پیاوەتیی سەفیری میسر

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  844 مشاهده

(پاش چەند ساڵ بۆمان دەرکەوت کە «دیدی» داستان نووسە، لە زۆر شوێنانیش بۆتە سەفیری میسر).

شارەکە ناوی بادگودزبێرگە، بەو نیشانە گەینە بەر دەرگای سەفارەت.

- ڕاوەستن جارێ مەچن. چوزانن سەفیر بەعسی سەگباب نییە؟ چوزانن دەرمان ناکا؟ چوزانن ئەگەر بزانێ کوردین هەر بە گرتنمان نادا؟

- دەی سا قوڕی کوێ بە سەردا کەین؟ لەسەر خوا، سەری خۆمان دەکەینە کوتک. دەریشمان کا، لەسەر ڕێگەی ماشێنەکەی ڕادەکشێین! با بەسەرماندا بڕوا.

بە سەد ترس و لەرزەوە زەنگی دەرکەمان زڕاند. ژنێکی ئەڵمانی دەکەی کردەوە. ساڵۆنێکی شان داین، دانیشتین و چاوەنۆڕی چارەنووسین. کوڕێکی عەرەبی حەڵەبی لەوێ بوو؛ دەیگوت: «عەریزەم داوە پووڵم دەنێ ژن بێنم. ئێوە شتوتگارتان دیوە؟»

- بەڵێ.

- نەچوونە سەیری کارخانەی مارسیدس؟

- نەخێر.

- ئای عومرتان بەزایە چووە! کوڕە چۆن پیاو سەیری وا لە کیس خۆی دەدا؟ هەمووی دوو مارکی تێ دەچوو!

هەستم وەبەر شەقی دەم؟! حیزباب ئێمە نان نەبوو بیخۆین؛ شەش مارکمان دابا بۆ سەیری مارسیدس؟!

لەو دەمەدا بانگ کرا، چووە لایەکی تر؛ بوو بە هەرا و جوێن دان بە عەرەبی:

- فڵان فڵان شودە! بۆ سەفارەت گەداخانەیە؟! هەر ڕۆژە چەند دەسبڕی وەک تۆ پەیدا دەبن: «قوربان لێمان قەوماوە، پووڵمان نەماوە»، تۆ بەوەش ڕازی نی، دەتەوێ ژنی ئەڵمانیت بۆ بێنم. هەیدێ لەبەر چاوم گوم بە تا نەمگوتووە بتگرن!