. ئەگەر گوناحبارێک هەبێ سەرگرووهبانە؛ من نیم.

- نەخێر هەر دەبێ دەرت کەین.

گوتم: لە هەموو عومرمدا ئەوە یەکەم جارە بە قانوون دەبزوومەوە؛ ئەویش تووشی کێشە بووم! دەنا بۆخۆم بۆ بە قاچاغ ئەهاتم؟

- قاچاغ؟ بۆ تەیر دەردەچێ؟ ئێمە باشمان ئاگا لە سنوور هەیە.

- جا با گرێو بکەین: ئەمڕۆ دەڕۆم سبەی دێمەوە و پێشم نەزانن.

- محاڵە!

هاوکارێکی پێکەنی:

- محاڵە محاڵە! ڕۆژی سەد کەس بە قاچاغ دێن و خەبەریشمان نییە. باوکم گرێو ناکەین!

پاش هەزار چەقە و چەنەچەن، قەرار درا بچمە لای ئەفسەری سنوور، ئەگەر بۆی ئیمزا کردم لێم گەڕێن. هەر چوومە دەر، تێلگرافێکم بۆ عەزیز شەریف، کە لە قاسم نزیک و لە شام ببووینە ئاشنا، لێدا. هاتمەوە لای منداڵەکان کە نیوەڕۆژە بخۆین. لە ئوتێل چوومە خوار لە دووکانی شووتیفرۆشێک گوتم: شووتییەکم دەیە!

- هەڵبژێرە!

باوەڕ بکە شووتی وای تێدا نەبوو کە بۆم هەڵبگیرێ.

- برا شووتی مووسڵە! تۆ چەند کیلۆت دەوێ؟

- هەشت تا دە.

لەتێکم کڕی. پاش نیوەڕۆ چوومە ماڵی ئەفسەری سنوور «زاهید محەممەد» کە باسم کرد. کە زانی من هەژارەکەی میوانی ماڵە حاجۆ بووم، بە ڕووی خۆشەوە دواندمی و بۆی ئیمزا کردم و تەلەفۆنیشی کرد کە پۆلیسی سەفەر دەستم لێ بەردەن. ئێوارە درەنگ چووینە سەر قەتار و لە واگۆنێک جێمان گرت. دوو کەسم دین لە خوارەوە بە واگۆنانەوە دەگەڕێن و دەڕوانن؛ ترسام. زانیم پۆلیسی نهێنین و لە من دەگەڕێن. بە مەعسوومم گوت: «ئێوە خۆ لە من مەکەنە ساحیب. ئەوانە دەرمدەکەنەوە سووریە. بچنە بەغدا. خۆم بە قاچاغ دێمەوە». پۆلیس دیتیانم، گوتیان: «دابەزە کارمان پێتە. برا خۆ دەزانی ئێمە هیچ خراپەمان دەگەڵ نەکردووی. تکایە لە بەغدایە شکایت لە پۆلیسی سەفەر مەکە. مودیری پۆلیسی گشتی ئەحواڵی تۆی پرسیوە و چاوەنۆڕتە!». دیار بوو تێلگرافی عەزیز شەریف کاری کردبوو.

بەیانی گەینە بەغدا. «نووری ئەحمەد تەها» لە ئیزگە چاوەنۆڕی دەکردین کە لە بریکاری حیزبی پارتییەوە هاتبوو. بارمان داگرت. توورەکەی نیسکەکە دڕا و لێی ڕژا. تێری گاڵتە پێ کردین: «ئەمە چییە؟ بۆ پێت وا بووە بێکەسی و حیزبی پارتی دە هانات نایە؟!». دەگەڵمان هاتە ناوشار؛ بووینە میوانی ئیمامی. نووری ڕۆیشت بە بێ ئەوە بڵێ چیتان لازمە!! جەلال بێتووشی شەریکم هات پێنج دیناری دامێ، بووژامەوە. چونکە نیو دیناریشم شک نەدەبرد. جەلال گوتی بیست و سێ دینارم بە واسیتەی مام جەلال بۆ ناردوویە سووریا.

- پێم نەگەیشتووە...

خانووێکمان بە شەریکاتی چایچییەکی کۆیی لە گەڕەکی(بارودیە)کە نزیک بە دووکانەکە بوو، مانگێ بە پازدە دینار -هەشتی من و حەوتی هاوماڵەکەم- بەکرێ گرت. لە دووکان دەستم کردەوە بە عەکاسییەکەی جاران. چووشمە لای مودیری پۆلیسی گشتی سوپاسم لێ کرد. چوومە لای جەلال تەڵەبانی لە ئوتێل (وابزانم دیانا) وەتاغێکی تەنیای گرتبوو. باسی بیست و سە دینارەکەم کرد.

- چۆن پێت نەگەیوە؟ داومە بە مەسئوولی پارتی لە مووسڵ، چاوی دەردێنم!

دوای دوو ڕۆژ گوتی: «بۆت بە ئەندامێکی خۆماندا بەڕێ کراوە، ئەو خواردوویە».

- کاکە تەسلیمی تۆ کراوە؛ وابزانم تۆ دەبێ بیدەیەوە.

دەرهەڵ بوو:

- بۆ چی من دزم؟ تۆ بۆ ئەوەندە بە تەماحی؟ دەبا ئەو پووڵە نەبێ!

- کاکە جەلال! لەو ڕۆژەوە من ئاوارە بووم هەرگیز مخارجی مانگێکم بە قەد مخارجی ڕۆژێکی تۆ لەم ئوتێلە نەبووە. هەردووکیشمان دەڵێین بۆ کورد کار دەکەین، هەزار ئەوەندەی تۆم کوێرەوەری دیوە. ئێستا داوای حەقی خۆم بکەم پیاو خراپم؟! با وابێ، ئەوا نەمویست...