لە سەفارەتی سووریا. «چاکە گوم نابێ»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1209 مشاهده

هەتیو هەڵات. دڵمان کەوتە خرت و پرت. بەخودا ئێمەش بەو دەردە دەچین. کابرایەکی قوڵەخڕەی دەم و چاو چکۆڵەی گرد، کە هیچ پێمان وانەبوو سەفیرە، هات. لەبەری هەڵنەستاین.

- بەخێر بێن!

- سەلامەت بی!

- فەرمایشت؟

- سەفیرمان دەوێ!

دانیشت.

- من سەفیرم، فەرموون!

- جەناب لە بێرووتەوە دەچووینە مۆسکۆ... ئەوە چیرۆکمانە و ناشتوانین بگەینە سووریا.

- هەرسێکتان کوردن؟

- بەڵێ.

- کە وابێ داوای ئیستیقلالی کوردستان دەکەن؟!

- قوربان چۆن شتی وا دەفەرمووی؟

- بۆ چی؟ هەر ئێستا ئەنگۆ سێ و من یەک. ئەکسەرییەت بەنگۆیە!

- ئێمە لێقەوماوین؛ پەنامان هێناوە؛ چۆن تۆ دڵت بڕوا دەدا ئەو تەرزەمان بدوێنی؟

سەفیر گوتی: من جارێک کوردێک لە ئیعدامی نەجات داوم؛ ژیانم لەو کوردەوە دەزانم. هەرچی بۆم بکرێ تەقسیرتان دەگەڵ ناکەم.

- کوردەکە کێ بوو؟ دەکرێ بیفەرمووی؟

هەناسەیەکی هەڵکێشا:

- جەلادەت عالی بەدرخان بوو. خوا ڕەحمەتی لێ بکا، لە چنگ فەڕانسیان هەڵاتم کە حوکمی ئیعدامیان دابووم. دوو مانگ لە ماڵەکەی خۆی شاردمییەوە تا عەفووی بۆ ساندم.

- ئەم خانمە کچی جەلادەت بەدرخانە.

واقێکی بردەوە. بانگی کرد: خانم وەرە دیارییەکیان بۆ هێناوی!

خانم لە پلەکانان هاتە خوار و چاوی بە سینەم کەوت:

- سینەم! شاگردە خۆشەویستەکەم! کام فریشتە تۆی گەیاندە من؟

بوو بە فڵچ و هۆڕی ماچان. خانمی سەفیر لە شام ئوستادی حقووق بووە و سینەم لای ئەو دەرسی خوێندووە. سینەمی برد و ڕۆیی. سەفیر کە ناوی ئیبراهیم ئوستوانی بوو، گوتی: دەزانم بە سینەمەوە زۆر ناڕەحەت بوون. ئەو لە ماڵە من دەبێ. ئێوەش دەنێرمە ئوتێل. لە شام دەپرسم هەرگا بڕیاریان دا کە بتاننێرمەوە، لەسەر خەرجی دەوڵەت دەچنەوە.

نیوەڕۆژەیەکی زۆر سەفیرانەی داینێ. سەرو بیست مارکی نەغدی داینێ کە گیرفان پووڵی بێ و حەقی ئوتێل لەسەر سەفارەت. پاش نیوەڕۆ، بە ترومبیلی سەفارەت چووینە ئوتێلۆکەیەکی خشپیلانە لەسەر لێوی چۆمی (ڕاین). هەر ژوورەی تەختێکی دوو نەفەرەی لێ بوو، هەمووش هەشت وەتاغ بوو. وەتاغێکمان بۆ سینەم گرت کە ڕۆژ لە سەفارەت لای خانمی سەفیر بێ و شەو بە ماشێن بیهێننەوە ئوتێل. ئێمەش لەسەر داوای خۆمان بە ژوورێک ڕازی بووین، بیلامانێ وەک ژن و مێرد لەسەر تەختێک بنووین.

چووین کە لە دووکانێک قەند و چا و نان و پێخۆرێک بکڕین. شووشە شەرابی ئێلزاسی گەردن بڵندی لێ بوون؛ بە چوار مارک. هەرزانە، زۆریشم دەردی ماندوویی و سەرما دیوە؛ یەکێکی دەکڕم.

- نایەڵم بکڕی!

- هەتیو بە تۆ چی؟ لە بیست مارکی خۆمی دەکڕم!

- مەلا ناهێڵم بیکڕی!

- جا ئەوا دەیکڕم؛ تۆ پیاوی ئازای مەهێڵە! شەرت بێ پشتت لە زگت نەرمتر دەکەم! بۆ من منداڵی بەر دەستی تۆم؟!

کڕیم و بە بێ ئەوە یەکتر بدوێنین هاتینەوە ژوورەکانمان و دەنگمان لێک گۆڕیوە. چوومە سەر تەختەکە، پەتوویەکم بەسەر لاقان هەڵکێشا؛ سەری بوتڵم کردەوە. زەبیحی کە لێم قەڵسە، پشتی دە من و ڕووی دە پەنجەرەیە. بە پێوە وێستاوە و بەو دەنگە ناخۆشەی کە دەتگوت میز بە تەنەکەدا دەکا، شیعری حافز دەخوێنێتەوە. ڕووم تێ ناکا؛ لەبەر خۆیەوە؛

- مەلا! هەمووی دەخۆیەوە؟

- بە تۆ چی؟

- ئاخر مەلا ئەو هەمووە حاڵت تێک دەدا!

- تۆ پێم ناڵێی چ کارت بە من داوە؟ من خۆم دەکوژم. بە تۆ چی؟!

پشتاوپشت لیوانێکی لە دەست دا، بە پێ دزە لێم نزیک بۆوە.

- مەلا خۆت کەر مەکە! سەری بابت تۆزێکم بۆ تێکە!

- یا خوا ئەگەر بۆت تێکەم غەزەبی عەرز و عاسمانانم لێ ببارێ!

دەمی بوتڵم بە لێومەوە نا و قورت قورت ملم لێ نا.

- مەلا دەمری! توخوا تۆزێکم بۆ بێڵەوە!

قرتەم لە بوتڵ بڕی و پەتووم هەڵکێشا و نووستم. لە ئێوارەوە تا سەعات دەی بەیانی یەک بین خەوتم، وەخەبەر نەهاتم.

هەفتەی جارێک سەفیر نیوەڕۆژەی دەداینێ. وەختی دی دەچووینە چێشتخانە و هەر پەتاتەی کوڵاو و گۆشت بەراز بوو.

جارێک گوتمان با شتێکی دی بخۆین. زەبیحی دەستی لەسەر شتێک دانا، بە گارسۆنی حاڵی کرد: ئەمە! هەشت هێلکەی نیمڕوویان بە قاپێک پەتاتەوە هێنا. بە دەست، بە چاو داوای نانمان کرد. دوو گزموولە نانیان هێنا، حەوتی پاروویەک نەدەبوون. پاڕاینەوە، ددانمان بۆ چیڕ کردەوە، دەتگوت تەبلیغاتی خەمیر دەندان دەکەین! ڕۆیی، جووتێک پشکەڵی دیکەی بۆ هێناین و بە سەر گوتی: بەسە!