لە برلینی شەرقی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 9 دقیقه  1082 مشاهده

قەتار هات، خۆمان تێ خزاند. حۆل حۆل چووینە واگۆنێکی پڕ لە منداڵی ورد دانیشتین. ژنێکی دەرەجەدار، تەنگە ئەستوور، دموچاو هەڵپزاو، فیت فیتە بە قەدەوە هاتە ژوورێ. وای گوڕاند باوەڕ ناکەم هیچ مارشاڵێکی هیتلەری وای نەڕاندبێ. دیار بوو دەیگوت: ئێوەی زەلام چۆن هاتوونە ناو واگۆنی تایبەتی منداڵانەوە؟! چەمەدان هەڵگرە و ڕاکە بۆ واگۆنی زەلامان. لا قەتارەوە دەمان ڕوانیە دەشت: بە سەتان ژنی وەک پەڕەی گوڵ ناسک، لاقیان تا ئەستووراییی ڕان هەڵماڵیوە، قۆڵ ڕووت، قیڕەتاوی جادەیان پێ دەکەن. گوتم: سینەم تماشا کە! زۆرتان فەرموو بەرانبەریی ژن و پیاو. خوا کەریمە ئاوات ببینمەوە! لە ئێزگەی برلینی شەرقی دابەزین. چەمەدان بە نیخەنیخ هەڵگرە و بڕۆ. سندووقە پۆستەکەش نییە دایانمەزرێنین. لە دەمی مەیدانێک لەسەر عەرز ڕاوەستاین. کەس نییە جگە لە ئەڵمانی بزانێ. ژنێکم دی جحێڵ بوو؛ ناشیرین نەبوو؛ بەڵام برۆی تاشیبوو، بە قەڵەمی شین برۆی بۆ خۆی خەت کێشابوو. شتێکم گوت، لیچێکی هەڵقرچاند و ڕۆیی.

- ئای دایکت لە قنگت خوا! چەند بە دەعیەیە!

دەی ئەدی چ بکەین؟ مۆری لاوانی جیهانیم لەسەر ڕۆژنامەیەکی پەڕ چکۆڵە دیت؛ منداڵێک دەیگێڕا. دیتمەوە! ئەو ڕۆژنامە لە کوێ بێ لاوان لەوێن. با بچین. کوڕمان تێگەیاند؛ گەڕاوە، پاش هەژ نۆ هەنگاو بە دەست نیشاین داین.

- خۆش هاتن! چەمەدانەکانتان بە ئامانەت دانێن.

- لە کوێ؟

- لە هۆو ساڵۆنە.

یەک دانە ئەفسەری دەرەجە سەرهەنگی پیری لەرزۆک بە سەر ئامانەتیی قەتار ڕادەگا. ڕووسییەک دەڵێ، دەڵێی زمانی بە پەڵووڵەی گەرم سووتاوە! زەبیحی گوتی: لاچن من بە ڕووسی دەیدوێنم. هێشتا چوار کەلیمەی نەگوتبوو، گوتی: مەلا! ڕووسییەکەم لێ خەلاس بوو! سینەم بانکە! نیو سەعاتی پتر کێشا تا چەمەدان تەحویل دران و ڕەسیدمان وەرگرت. لاوێک پێشمان کەوت! بردینیە وەتاغێک لە سەر ئێدارەی ڕۆژنامەکە.

- ئەلۆ کاکە قاسملوو! گەیشتینە برلین، دەی چی بکەین؟

قسە درێژەی کێشا، کوتم بیدە بە من:

- برا هیچ دەکەی، هیچ ناکەی بە قیر و بە توون! تۆ بڵێ نانمان دەنێ، برسیمانە و شوێنێک هەبێ لێی وەرکەوین.

- تەلەفۆن بدە بە یەکێک لە خانەخوێکانتان.

دوای هێندێک «گوت گوت» و «شڵیختن پڵیختن»، کابرا تەلەفۆنی دانا و گوتی فەرموون.

- ئەی خودا ساحیب فەرموودەت کا!

چووینە ڕستوورانێک - بێ تۆ ناخۆش - گۆشت بەرازی سوورەوکراو، لیکاوی بابە غەڵیفەشی دەتکاند! بە هەڵپە وەری گەڕاینێ، ئێسکەکانیشمان دەکرۆشت! مڕ، هەر دنبەمان دەهات، دە ماشێنیان ناین. بردیانینە مەدرەسەیەک بە ناو «شلێمان شولە» لە سەر جادەی نازانم چی.

سینەم لە لای ژنان، ئێمەش دوو بە دوو لە وەتاغێکی درێژی هەراودا. سەر و دۆشەگ و سەنیری فوودراوی لاستیک و دوو پەتۆیان داینێ. بەیانییان سەر و هێلکەی کوڵاو، دوو جەمەی تریش کۆپۆنی یاڕەڵماسی و گۆشت بەراز؛ کە بڕۆین لە ڕستووران نۆشی گیانی کەین. داوای ئاومان بکردایە نەبوو؛ دەیانگوت زکتان وە ژان دەکەوێ؛ ئابجۆ بخۆنەوە. بە دزی دەچووم لە دەستشۆیی ئاوم دەخواردەوە. هەواڵەکانیشم فێر کرد؛ دیتیان زگیان ژانی نەکرد.

