لە شتوتگارت: شەوێکی خانی خانان. باقیشی تۆزی بانان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  920 مشاهده

جەلال و هەواڵانی دەگەڵ دەستەی عێراقی و سووری لە بێرووتەوە بە سواری کەشتی ڕۆیشتن. ئێمەش ڕۆژێک لە بێرووتەوە - ویزە لە باخەڵدا - بە تەییارە چووینە ژنو، زووریخ، شتوتگارت.

شەو لە ئوتێلێک بەسەرمان برد، پادشایانە! سەنیری تووکی قوو، لە دۆشەکدا قوم دەبووین. سبەی سواری قەتار بووین، بەرەو پڕاگ. زۆر لە دەستەی وڵاتانی تریشمان دەگەڵ بوو. بەر لەوە بگەین، لە شاری «پلیزنر» پۆلیسی چیکۆسلاواکی سەرکەوتن. پاسپۆرت و ویزەیان بردن، پاش دوو سەعات هاتنەوە. زەبیحی و سینەم خان و منیان دابەزاند و قەتار فیکەی کرد و ڕۆیشت.

- ئێوە ویزاتان تەواو نییە.

- هەی داد! هەی بێداد! ویزەمان لە سەفارەت وەرگرتووە.

- قسەی وا مەکەن!

ئەفسەری پۆلیس وەک هەیکەلی بوودا متەقی نایە و هەر بە سەر دەڵێ نابێ. سینەم بە فەڕانسی و ئینگلیسی، زەبیحی بە کەچە فەڕانسییەکەوە: جەنابی ئەفسەر! ڕێمان بدە تەلەفۆنێک بۆ پڕاگ بکەین؛ شوناسی باشمان لەوێ هەیە. بە کێ دەڵێی؟... تەلەفۆنیان ڕێ نەدا. دەمانەویست تەلەفۆن بۆ قاسملوو بکەین. خستیانینە ناو قەتار، پۆلیسێکمان بە دیارەوە ڕاوێستا تا لە سنوور ئاوای ئەڵمان بووینەوە. ئەگەر لەو قەتارە دانەبەزیباین؛ تا پاریس و مادریدیش چووباین، کەس نەبوو بڵێ پشتی چاوتان برۆیە. سەری شەو لە شتوتگارت دابەزین. لە ئێزگەکاندا وەتاغۆکێکی شووشە هەیە، ژنێک مەنزڵ بۆ مسافران پەیدا دەکا. نەخشەی ئوتێلەکانیش بە دیوارەوە. کام ژوور لە کام ئوتێل بەتاڵە، یان تەختێک بێ میوانە، بە کارەبا نیشان دراوە و نرخەکەشی نووسراوە. تەنیا تەختێکمان دەست کەوت کە سینەم چونکە ژنە لەوێ بنوێ، نرخی ١٧ مارک. تاکسی بە قوماربازی، زۆری سووڕاندینەوە؛ ئەویش حیسابی حەڤدە مارک وەرگرت. جێگە بۆ سینەم دابین بوو؛ خۆشمان لە ئێزگە سەرگەردان ماینەوە. کیلۆیەک چا، کیلۆیەک قاوەی هاڕاو، چارشێوێکی ڕەشی ژنە عەجەمانمان پێ بوو کە لە مۆسکۆ بیدەین بە ژنە ئەفسەرێکی هەڵاتووی ئێرانی لە مۆسکۆ. ڕیزە سندووق وەک سندووقی پۆست هەبوو بۆ چەمەدان تێنان. بیست «فنیک» باوێ کونەوە، دەکرێتەوە. دایخە و کلیلەکەی لای خۆت بێ. لە قەدەم لێدان ماندوو بووین، خەومان هات. لە سووچێکی ئێزگەوە لەسەر بەردی فەڕش تەخت ڕاکشاین. زەبیحی چارشێوە ڕەشی بە خۆدا دا. تا پرخەی دەهات. تێم کوتا: هەستە!

- بۆ نایەڵی بنووم؟

- هەتیو! تۆ بەو چارشێوەتەوە لەتەنیشتم ڕاکشاوی، ژنە عەجەمم دێتە بەر چاو؛ وازم هەڵدەستێ!

هێشتا خەومان لێ نەکەوتبوو، سەربازی ئەمریکایی دوان ڕاستیان کردینەوە:

- مەمنووعە بنوون.

تۆزێکی تر چووینەوە قەدەم لێدان، دیسان چووینەوە خەوتنەکە، سەربازێک لەو دوو سەربازەکانی پێشوو ڕاستی کردینەوە:

- مەمنوونعە بنوون!

