لەسەر کەشتیی «لیدیا»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  818 مشاهده

بەیانی چووینە سەر کەشتی. زەبیحی هەر لێم دەڕوانێ و بزەی دێتێ.

- چییە؟

- مەلا! حەبی گێژ نەبوونم بۆخۆم کڕیوە؛ تۆ نیتە با گێژ بی!

کەشتییەکەمان ناوی «لیدیا» بوو؛ یۆنانی بوو. بڵیتمان دەرەجە دوو بوو. تەختی خەومان دوو تەبەقە لەسەر یەک بوو. چەقە و هەرای ژنە یۆنانی و ئیتالی مێشکی سەری دەبردین. بۆ چاو لێکنانێکیش زمانیان لە کار نەدەکەوت. زەبیحی دەیگوت: «مەلا! ئەوە دەرەجە دوو نییە، دەرەجە گووە!». بەڵام خواردنمان لە ساڵۆنی گشتی بوو؛ زۆر باش بوو. ڕۆژی دووهەم تازە تاو هەڵدەهات؛ دیتم زەبیحی لە سەربانی کەشتی چاوی سوور و دەرپەڕیوە؛ دەڵێی بزنە و شەڕە شاخ دەکا! لاو لا دەتلێتەوە؛ سەرەگێژەی بەحری گرتووە.

- حەبەکانت بخۆ سەگم تێ ڕیاندن!

نەخێر حاڵی شڕە. نانی نەخوارد.

- بچم شووتیت بۆ بێنم؟

- کوا دەتدەنێ؟

چوومە ئاشپەزخانە. خوا شوکور سەدی شێستی یۆنانییەکانی سەر کەشتی تورکی دەزانن. لەتە شووتییەکی گەورەم هێنا.

- مەلا ناخۆم!

- چاتر!

لەبەر چاوی ئەو قرتەم لێ بڕی! تا دوو ڕۆژ سەرگێژە بەری نەدا.

بەیانییان کابرایەکی خاولی حەمامی سپی بە کڵاو دەبەر، لەسەر مێزی نان خواردن دەهاتە بەرامبەرمان. دیار بوو دەبوو لاسای پادشای مەراکیش بکاتەوە. سەفیری مراکیشە بۆ سووریا دەچێ. عەرەبی نازانێ، چەند کەلیمەیەکی کۆنی مەلایانە پەڵخوڕ دەکا. دەیەوێ بمدوێنێ تا فێرە عەرەبی قسە کردن ببێ. بەزمێکمان بۆ ساز بوو، مەپرسە. جنێوی کوردیم بۆ تێکەڵ بە عارەبی دەکرد؛ هەر دەیگوت: «ئینشائەڵڵا». تەنانەت جارێک گوتم: «راسەک بە قوونگم!»، گوتی: «ئینشائەڵڵا!».

دەستە منداڵێکی شەل و سەقەتی ئاتینی دەگەڵ مامۆستاکەیان هاتبوونە سەیران و گەڕان. یەکێکیان تۆزێک تورکی شەق و لەقی دەگوت. لەباتی (ها، ئا) دەیگوت (خی خی!) ببووینە هەواڵ. دەیپرسی:

- فڵان شت بە تورکی چییە؟

- دەمگوت: من زمانی یۆنانی کۆن دەزانم!

- وەک چی؟

- تەرسە کوڕولەی مامی خۆت!

- سەعاتێک ماندوو دەبوو فێری بێ. دەچووە لای مامۆستاکەی:

- پرۆفسۆر! تەسە کولومە خۆی! گریک؟

- نا.

دەهاتەوە: «نۆ گریک!». دەرسێکی دیکەم پێ دەگوت. پێکەنینمان ساز دەکرد.

بەیانییەک سەیری دەریام دەکرد، لە ناخافڵ یەکێ گوتی: «یا خەڕا!» ( بە یۆنانی لەجیاتی ڕۆژ خۆشە؛ بە عارەبی یانی: هەی گوو!).

گوتم: یا خەڕا و نیو!

هەواڵەکانم گوتیان تۆڵەی هەوەڵ و ئاخری لێ کردییەوە!

لاوێک هاتە لامان. بە دەنکێک عەرەبی و دوو دەنک ئیسپانی دەڵێ: عەرەبی حەڵەبم. سی ساڵم عومرە. سێ ساڵە لە کاراکاسم. پازدە هەزار دۆلارم پەیدا کردووە. عەرەبیم لەبیر چۆتەوە. توخوا بە خێری خۆتان فێری عەرەبیم کەنەوە؛ سی سی!

- سی سی گیان! بە سێ ساڵ زمانی بیست و حەوت ساڵەی دایک و بابت لەبیر بردۆتەوە؛ ئێستا چۆن بە شەش ڕۆژ و حەو ڕۆژ فێری دەبییەوە؟ لە پووڵ پەیدا کردن وا زیرەک، لە زماندا وا دەبەنگ؟!

- سی سی، سەهیح!

دەگەڵ یۆنانییەکی ئاتینی، پیرەپیاوێک، بووینە ئاشنا.

- تۆ ناوت چییە؟

زەبیحی گوتی: ناوی حاجی عەبدوڕەحمانە!

بە ترکی قسەمان دەکرد؛ لێکی دەهاڵاند. بەزمی وا خۆش نابێ. قەدەرێک مات بوو، گوتی: ئەرێ حەیوانێک هەیە زۆرم پێ جوانە، عەکسەکەیم بۆ بنێرە.

کام حەیوان؟

ناعیلاج دەستی لە جێگەی گوێوە هەڵێنا و لەقاندی. گوتم: ها، ئێشەگ!

- بەڵێ بەڵێ دیتتەوە!

- بەسەر چاو! شکڵی خۆت و بابت بۆ دەنێرم!

سەد جاری گوت: خاجی ئەبدورەخمان لەبیرت نەچێ!

لە بەندەری پێریەی ئاتین دابەزین. گوتیان هەشت سەعات کەشتی ناڕوا. لە ئوتووبووسێکمان پرسی:

- ئەتینا؟

- بەڵێ ئەتینا.