هەواڵی فستیواڵ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  763 مشاهده

عەزیز شەریف کە لە مۆسکۆ گەڕابۆوە، لە ماڵی ڕەوشەن خانم بە سرتە پێ گوتم: «لە مۆسکۆ بە دزییەوە مەلا مستەفام دیوە؛ گوتوویە هەژارم بۆ ماچ کە و سڵاوی منی پێ بگەیەنە». پاش یازدە ساڵ، ئەوە هەوەڵ جار بوو خەبەری بارزانی بزانم.

نەجیب خەفاف لاوێکی عێراقی کە چووبووە مۆسکۆ گێڕایەوە(وەباڵ بەستۆی خۆی)گوتی: چووینە لای نازم حیکمەت، گوتمان: چۆن وابکەین زۆر لە لاوانی دنیا کۆ کەینەوە و دەردی خۆمانیان بۆ بڵێین؟

- ئەوە لە ملی من. من دەعوەتی گشتیان دەکەم. خەرجیش دەخەمە سەر لاوانی شۆرەوی. ئێوە چیتان دەوێ بڵێن، بۆشتان تەرجەمە دەکرێ.

سەری وەخت، سەعات چواری ئێوارە، پتر لە پێنجسەد کەس نومایندەی دەستەجاتی ڕووسیا و نامۆ و لاوەکی لە ساڵۆن کۆ بوونەوە. چاوەنۆڕین مام جەلالی سەرۆکمان تەشریف بێنێ قسەیان بۆ بکا. چارەگێک ڕابرد نەهات؛ نیو سەعات پێ چوو نەهات. نەخێر هەرچی تەلەفۆنمان کرد پەیدا نەبوو کە نەبوو. نازم حیکمەت ڕووی کردە میوانان:

- من کراومە وەکیلی کوردەکان قسەتان بۆ بکەم.

تێری هاواری کورد کرد. زۆریان بۆ لە چەپڵە دا. یەک لە قسەکانی ئەوە بوو: «من کە بە کوردستانی ئازاددا نەچمەوە تورکیە، لام وایە تورکیە دەوڵەت نییە و بۆنی ئازادی نەکردووە...».

میوان بەڕێ کران و هاتینەوە مەنزڵەکەمان. شەو درەنگێک جەلال هاتەوە.

- لە کوێ بووی؟

- کارم هەبوو!

- کاری لەوە گرینگترکە نەهاتی چییە؟!

- کارم هەبوو، بڕایەوە!

کەوتینە پێ و شوێنی ئەو کارە گرینگە. ڕوون بۆوە جەلال لە ئاسانسۆردا موهەندسێکی مێوینەی دیوە. بوونە ئاشنا و لای داوەتە ماڵی ئەو؛ لە کۆبوونەوە خۆی بواردووە. نازانم نەجیب درۆی دەکرد یان نا؟ خوا دەیزانێ...

زەبیحی هاتە جزیرە گوتی: دەمەوێ سەرێک لە عێراق بدەم؛ بزانم بۆ پارتی هیچ نەشرە و مەشرەمان بۆ نانێرێتە شام.

- مەچۆ، خەتەرە.

- نا مەلا! مەلا عەلی کولتەپەیی لە جوابی تێلگرافمدا گوتوویە بشیەی قەیناکا. جاران هەر بۆی دەنووسیم نەکەی بێیەوە.

زەبیحی لە مووسڵەوە تێلگرافی کرد: «ماری لە بیمارستان زا». خوا شوکور بە سەلامەتی گەیشت. پاش شەش ڕۆژ سەر و کەللەی پەیدا بوو:

- مەلا خراپ قەوما! چوومە ئوتێل لە کەرکووک. پیاوێک بردمییە ماڵە خۆی. پۆلیس ڕژابوونە ئوتێل من بگرن. نازانم چۆنیان زانیبوو. بەپەلە لە ڕێی مووسڵەوە هاتوومەوە.

- ئەدی ئەو نەعلە قۆڕە چییە دە پێتدایە؟! کوا کەوشەکانت؟

- شەو لە ماڵی عەرەبێکی چۆڵی میوان بووم. بەیانی گوتی: «چون دڵت قبووڵ دەکا مامت پێخواس بێ؟ ئەو کەوشانەم دەیە!»، نەمدابا دەهات لە ڕێ دەیکوشتم!

- ئافەریم بۆ کەرەمی عەرەب!...