تووشی تاو و لەرزێکی زۆر سەخت هاتم؛ بردیانمە بیمارستان. ژنێکی پسپۆڕم هاتە سەر، گوتی: تۆ لە شوێنێکی پڕ مالاریا هاتوویە دنیایە؛ هەر گا گەیشتیە جێگەیەکی ئاوهەوای ئەوێ، لێت دەژێتەوە. منیش کاتێ دیل بووم لە لینینگراد وام بە سەر هات. دەرمانی بۆ نووسیم و هاتمەوە شوێنی خۆم. لە تاوی تا دەمناڵاند. زەبیحی دۆشەکەکەی لێ فش کردبوومەوە. کەوتمە سەر زەوی. ئەویش لەو دەمەدا گاڵتەی هاتبوو!

کچێکی باریکەڵەی گەنمڕەنگی ئەڵمانی - کە ناوی «زگریتا» بوو - تەرجومانی دەکردین. فەڕانسی و ئینگلیسی و ئەسپانی دەزانی. هێند ڕۆحسووک و بە دەستەوە بوو کە زۆر خۆشمان لێ دەهات. هەموو ڕۆژ تەلەفۆنمان بۆ پڕاگ دەکرد. گوتیان لە مۆسکۆ مەلا مستەفا بارزانیش بۆمان دە حەولدایە؛ بەڵام وەختی فستیواڵ بەسەر چووە. ئێمە هەر لە برلین ماین. زەبیحی فێرە شەترەنجی کردم و ڕۆژمان پێ ڕادەبوارد.

دیبووم کە چا لە ئورووپا کەمە و زۆریش زەرد دەخۆنەوە. قۆرییەکم پێ بوو، بۆ خۆمان چاییی عێراقیمان لێدەنا. چام دەکردە چادان و دەمبرد ئاوی کوڵیویان بۆ بە سەردا دەکردم. ڕۆژێک کە تام هاتبوو گوتم: کاکە تۆ بچۆ ئاوی کوڵیو وەرگرە.

- مەلا من نازانم بڵێم چی؟

- زمانی ناوێ، کتری لە سەر فڕگاز دەکوڵێ، لێی پڕ کە.

- نامدەنێ!

پڕم بە قۆریدا گرت و چوومە حەسار، پیرێژنێکی قوون قەڵەوی تۆپەڵ ڕابرد. غارم دا، دەستم لە شانی دا، گوتم: «شڵخن پڵخن، ئاوی کوڵاوخن!». پیرێژن دەست و پێت بڕیبا وەخۆ نەدەهاتەوە! هەر لێی وەرگرتم و پڕی کرد لە ئاوی گەرم.

لاوێکی عەرەبی عێراقی بە ناوی «فالح غەننام» کە لام وا بوو ئەویش وەک «سەلیم شاهین» هەر لە ورگ لەوەڕاندن دەگەڕا، هاتە لامان و بووینە سێ کەس لە وەتاغەکەدا. دانشجووی هەندەسەی میعماری بوو. ڕۆژانە تماشای سمێڵمانی دەکرد:

- لا سمێڵی چەپت لە هی ڕاستت کورتترە!

- بەڕاستی موهەندسێکی شارەزای!

زۆری عاقیدە بە زانایی زەبیحی بوو. جارێک لە منی پرسی:

- مامۆستا لە کام دانشگا دەرچووە؟

گوتم: لە دانشگای «ترکەش»!

- بەڵێ بەڵێ، بە خوای دانشگای چاکە!

خۆ نەدەکرا بڵێ ترکەشم نەبیستووە!

پەردەیەک لە ژوورێک هەڵواسرابوو؛ سەرمان پێدا گرت، فالح غەننام دەستی دەناو گەڵی زگریتا دابوو؛ دەمیشیان بە دەمی یەکەوە بوو. فالح هاتۆتە دەر سوێند دەخوا ئەم کچە شیووعییە و زۆر داوێنپاکە؛ خەیاڵی خراپ مەکەن!

- نا نا، کاک فالح! دەزانین بۆ دەتەویست هێلکەی لێ دەرێنی؛ دەنا فکرێکی ترتان نەبوو!

کابرایەکی کورتەباڵای مل کورتی ئێرانی هاتە دیدەنیمان:

- من ئاغای یەزدیم. ژنێکی ئەڵمانیم هێناوە؛ دەیهێنم بتانبینێ:

- لازم ناکا، خوا پێکتان بێڵێ!

- بە خوا هەر دەیهێنم!

ژنێکی شڵەی کەژ، کە چاوی لەبەر تاو هەڵنایە؛ قاچ باریک، لاواز، دەتگوت داردۆژەنگە، هات و دەستی دە دەستی ناین.

- ئاغای یەزدی کەست دەست نەکەوت ئەو تاژییە ڕووتە نەبێ؟!

