یەکگرتنی میسر و سووریا: دەقورچەقینی هەواڵی خالید

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1072 مشاهده

حیزبی شیووعی لە سووریا زۆر بەهێز بوو. پیاو لای وابوو دەتوانن حوکم بگرنە دەست. باسی یەک بوونی سووریا و میسر پەیدا بوو. حیزبی شیووعی هەموو تەبلیغاتی خۆی بۆ سەرگرتنی ئەو کارە تەرخان کردبوو. چەند مانگ هەموو ڕۆژ لەسەر یەک، وتاری سەرەکی ڕۆژنامەی (نور) کە ئۆرگانی حیزب بوو، بەتاریفی ناسر و یەکییەتی پڕ دەکرایەوە. یەکییەتی سەری گرت. ناسر لە جوابی تەبریکی خالید بەکداش سوپاسگوزاری کرد. عەبدولحەمید سەراج کە کوردیکی شامی بوو، کرا بە وەکیلی ناسر لە سووریە. عەبدولحەمید ئەوپەڕی هاوکاری دەگەڵ خالید بەکداش دەکرد. پیاوی دەوڵەت بە وڵاتدا دەگەڕان، ئەندامی گەورەی حیزبیان دەگەڵ بوو: «هەر ڕەعییەتێک دۆستی شیووعیانە زەوی دەدەینێ و بە کەسی تر نادرێ». هەر کەسێ بە شیووعی ناسێنرابا، ئادرەس و دوو عەکسیان لێ وەردەگرت. لە هەموو شارانیش بەو ئارایە ناسران. لەپڕ لە نیوەشەوێکدا بچن خالید بەکداش بگرن. لە ماڵ نەبوو؛ وەبەر نەهات. هەرچی دەنکە جۆیەکی بە خالید پاشا دابوو، گیرا و لە زیندان تووند کرا؛ مەگەر ئەوانەی کە توانیبوویان هەڵێن و خۆ بشارنەوە.

پاش نیوەڕۆیەک ڕەمۆ خۆی بە ماڵە مەدا کرد و هەر لەڕێوە ملی لە جنێودان بە ناسری فاشیستی پیاوی ئیستیعمار دا.

- ڕەمۆ گیان! شتی وا مەڵێ. ناسر پیاوی چاکە. ئەگەر باوەڕ ناکەی ئەوە پەنجا ژمارەی نوور، بزانە چۆنی باس دەکا؟!

جەمیل حاجۆ لێ پرسیم: شیووعی زۆر بەهێز بوون. دەیانتوانی یەکییەتی تێک دەن. خالید بەکداش بۆ وای کرد تا وای لێ بێ؟

گوتم: دەڵێن هەتیوێکی زۆر بەدفەڕ دوعای دەکرد: «دایکم بمرێ، باوکم ژنێکی حیز بێنێ؛ منیش پێی فێر دەبووم». باوک مرد، دایکی مێردی بە هەتیو بازێک کرد فریای هەردووکیان دەکەوت! بەکداش سووریای پێ کەم بوو، خەیاڵی کرد ئەگەر میسر بکەوێتە سەر سووریە، حاکمەتی سووریە و میسر زۆر باشە. بەڵام ئیتر...!

زەبیحی لە شام لێیان وەخۆ کەوت. نامیلکەیەکی بە ناوی (کوسمۆپۆلیتیە) بە زمانی عەرەبی دەرکرد. بە قەولی عەرەب «قوڕەکەی تەڕتر کرد». زەبیحی گوتی: «ڕۆژێک چوار کۆمۆنیستی تۆپیوی پایەبەرز هاتنە لای ڕەوشەن خانم، گوتیان: خالید بەکداش دەڵێ ئەو نامیلکە، خانم نووسیویە و بە ناوی زەبیحی دەرچووە؛ گلەیی لێ دەکەم. خانم بە کاموا چنینەوە گوتی: بە هەواڵی خالید بڵێن من نەمنووسیوە. ئەگەر ببیسمەوە گلەیی لێم هەیە، بەڕە لەسەر هەتیوان لا دەدەم، زەرەر دەکا، هەواڵ خالید وست بوو؛ بەڵام ئێستاش نەیگوت چۆن ڕازێکی لە لایە و نایدرکێنێ...».

شیووعییەکانی قامیشلی بە ڕواڵەت دۆستم بوون. لە بنەوە بڵاویان دەکردەوە کە هەژار جاسووسی نووری سەعیدە. شەوێک لە ماڵ دەرکەوتم، تووشی کوڕێکی ماڵە حاجۆ بووم. سەرخۆش بوو؛ گوتی:  «جاسووسی نووری سەعید! لێرە بمێنی دەتکوژم». دەنگم نەکرد؛ گەڕامەوە ماڵ و نەچووم بۆ دیوەخان. کابرایەک بانگی کردمە دەرێ. هانکەی دەهات و زۆر پەرێشان بوو: «سەیدا بگەیە. ئەمشەو حوسێن دەکوژن و دە چاڵێکی دەخەن». حوسێن هەر ئەوە بوو کە هەڕەشەی لێ کردم. غارم دا. خستبوویانە ناو ژوورێکی لای ماڵێ. گوێم لێ بوو بابی دەیگوت: «ئابروومان بۆ نەما! تۆ هەڕەشە لە میوانی غەریبی ئێمە دەکەی؟!». پاڵم بە دەرکەوە نا: «بیکە بە خاتری خودا! من هیچ دڵێشاوییەکم نییە»، تا حوسێنم خەلاس کرد زۆر بە زەحمەت. ئەمجار دەگەڵ حوسێن وا ببووینە دۆست، ئاومان بێ یەکتر نەدەخواردەوە.