بۆن بگرە هاتم!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  920 مشاهده

لە مۆسکۆ ناهومێد ببووین. دەبێ بڕۆین، بۆ کوێ؟ بە چی؟ قەلیش گوومان ناگەیەنێتەوە شام. سەفارەت مەفارەتێکی سووریا، میسر لە برلین نییە؛ کونسوولگەریشیان دەس ناکەوێ. با بچینە (بۆن). خانەخوێکانمان کیسەیەک نان و پەنیریان داینێ و سەر و سێو. بڵیتی قەتاریان بۆ بڕین؛ پێنج مارکیشیان داینێ. بۆن بگرە و هاتم! ئای بەدبەختی! جێ لە قەتار دەس ناکەوێ، دەبێ لە کۆریدۆردا شەشسەد کیلۆمیتر ڕابوێرین. هەر چۆنێک بوو سینەم لە واگۆنێکی شەش نەفەری ژناندا خۆی سەپاند. ئێمە جێگەی قنگەڵفس دادانیشمان نەبوو. سەرما بوو. بەردەمی خۆم وەک عارەبان هەڵپێچابوو. چووم لە بەرانبەری ئاودەست، لەسەر عەرز دانیشتم. زەبیحیش هات. دوو کچی هەژ نۆ ساڵە لە پەستا دەهاتنە ئاودەس. لێم مۆڕ بوونەوە، فشتێکم لێ کردن، زیڕاندیان. ئیتر خوا وەتحەسێنێ قەت منداڵێک بە لاماندا نەهات. بەڵام بۆنی ئاودەستەکە پیاوی وەڕەز دەکرد. هەر چۆنێک بوو ئەو شەوەشمان گوزەراند.

دەڵێن دوو کابرای سووریایی، بە زستان ڕووت و بە هەردووکیان لێفەیەکیان هەبوو. شەو بە خۆیاندا دەدا، ڕۆژ لەبەر تاو دە شانیانەوە دەپێچا و بە بەریەوە هەڵدەلەرزین. بەهار هات؛ یەکیان گوتی: زستانەکەمان ڕابوارد.

- بەڵێ، ئەمما بە حاڵی سەگ!

لە ئێزگەی (کۆلۆن) دابەزین. غار دە سەر تەلەفۆن، تەلەفۆننامە سەر و بن کە. سەفارەتی سووریا لە بۆن نییە. هیچ شتێک لەوە تاڵتر نەبوو. هێزی دڵمان نەما و بە هەناسە ساردی تماشای یەکترمان دەکرد.

- سەفارەتی میسر چی؟

- هەیە؛ بەڵام کێ جوابی ئێمە دەداتەوە؟

- دەبا تەجرەبەی کەین؛ خۆ لێمان نادەن.

- ئالۆ، سەفارەتی میسر؟

- بەڵێ.

- دەخیلە ئێمە سووریایی لێقەوماوین، سەفارەتی سووریا لە بۆن نییە. چارمان چییە؟

- من ناوم عەبدولفەتاح دیدییە. لە کوێن؟ ئیستە دێم.

- جا چۆنت بناسین؟

- یەکی درێژی ڕەش وەک قیلم.

ڕەشە هات، گوتی: جارێ هیچ قسە مەکەن. بردینیە ڕستوورانی ئێزگە، بەرچاییەکی شاهانەی داینێ. پێنج مارکی لەسەر مێز دانا:

- ئەوە هەڵگرن!

- بەخوا قبووڵی ناکەین.

- برا چونکە دەزانم بەو پێنجە دەگەنە سەفارەتی سووریا، ئەمەندەم دا، دەنا دەبوایە زۆرترتان بدەمێ. لە خەتی ژمارە چوار سوار بن، پێنج ئێزگای ئوتووبووس بژمێرن! دابەزن! باغچەیەکی سێ گۆشەیە؛ سەفارەتی سووریا لەوێیە.