بۆنی دیمەشق و بەغدا!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  838 مشاهده

چووینە ئەوسەری شار، داوای بڵیتی تازەیان کرد کە دەگەڕێتەوە. یەخەی بڵیتبڕم گرت، بە ترکی دەڵێم: «کوا ئەتینا؟» ترکیزانێک لە کۆڵ کابرای کردمەوە و قەتاری بەرقی نیشان داین کە بە هاسانی چووینە ناو شاری ئاتن. لە ناو قەتاری بەرقیدا کوێرێک بە کەمانچە ئاهەنگێکی لێ دەدا پیاوی سەرخۆش دەکرد. بیست دراخمەم دە کڵاوەکەی هاویشت. زەبیحی گوتی: وەڵڵا قەرەنیاغا گووی وای نەخواردووە!

- کاکە ئەو مووزیکە پتریشی دێنا...

وەک عاشقێک چەند ساڵ لە یاری دوور کەوتبێ و لەپڕ چاوی پێ بکەوێ، هەر گەشکە بووم:

«ئۆخەی، بڕوانن ئەو هەموو مێشە نازدارە لەسەر دووکانی بەقاڵان حەڵوای بە شەقان دەکەن!». بە هەزاران مێش پێکەوە هەڵدەفڕین. شوکور لە بێمێشی ئەڵمان ڕزگار بووین و مێشی ئاتن بۆنی دیمەشق و بەغدای لێ دێ! بەر لە هەموو شت باقلاوەیەکی ئەستەمبووڵیمان نۆشی گیان کرد.

سوێند خواردن، درۆ کردنی دووکانداران، دیمەشقی وەبیر دێناوە. بەڵام هەموو شت ئەوەندە هەرزان بوو نەبێتەوە. سینەم خان کراسی کڕی و دیاری بۆ دایکی. زەبیحی گیرفانی پڕ کرد لە پاکەتە جغارە. من سەبیلێکی بە جنجڕ فنجڕم بە دوازدە درەخمە کڕی. کابرا، کە دەستی بڕیبووم، دە بەردە چەخماغی بەخۆڕایی دامێ. ئەو سەبیلە لە دیمەشق بە پەنجا لیرە بوو، کە پتر لە دە قات گرانتر دەکەوت. چووینە سەیری (ئاکڕۆپۆڵ). بەڕاستی پیاو سەری لە شارستانییەت و هونەری چوار هەزار ساڵەی یۆنان گێژ دەبێ. لەسەر کەشتی وەکیلێکی دادگوستەری عەرەبی عێراقیمان بوو بە ئاشنا. باسی یۆنانی دەکرد:

- کوڕە ئەو ئەتێنیانە ئەوەندە کەرن نەبێتەوە. من لە ڕستووران داوای هێلکە دەکەم، مریشکم بۆ دێنن!

- چۆن؟

- لە کاغەزێک عەکسی مریشکم کێشا، دام بە گارسۆن.

- دەی جەنابی مامۆستا! عەکسی هێلکەشت لە بن مریشکەکە کێشا و ئیشارەتت لێ دا؟

- جا ئەمەی بۆ چییە؟ ئەو کەرە نابێ بزانێ من چم دەوێ؟!

- بەڵێ، کەری سەیر لە دنیا هەیە!

لەسەر کەشتی سروودێکم دروست کردبوو لەسەر وەزنی: «ئەم جەژنی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە» سەربەندەکەی ئەمە بوو:

ڕۆییم هەتا پلیزنەرۆ، لەولا گەڕامەوە

نەیهێشت هەڕم پڕاگێ، شیووعی لە شامەوە

شەش بەیت بوو باسی ئەو ژیانە گوواویەی دەکرد کە لەو بەینەدا ڕامانبوارد. من دانە دانەم دەخوێندەوە و سینەم و زەبیحی کۆرس بوون، سەربەندەکەیان دەگوت. بەداخەوە هەر سێ بەیتیم لەبیر ماوە؛ ئەویش تێکەڵاو، مەسەلەن:

برلین و دۆشەکی لە هەوا، گۆشت بەرازی پیس
ئاودەستی ناو قەتار و بە پێوە سڕ و قەتیس
«دیدی» بەخۆی و فینف و لە ڕێی گۆدزبیرگەوە
ماڵی سەفیر و جووتە لەسەر تەختی وەرکەوە
میلان و جێنەوا و لەسەر «لیدیا»، لە دێک
ڕووت و ڕەجاڵ و سیس، لە بەریکا نییە درێک

شەو لە دەریادا دیمەنی ئاگر پڕژێنی (سترومپوڵی) بە لامەوە زۆر جوان و تماشایی بوو.