لە عێراق کوودەتا کراوە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  767 مشاهده

تەواو لەو ژیانە بێتامە و ئەم شەڕە چەققەی شیووعی و بێکاری و سەرباری خۆم وەڕەز ببووم. هیچ هومێدیشم بە هیچ نەمابوو. بڕیارم دا بە ماڵەوە بچمە میسر و حەولی شاگرد عەکاسی بدەم و هەژاری خۆم بکەم و کەس نەمناسێ. هەر دەو فکرانەدا بووم، شەو ڕادیۆ بەغدا خەبەری دا کە سبەی نووری سەعید و مەلیک دەچنە تورکیە. بەیانی مەعسووم گوتی: بۆ ڕادیۆ ناکەیەوە؟

- ڕادیۆی چی؟ ئەو سەگبابانە دەچنە تورکیە داخوا چ داوێک بۆ کورد دەنێنەوە.

کردمەوە مووزیکی مارش بوو، بەستم.

- ها نەمگوت؟ ئەوە خەریکن دەفڕن.

قەسابێکی عەبدۆ ناو، عەرەبی حەڵەبی کە سی ساڵێک بوو لە تربەسپی قەسابی دەکرد و کوردیش باش فێر ببوو، لە حەسار وەژوور کەوت و بە لرفە و هەڵپەوە پیلی کێشام:

- وەرە بڕەقسین! مەلیک و نووری سەعید کوژران و کوودەتا کراوە.

ڕادیۆ دەکەمەوە، ڕاستە. قەدرێک دەگەڵ عەبدۆ ڕەقسیم. خۆم گەیاندە شام: دەی کاکە با بڕۆینەوە بەغدا. پۆلیس گوتی: تۆ دەبێ لە قامیشلی پاسپۆرتت تازە کەیەوە، یان نەقڵی مەسکەن بکەی بۆ شام. ئەها دیسان وەک پێناسەکەم دەبێ شەش مانگ تۆز بخۆم و ماندوو بم؛ جا دەمدەنێ یان نامدەنێ. لای کوردێکی شامی ئاشنا ئەو دەردە دڵەم کرد؛ گوتی: بەینی خۆم و خۆت بێ، بچۆ ئیدارەی بەرزی ئەمنی عام، بڵێ سەرهەنگ عەبدولقادرم دەوێ. پێی بڵێ عەبدولقادر ناردوومی؛ کارت بۆ پێک دێنێ.

- جا خۆ تۆ ناوت عەبدولقادر نییە!

- حەقت نەبێ، بچۆ!

لە دەرگای ئەمنی عام گوتم: سەرهەنگ عەبدولقادر؟

- بڕۆ سەرەوە.

بە ئەفسەرێکم گوت.

- دانیشە!

قاوەیان هێنا. گوتیان بڕۆ بیبینە. پیاوێکی کەڵەگەتی چوارشانە، سەر زەلام، چاوڕەشی، برۆ پڕی، سپی و سۆڵ، جووتێک سمێڵی زۆر لەبار.

- چیت دەوێ؟

- عەبدولقادر ناردوومی، ئەوەش کارەکەمە.

- هەر ئەوەندە؟

- بەڵێ.

لە زەنگی دا؛ ئەفسەرێک هاتە ژوور.

- ئەم پاسپۆرتە بەرە تازەی کەوە. بە کامیلی بیهێنەوە، بەڵام زوو.

- بەڵێ قوربان!

باوەڕ کە، دە دەقیقەی نەبرد پاسپۆرتم وەرگرتەوە.

- زۆر سوپاس، خواحافیز.

- سەلام لە عەبدولقادر بکە.

گەیمە بەر دەرگای ژوورەکەی. گوتی: بۆ کەس ئەم نەقڵە مەگێڕەوە.

لە برادەرەکەی شامیم پرسی مەسەلە چییە؟

- کاکە ئەوە کوردە؛ ئامۆزای منە. کەس نازانێ عەرەب نییە. ئیدارەی ئەمن ئەو هەڵیدەسووڕێنێ!

بە کوودەتای قاسم زۆر شاد بووین. ڕادیۆ بەغدامان دەکردەوە و گوێ بگرە و بەه بەهـ بڵێ! شەوێک قاسم نوتقی دەکرد. گوتم: زەبیحی خۆمانەین، ئەگەر بوێرم دەڵێم ئەو کابرایە دەلووکارە، نیوە شێتە.

زەبیحی لێم دەرهەڵ بوو:

- مەلا قسەی قۆڕ مەکە! کوا پیاوی وا گەورە و زانا؟

- گاڵتەم کرد، بمبخشە!

زەبیحی خۆی تێک نا لە شامەوە بڕواتەوە. منیش هاتمەوە ماڵ، شڕە و بڕەمان پێچایەوە کە بڕۆین. ڕەمۆی شیووعیم لێ پەیدا بوو:

- سەیدا! بە هیچ بارێکدا ڕازی نین تۆ بەجێمان بێڵی. تۆ زۆر بۆ ئێمە بە فایدەی!

- کاکە هەر بۆیە دەڕۆمەوە تا بزانن من جاسووسی نووری سەعید نەبووم...