کەوتنی مەلا عەلی کولتەپەیی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  737 مشاهده

پیاوی ئەمن، زەبیحی و منیان دیتەوە. گوتیان جاسووسێکی زۆر گەورەی سەر بە ئینگلیسمان گرتووە؛ ئیقراری کردووە کە حقووقی هەموو جاسووسانی ناو کوردستانی عێراق بە دەست ئەو بووە. بەڵام دەڵێ من زۆرم پیاوەتی دەگەڵ پیاوانی باش کردووە و لە گرتنم ڕزگار کردوون. بڕۆن لە زەبیحی و هەژار پرسن تا بزانن من ڕاست دەکەم. جاسووسەکە ناوی «مەلا عەلی کولتەپەیی» و خەڵکی سلێمانییە. ئای نەگبەت! مەلا عەلی برای گیانی گیانیمان کە هەموو سوڕی خۆمان پێ دەگوت، دیارە چی کردووە. خەبەری داوە دەتانگرن، هەر خۆی دوای ڕۆژێک و دوو ڕۆژ بە گرتنی داوین! دەرکەوت ئوتێل پشکنی کەرکووکیش، هەر فیتی ئەم برا خۆشەویستە بووە کە زەبیحی بگرن! «کاکە بڕۆن! نە شایەتین، نە دەیناسین». نزیکەی ساڵێکیان گرت و بەریان دا. کەچی لۆر لۆر بە زمانی لووس، خۆی کردەوە برادەرمان!

سەفارەتی بریتانیا لە لایەن حەشامەتەوە داگیر کرابوو هەیکەلی(مۆد)شکێنرابوو؛ کەغەز ماغەز و پەروەندە سووتێنرابوون. پتروس ناوێکی ئەرمەنی نامەیەکی دیبوو ناوی منی تێدایە، بۆی هەڵگرتبووم. کە چوومەوە بەغدا بۆی هێنام. گوزارشێک بوو بە سەفارەتی ئینگلیس درابوو:

«هەژار کە لە ئێرانەوە هاتووە، ناوی عەزیز قادرە و دووکانی لە فڵان شوێنە؛ زۆر خەتەرە. ئیمزا: عەبدوڵڵا». گومانم پەڕییە سەر چەند عەبدوڵڵا ناوێک؛ ئێستاش بۆم ساغ نەبۆوە کێیە. مەلا عەلی گوتی من نەبووم و باوەڕیشم پێ کرد.