تا جواب لە شام بێتەوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  812 مشاهده

سەفیری سووریا جارێکی تریش سەرو بیست مارکی داینێ. چەند ڕۆژ بوو هەر دەیگوت دوو جارم نووسیوە، جوابی شامم بۆ نەهاتۆتەوە. تەنانەت گوتی دەترسم خالید بەکداش بۆی تێ چاندبن. بانگی نامەبەری سیاسی کرد: «دەچییەوە شام، بەر لەوە بچییەوە ماڵە خۆت، بچۆ وەزارەتی دەرەوە؛ بزانە بۆ جوابی نامەی ئەوانەیان نەناردووە!». نامەبەر بۆ سبەی ئێوارە هاتەوە؛ یاریدەی ئێمە قبووڵ کرابوو. بە سەفیری گوت: پاکەتەکانت هێشتا هەڵنەپچڕابوون؛ ئەگەر من چووم خوێندیانەوە! سەفیر گوتی: ئەمەش دەوڵەتەکەی من!

ئەو ڕۆژانەی بێکار لەو شارە بووین، کارمان خولانەوە بوو. هەر کەسێکی گەنم ڕەنگمان دەدی: «خەڵکی کوێی؟»، جاری وابوو هیندی دەردەچوون؛ بەڵام زۆر جار ئێرانی دەبوون. یەک لەو ئێرانییانە گوتی: «کورد لێرە زۆرن. عەلی قازی لە سەفارەتە، بێچارە چونکە بابیان عەزیەت داوە مەعاشی زۆر وەردەگرێ!».

ڕستوورانێکی دانشجوویان هەیە لە بۆن، کوردی زۆری بۆ دەچن. با بچین کورد پەیدا کەین. چووینە بۆن. چۆناوچۆن بوو لە پۆلیسێکی ڕاهنماییمان پرسی: «ڕستوورانی دانشجوویان»، بانگی پۆلیسێکی دی کرد، هاتە جێگەی؛ خۆی پێشمان کەوت. دە دەقیقە دوایی لە کۆڵانێک ڕستوورانی نیشان داین و گەڕاوە. سەرکەوتین. لاوێکی فارسمان دی، گوتی کرماشانی هەن و کوردی عەرەبیش زۆرن. لە پشتەوە سەرێکی کەچەڵم دی.

- ئای دیتمەوە، ئەوە ئوستاد شەهابە. ئوستاد شەهاب!

مودیر مەدرەسە بوو لە مەدرەسەی فەیلی بەغدایە. هاتبوو بژیشکی دەخوێند. جەمێکمان دەگەڵ خوارد و هەموو ڕۆژ بە شارا دەیگەڕاندین.

ئەو شارە گەرماوی لێ بوو؛ وەک گڕاوی وڵاتی خۆمان؛ بەڵام هەمووی چاوە چاوە و شێرە شێرە کرابوو. چووین لیستێکیان داینێ: بۆ گەڕی، فڵان. بۆ خوروی هاسان، فیسار، بۆ ئەعساب، فڵان نمرە... زەبیحی گوتی: «من ئاوی لەش خورانەکەم دەوێ». گوتم: «من ئەعسابم تێک چووە، دەمەوێ تۆزێک عاقڵتر بم». دوو نمرەمان نووسی، پووڵەکەمان دا. چاومان لێ بوو هەر لە یەک شێرە دوو لیوانیان بۆ تێکردین!

پاش چاردە ڕۆژ، بادگوزبێرگمان بە سواری قەتار بەجێ هێشت. بە ڕێگەی دەریاچەکانی ناو سویسدا گەیشتینە میلان. لە بانکی ناو ئێزگە پووڵی ئەڵمانیمان بە ئیتاڵی گۆڕییەوە. پووڵە وردەکانیان نەویست. ئەدی چ بکەین؟ گوتم ئێوە زمان دەزانن، بچن لە شوێنێک بیگۆڕنەوە. گوتیان بانک نەیەوێ کێ دەیەوێ؟ با فڕێیان دەین.

- بەشێکم دەنێ بزانم چۆن دەبێ.

چوومە بەر دووکانی دەلاکێک، پووڵم نیشان دا و بە ئینگلیزییە شەق و شڕەکەم شتێکم گوت. کابرا لەجیاتی هەر مارکێک، سەد و بیست لیرەی ئیتالی دامێ. دەستی بڕیبووم! سینەم و زەبیحی گوتیان ئەوی تریش بەرە. خۆم گنخاند: «نەخێر جەنابتان قانوون زانن! بیبەنە بانک یان فڕێی دەن!». ئەویشم گۆڕییەوە. شەو لە ژێنەوا ماینەوە. لە بەینی میلان و ژێنەوا، قەتار وێستابوو. دابەزیم، زۆرم تینوو بوو. دەبوو بە ناو ڕیشاڵ ڕیشاڵی خەتی ئاسندا بپەڕمەوە ئەوبەر، بچم نووشابەیەک بخۆمەوە. وەناو کەوتم، مەعموورێک هەرای لێ کردم؛ دیار بوو دەیگوت لەوێوە مەمنووعە. ڕاوەستام. بە کوردی گوتم: «ئەدی لە کوێ لەسەر گۆڕی بابت بڕیم؟!». ئیشارەی دا کە بڕۆ، قەیناکە!

ژوورێکمان لە ئوتێلێک پەیدا کرد. سینەم ملی لە فینگە فینگ نا. گوتم: «دایکم مەگری، خۆشت بێ و ناخۆشت بێ هەر ئەوەیە. دوو برا و خوشکێک دەتوانن لە ژوورێکدا بنوون و کەسیش بای لێ نەبێتەوە!». ملی لە پێکەنین نا.