بەشی کوردی لە ڕادیۆ قاهیرە و ڕادیۆ کوردیی کرماشان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1023 مشاهده

بە هەر فڕ و فیشاڵێک بوو، ئەو دووانە گوتیان فکرێ باشە. فوئاد چاوی بە «سدیق شەنشل» و «فایق سامرایی» کەوتبوو کە عێراقی و دۆستی ناسر بوون و دەگەڵ عەزیز شەریف دەچوونە قاهیرە. خواوڕاستان تیری کوێری گرتی. بەشی کوردی لە ڕادیۆ قاهیرەوە کرایەوە. ئەمجار خەیاڵمان کرد کە ڕەنگە شای ئێرانیش لەبەر ناسر کێچی بکەوێتە کەوڵی و ڕادیۆی کوردی دامەزرێنێ.

ماوەیەکی پێچوو ڕادیۆ ئێران گوتی: «لەسەر مەنوویاتی شاهەنشا، ڕادیۆی سەد کیلۆ واتی لە کرماشان دادەمەزرێ، کوردی لەسەر بڵاو دەکرێتەوە».

شەوی دەست پێکردنی ڕادیۆ، گوێمان بە ڕادیۆوە نووساندووە بزانین دەڵێ چی؟ ئایەتوڵڵا مردۆخ بە وتارێک کردییەوە، کە ئەگەر عەرەبییەکەت لێ بژاردبا، فارسییەکەی ڕووت دەمایەوە و دوو سێ (کرگە) و (بووگە)ی تێدا بوو. لە قسە و گۆرانییەکانی تریش هەر کوردە و دەمی خوار دەکاتەوە تا وەک فارسی بچێ. بەداخەوە...

نامەیەکی بڵندباڵام لەوبارەیەوە نووسی کە: «بابە هیچ کوردێک دەو زمانە دەناو فارسی هەڵشێلدراوە ناگا. بە هەزاران لە کوردی سووریا چاوەنۆڕی مەرحەمەتن، ئێوە هیچ نەبێ گۆرانییەکان با کوردی بن و مەیانگۆڕن. ئیمزا: موحسین ئێراندوست». پاش چەند شەوێک ڕادیۆ کرماشان لە باسی نامەی گەیشتوودا گوتی: «ئاغای موحسین ئێراندوست! نامەکەت گەیشت. دامان بە لیژنەی تایبەتی...».

نامەیەکم بۆ «سەعید قەزاز» نووسی کە وەزیری داخلەی عێراق و کوردێک بوو، کە: «فڵان! من بیستوومە دەڵێن کوردێکی بە شەرەفی. ڕاستت دەوێ باوەڕم نەکردووە؛ چونکە بەردەستەی نووری سەعیدی. ڕادیۆ بەغدا لە پەستا جنێو بە ناسر دەدا؛ قەت جارێک ناڵێ ئەو کوردانەی سووریا چەند بە دەستییەوە زەلیلن؛ ناوێرن گوێ لە ڕادیۆی کوردی بگرن؛ سەفحەی کوردی لیدەن. لەباتی ئەوە باسی وشتر بکەن، باسی ئەوەش بکەن کە زۆر کاریگەرە و ئابڕووی ناسری پێ دەچێ. ئەگەر ئەوە بکەی باوەڕ دەکەم کە شەریفی. ئیمزا: بابەکر». لەسەر پاکەتەکەم نووسی: «خسووسی». لە بێرووت خستمە پۆستەوە. وا بزانم پێی گەیشتوو؛ تەئسیریشی ببوو. چونکە زۆر زوو بەغدا لەسەر کوردی سووریا، ناسری وەبەر حەملە و جنێو دا.

فشار تا ئەندازەیەک لەسەر کوردەکانی جزیر سووک بوو. بەڵام لات وانەبێ ئەو نامانەم بە تەنیا کردووە. زەبیحی و من وەک مەلا شێخیان، دوومان بە یەک پیاو حیساب بووین.

جەلال تاڵەبانی و دەستەکەی لە مۆسکۆ گەڕانەوە. گلەم لێ کرد کە بۆ چی لەسەر ڕادیۆ مۆسکۆ وتاری بە عارەبی داوە و بە کوردی نەبووە.

- ڕێگەی کوردی خوێندنەوە نەبوو؛ بەڵام وامان کرد، وا بچێ، زۆرمان خزمەت بە کورد کرد...

- کاکە نووسراوەکەی ئێمەت دا بە کێ؟

- ئای بەخودا لەبیرم چوو! ئێستاش هەر لە چەمەدانەکەم دایە!

- دەکرێ بیدەیەوە بە خۆم؟

- بۆ چیتە؟

- وەسیەت دەکەم دەگەڵمی دە قەبر خەن! ئێمە ئەوەندەی پێوە ماندوو بووین، تۆ لەبیرت بچێ!...