حوکمی ناسر دەگەڵ کوردی سووریا
وەک هەمیشە ئیعلان کرا: سەدی نەوەد و نۆ و نۆ لە دە (٩٩.٩%) ناسریان هەڵبژارد!
حوکمی ناسر زۆر دەگەڵ کوردی سووریا خراپ بوو. تەنانەت لێدانی سەفحەی کوردی لە قاوەخانان قەدەغە بوو.
ترس و لەزر پەیدا ببوو. خەبەر داکەوت پۆلیس دێهات دەگەڕێن بۆ کتێبی کوردی و هەرچی باسی ئازادی کورد دەکا. ماڵە حاجۆ نیگەران بوون کە تووشی هەرایەک بن. گوتم: «ئەو جۆرە کتێبانە مەسووتێنن، دەیانبەمە ماڵە خۆم. ئامادەم ساڵێک لە پێناویاندا زیندان بکێشم. بەو شەرتە کۆمەڵە مەجەللەی هاوار، کە دە بەرگ گیراوە، بیدەن بە خۆم». نابێ، دەبێ، سەودا سەری گرت. کتێبم هێنانە ماڵ، لەسەر تاقە ڕیزم کردن. ژنێک هات گوتی: «خێزانی حەسەناغا دەڵێ ئەگەر شتێکی وای هەیە لە فەوتانی دەترسێ بۆم بنێرێ من دەیشارمەوە». دەفتەری شیعران و دەفتەرێکی یادداشتی عومری خۆم نارد. پۆلیس بە دێ وەربوون؛ ملیان لە پشکنین نا. بەڵام بۆ تووتن بوو؛ نە بۆ کتێب. هەر ئەو ڕۆژە بارانێک باری، سیڵاو هات، ئامانەتییەکەی منی برد؛ کە ژنی حەسەناغا لە دەم کەنداڵی چەم شاردبووینییەوە. مەجەللەکە بوو بە ئی خۆم؛ بەڵام ڕۆژێ کە بەرەو بەغدا دەهاتمەوە، بۆم بردنەوە، گوتم: حەیفە لە کتێبخانەکەی خۆتاندا نەبێ.
تا ئەوەشم لەبیر نەچووە: جارێک زستان، لە شام، لە کۆڵانێک تووشی دوکتور ئەحمەد عوسمان هاتم. بەفر دەباری. گوتی هەر دەبێ شەو میوانم بێ. لە ڕێگەی چوونەوە ماڵدا، زۆری گۆشتی برژاو کڕی و چوار بوتڵیش شەراب.
- ئەحمەد، ئەوی تۆ کڕیت بەشی چوار کەس پترە.
- قەیناکا.
کە سەرم بە ژووردا گرت: جەمال حەیدەری، ڕەئیسی حیزبی شیووعی عێراقە، کە ڕقی زۆری هەمیشە لە ناوی کورد و کوردستان بووە. دانیشتین. بە کوردی قسەی دەکرد! لیوانێکی شەراب خواردەوە، ڕووی کردە من:
- کاک هەژار! تۆ دەبێ شیعری باشمان بۆ بڵێی. ئەوانەی تا ئێستا نووسیوتن باش نین. باسی کۆریا و دنیای دەرەوە بەکارمان نایە. باسی کودایەتی، ئازادی کوردستان بنووسە!!
بێدەنگ لینگم تا پشت ئەژنۆم هەڵکرد، ڕاست بوومەوە و تفە دەستێکم کرد.
- بۆ کوێ؟ چ دەکەی؟
- کاک جەمال! نامەخوا بە پیاڵەیەک شەڕاب ئەوەندە کەوتوویە سەر میللەت پەروەری، بەخوا وا نەکەم ناتگەمێ!
لە شام دەگەڵ زەبیحی کە هەمیشە فکری قۆڕ و خەیاڵ پڵاومان دەکردەوە «فوئاد قەدری»مان دیت. چووینە لای عەزیز شەریفیش کە حقووقی و چەپییەکی بەناوبانگ بوو، زۆرمان بۆ ڕستن: « ناسر ئەوەندە دژی نووری سەعید و پەیمانی بەغدایە. شەش ملیۆن کورد لە عێراق و ئێرانە، ئەگەر ئەوان لە خۆی دڵخۆش کا و دنەیان بدا، چاکترین چەکی بە کار بردووە...».