- توخوا سەبر قسە بکە! ژنەکەم تۆزێک لە فارسی تێدەگا!

هەر کە چووینە مەدرەسەکە، دوازدە مارکی ئەڵمانی غەربیمان مابوو. بە قەتار چوومە برلینی غەربی، گۆڕیمەوە بە چل و هەشت مارکی شەرقی و قاچاغچیەتییەکی باش بوو. ئەوەش زگریتا فێری کردم؛ دیار بوو کۆنەکارە!

هێشتا فێری ئاوخواردنی دەستشۆیی نەببووم. شەو گوتم دەچمە دەرێ لیوانێک ئابجۆ دەخۆمەوە؛ تینوومە. زەبیحی گوتی: زۆر زوو وەرەوە، نیگەران دەبم. تەواو داوای ئابجۆم نەکردبوو، ئاڵمانییەکی سەد کیلۆیی پاڵەوان گوتی: ئەرەب؟ کایرۆ؟! بە سەر گوتم بەڵێ. مەچەکی گرتم؛ دەتگوت شکاندی. بانگی کرد ودکایەکیان بۆ هێنام:

- بیخۆ!

- ناخۆم!

دەستی توند کرد.

- ئای دەستم!

خواردمەوە. باوەر کە لە دەممەوە سووتاندی تا ناو زگم.

- یەکی تر!

حاسڵ، بەری نەدام تا سێ پیاڵەی بە گەروودا کردم. ئەمە تۆمەمز «ئێس. ئێس»ی هیتلەر بووە و لە قاهیرە حەبس کراوە و بووینە خزم! بە تکای باڕمەنەکە بەری دام. هاتمەوە لاقم مقەستەی دەکرد. زەبیحی تووڕە بوو:

- وام زانی گوم بووی.

- هەتیو خزمم پەیدا کردووە. قسە مەکە!

تەخت نووستم تا ڕۆژ درەنگ خەبەرم نەبۆوە.

ڕۆژێک لەو تەلەفۆن کردنانەدا، قاسملوو ئادرێسی «نەورۆزی» ناوێکی داینێ، گوتی پێم گوتووە کارتان بۆ پێک بێنێ. زەبیحی و من چووین. لە سەر جادە لە ترام دابەزین. زۆر گەڕاین، کۆڵانەکەی ئادرەسمان نەدیتەوە. دەسا جارێ با بزانین لە ماڵە؟ تەلەفۆنێکمان لە سەر جادەوە کرد.

- بەڵێ لە ماڵە؛ دەڵێ وەرن!

دایخستەوە.

- بۆ نەتپرسی چۆن ماڵەکەت بدۆزینەوە؟

- ئای ڕاست دەکەی!

گیرفانمان گەڕاین دە فنیکمان پێ نەبوو تەلەفۆن بکەینەوە، دیسان وێڵ بووین. تا دۆزیمانەوە شەیتان گوتی چەق! ئارەقکردوو، ماندوو: «سەلامون عەلێکم!» تارانییەکی ڕەشتاڵەی باڵابەرزی لووت بەرانی، چوار تەلەفۆن بە دەورە، دەتگوت عالاعەزرەتە! بە مینگەیەکی تارانییانەوە پرسی: دەڵێن چی؟ لە سەر جواب مەحتەل نەبوو، تەلەفۆنێکی هەڵگرت؛ وەختی بۆ کچێک دادەنا!

- بەڵێ چتان گوت؟!

ئەو جار بە تەلەفۆن دەگەڵ ژنێکی فارسیزماندا جێژوانیان دیاری کرد.

- ها، چیتان فەرموو؟!

پاش زمانلووسی و تەعاروفێکی خەست و خۆڵ، نووک و بەدی حاڵی خۆمان بۆ باس کرد؛ بەڵام ئەو لەبەر تەلەفۆن هەڵگرتن و دانان زۆر کەمی گوێ لێ بوو.

- وا ئێستاش قاسملوو بۆ لای تۆی ناردووین کە باسی ئێمەی بۆی کردووی.

- قاسملوو ناناسم، کێیە؟ لە کوێیە؟!

- کوردە و لە پڕاگ ئوستادە.

- کورد چییە؟! زۆر تازەگی هەیە بۆ من! قاسملوو بۆ ناچێتەوە ئێران؟ لە پڕاگ چ دەکا؟!

گوتم با بڕۆین بێفادەیە. زەبیحی دەستی پێ کرد: بە خاتری نەوعپەروەری، ئینسانییەت و چی و چی! کوڵی پێکەنینم هەستا و خۆم بۆ نەگیرا، دەرکەوتم. زەبیحی بە دوومدا هات:

- مەلا بۆ پێدەکەنی؟

- کاکە! عەینەن سواڵکەرێکم هاتە بە چاو کە بە کافرێک بڵێ: بۆ خاتری خەڵیفەی ئیندرقاش لیرەیەکی زێڕم دەیە!

زەبیحی لە من پتر پێکەنی! خێری ئەویشمان بەخشیەوە.