بێنە چوارسەد و چل و چوار لیرە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  825 مشاهده

چەند ڕۆژێ دوای گەڕانەوەمان لە سەفەری ئورووپا، نامەیەکی زەبیحیم بۆ هات:

«برا دەوڵەت بە چۆرت حیسابی کردووە سینەم و من و تۆ هەر یەک چوارسەد و چل و چوار لیرە و دە قرووش قەرزدارین کە بۆمان خەرج کراوە! خانمی دایکی سینەم کە مودیر مەدرەسەیە - قەرارە بە ئەقسات بیدا. ڕۆژێک بردیانمە ئیدارە: یان پووڵ بێنە یان بچۆ زیندان. لە ناو مقۆمقۆی هاتوچۆکەراندا فیزماڵکم دایە و خانووەکەم گۆڕی و خۆم دزییەوە. تۆش ئاگات لە خۆ بێ...».

چوار مانگێک بە سەردا ڕابرد. لەبەر دەرکی قاوەخانە دانیشتبووم؛ سێ پۆلیس و ئەفەندییەک هاتن. پۆلیسەکان چوونە قاوەخانەی ئەوبەری جادە. مەعموور هاتە لای من. کورد بوو؛ گوتی من کوڕی فڵان کەسم.

- ئای چۆنی؟ چاکی؟ باوکت چۆنە؟!

- ئەرێ سەیدا تۆ قەت چوویە ئەڵمان؟

- چۆن نەچووم؟ ئای خودا ئەو سەر چۆمی ڕاینە و ئەو باد...

- سەیدا بەر لەوە باسم بۆ بکەی، ئەوە دوو مانگە لە شوێن تۆ بەو سێ پۆلیسەوە دێ بە دێ دەکەم. کەس نەیگوت عەبدوڕەحمان حەسەن دەناسم. هەر نووسیومە جێگای مەعلووم نییە. بێنە ئێستا چوارسەد و چل و چوار لیرە و دە قرووش نەغد بخە مشتمەوە. خۆ من دڕام هێندەی لێت بگەڕێم!

تاسێک بردمییەوە. ئای خوایە چۆن پێوە بووم!

- برا با پێت بڵێم: بەخودا جگە لە هێندێک ساوار و ئارد شک نابەم، ناچاری دەبێ بمگری و حەبسم کەی کە ئامادەم. بەڵام ڕەنگە باوکت کە شەوێک لە گوندی (حاجی ڕەشک) میوانی بووم دڵی لێت بڕەنجێ. ئیتر خۆت دەزانی!

بڕێک داما:

- دە باشە تەبلیغەکە ئیمزا کە با من خەلاسیم بێ.

- جا ئەگەر ئیمزای کەم یانی ها وەرن بمگرن! فەرقی چییە؟

- ئەدی چار چییە؟

- چار هەر ئەوەیە بنووسە نەمدیتەوە و ببڕیتەوە.

- باشە خۆم ناخەمە بەر نەحلەتی باب و دایکم. خواحافیز!

ئینتخابات بۆ ناسر دەکرا. عەبد، مودیر پۆلیسی تربەسپی هات:

- وەرە هەڵبژاردنێ.

- بەخوا نایەم!

- پێناسەکەم دەیە بۆت مۆر کەم دەنا لە کار دەکەوێ.