لە قامیشلی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  844 مشاهده

شەوێک لە قامیشلی میوانی حاجی میرزا بووم؛ ئەحمەداغایەکی کۆنە ئەفسەری عوسمانی زۆر قسە خۆشیش میوان بوو. شەو جێگەیان لەبەر هەیوان بۆ ڕاخستین و زۆر درەنگ نوستین. تەواو چاوم گەرم نەکردبوو، بە زیڕەی چوار میکرۆفۆنی مزگەوت ڕاپەڕیم. ئەحمەداغا دانیشتبوو جگەرەی دەکێشا، گوتی: «با چیرۆکێکت بۆ بێژم: ماڵم لە گوندێک بوو. مجێوری مزگەوت سەید بوو؛ کەرێکی هەبوو کۆڵووی لێ بار دەکرد، هەر لە ئێوارەوە یەک بین دەیزەڕاند تا بەیانی. جیرانێکم هات گوتی: تۆ پیاوێکی دنیا دیدەی، لەبەر زەڕەی کەری سەید خەوم لێ حەرامە، چارێک بکە، دڵی سەیدیش نەیەشێ.

- بە دزییەوە سەری شەو هێندێک ڕۆنی کەرە بخە ناو قنگی نێرەکەرەوە؛ حەقت نەبێ.

بیان زوو، سەید هات: ئەحمەداغا کەرەکەم مایەی ژیانمە، دەنگی نووساوە، دەخۆی دەنووسێ بزەڕێ، لەپڕ نووزەیەکی دێ و پەشیمان دەبێتەوە؛ چم لێ دەکەی؟

- مام سەید، ساڵێک لە لای قارس و بایەزیدان کەران تووشی ئەو نەخۆشییە بوون؛ قڕانیان کرد. ئاوی ئەم دێیە بۆ نێرەکەر دەس نادا، ماکەرێک بکڕە و ئەمە بفرۆشە تا نەتۆپیوە!

ئیتر خەڵکی دێم لە زەڕەی کەر نەجات دا!».

پەنجا کەسێک لە کوردە شیووعییەکانی جزیرە، سەرو شەشسەد لیرەیان دابوو، دەگەڵ کاروان خرابوون و چووبوونە مۆسکۆ. هەر ڕۆژی هەوەڵ لە مۆسکۆ قسەیان بۆ کردبوون:

- فەرمانی هەواڵی خالیدە: هیچکەس نابێ بڵێ کوردم. دەبێ ئێوەش بەرگی عارەبی بە عەگاڵ و کراسی شۆڕەوە دەبەر کەن و بڵێن عەرەبی سووریاین. هەرکەس خیلاف بکا دەری دەکەین.

ئەوانە کە گەڕابوونەوە بە تاڵی و قەڵسییەوە گلەییان لە حیزب دەکرد. کە خەبەری سەفەرەکەی زەبیحی و منیشیان زانیبوو، گلەیی بن لێوان تەقیبوو؛ ببووە هەرا و لۆمەی بە ئاشکرا. حیزبیش وەک زۆربەی حیزبە شیووعیەکانی تر، لە هەر کەسێ گلەیی ببیستایە کڵیشەی جاسووسی پێوە دەنووساند و دەیگوت پیاوی ئیستیعمارە؛ دۆلاری دە باخەڵدایە. دەس کرا بە پا کردنەوەی حیزب لە ئەندامانی گلەکەر. زۆریان دەرکرد. تەنانەت ئاراکێلە ئەرمەنییە قوڕبەسەرەکەش وەبەر کەوت. دەرکراویش وەخۆ کەوتن. لەو دشتەدا ڕاویان لە شیووعیان دابەشی. لە هەرکوێ بیانگرتبان دووچەرخەیان لێ دەستاندن و تێری زگیان پێلاقە دەکردن. لە دێهات نانیان نەدەدانێ. خولاسە ببووە ڕاوە بەراز.

ئێوارەیەک لە قامیشلی رەمۆی بەرپرسی لێژنەی قامیشلی بە تکا بردمییەوە ماڵ کە شیو بخۆم. دەستی کرد بە جنێودان بەوانەی دەگژ حیزب ڕاچوون:

- نە هیچ دەدەن، نە دەهێڵن گەنم بۆ ئابوونە کۆ کەینەوە.

- هەواڵ ڕەمۆ! ئەگەر کوانێک لە پێست بێت، دوکتور خوێنی نەخۆش دەزموێ، بزانێ لە دەروونیدا چی هەیە کە بۆتە مایەی کوان و زیپکە. ئەوانەی دەرتان کردوون هەموویان ئەندامی خۆشەویستی خۆتان بوون. قەت بیرتان نەکردەوە کام سەهومان هەیە؟ نەخۆشییەکە لە کوێوەیە؟ کەچی هەر ماکسیەتەکەی خۆتان دەڵێ قەزا و قەدەر درۆیە؛ هەرکەس بە غەڵەت نەچی، تووشی بەڵا نابێ. ئێوە هەزار کەستان کردە پیاوی ئیستیعمار، ئەگەر هەر یەکەی دوو خزمیان هەبێ ئەوە بوونە سێ هەزار. سێ هەزار دەرکراوی دۆلار وەرگر حیزبێکی بەهێزە و بەربەست ناکرێ.

- زۆربەیان لەسەر تۆ بە کژماندا هاتوون. لایان وایە خەتای ئێمەیە نەگەیشتوویە مۆسکۆ.

- من دەربارەی ئێوە هیچم بە کەس نەگوتووە. هەر گوتوومە ویزەکەمان تەواو نەبوو. ئەگەر ئەوان ئەمەشیان کردۆتە مایەی گلەیی خەتایەکم نییە.

- دەجا چارێک بکە!

ئاغا قۆچ بەگ دەیگوت دەگەڵ یەکێک شەڕمان کرد؛ شەقێکم دەبەر زگی هەڵدا. شەو دایکی هاتبوو؛

- قۆچ بەگ گیان! کوڕەکەم تڕی پێوە بەند نابێ، عیلاجێکی بکە!

- بۆ دایکم من دوعام لێ کردووە؟ جێ شەق چۆن بە من چارە دەکرێ؟!