- بە ئینگلیسییەکی شەقوڕەق - هەر دەتگوت عەرەبین و بە کوردی قسە دەکەین! - تێمان گەیاند:

- ماندوو دەبین، ئەدی چ بکەین؟

پێشمان کەوت، بردینیە کافەیێکی زۆر خەفە لەناو ئێزگەدا. گارسۆن هات. بە ئیشارە گوتی: پووڵتان پێیە؟ لە پووڵی ئاڵمانی چل فنیکمان پێ بوو، پووڵی سووریاشی نەدەویست. بە هەردووکمان کۆکایەک و دوو لیوانی بۆ هێناین. سەعاتێک دانیشە، دوو سەعات دانیشە، وەڕەز بووین. چووینە قەدەم لێدان تا ماندوو بووین. ڕۆژ هەر تابێتەوە! چووینە کافە؛ لە ڕێوە دەریانکردین. ئەو سەر ئەو سەری ئێزگەمان کرد، تووشی سەربازە ئەمریکایییەکان بووینەوە. تێمان گەیاندن دەنگوباس چییە. هێنانیوە کافە و گوتی: تا سبەی تاوهەڵات لێرە دەبن! ناتوانن دەرتان کەن. بە دانیشتنی کافە و بە قەدەم لێدان ڕۆژمان کردەوە. سینەم خانمان دیتەوە. هەر چۆنێک بوو پانسیۆنێکمان پەیدا کرد. بە دە مارک. غاردە تەلەفۆن بکە:

- قاسملوو دەغیلت عیلاجێکمان بکە! (ئەو دەم لە پڕاگ ئوستاد بوو).

ئێوارە تەلەفۆن، بەیانی تەلەفۆن.

- کاکە! خالید بەکتاش لێی تێک داون؛ وا بۆتان لە حەولداین.

جارێک گوتی: لە دوای چوار ڕۆژ وا دەکەین بچنە برلین و لەوێوە ڕاست دەتانبەنە مۆسکۆ. دانیشتین حیسابی دارایی بکەین: حەقی پێنج ڕۆژ پانسیۆن، ئەوەندە؛ کرێ لە شتوتگارتەوە تا برلین، ئەوەندە؛ ئەدی چی بخۆین؟ هیچ! بۆ گاندی مانگێک هیچی نەدەخوارد و گوێشی نەدەدایە؟ بووینە گاندی! چوار دانە ڕۆژ زەوادم نەچووە سەر زار. وام لێ هاتبوو لە ڕێ کردندا لینگم دەلەرزی. ئەوانیش هەر وەک من؛ بەڵام تۆزێک باشتر بوون وام هەست کرد جەمێکیان بە دزییەوە خواردبوو! ئیشاڵڵا وا نەبوو...

نامەیەکمان بە کوردی و بە خەتی لاتینی بۆ ڕەوشەن خانم تێلگراف کرد. لەپاش هەر دوو دێڕ و دوو دێڕ و لەتێکدا نوختەمان دانابوو؛ یانی ها یەک کەلیمە! تێلگرافچی پاش ناردنی - کە هەمووی شەش کەلیمە بوو - وتی: زمانێکی سەیرتان هەیە؛ کەلیمەیەکی لە دوو دێڕ زیاترە!

- بەڵێ ئێمە زۆر زمان درێژین!

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارەم گوتم: ئەو قاوە و چایییە بۆ نەفرۆشین؟

- فکری باشە. بەڵام کێ بیفرۆشێ؟

- من!

- زمان هەر نازانی.

- چش!

کڵاوێکی سپیی کوردانەم لە سەر نا، بە دەوروبەری ئێزگەدا بگەڕێ، بنەڕێنە:

- ئەرەبیان کافێ!

سەری پاکەتەکەشم هەڵپچڕیبوو. تووشی هەر پیرێژنە ئەڵمانییەک دەبووم وە بەر لووتیم دەدا تا بزانێ قاوەی چاکە. قاوە لە مغازان کیلۆی بە پەنجا مارک بوو. کەس لە منی نەکڕی بیست و پێنج. ئاخری لە بەر ئێزگەی ئوتووبوس بە بیست و سێ مارک دام بە پیرێژنێک. زگێکی باش سۆسیسی بەرازمان خوارد. چایییەکە بێنە:

- ئیندیان تێ! ئیندیان تێ!

دەتگوت دەڵاڵی هەڕاجەبازاڕی سەقزم. ئەویش کەس نەیدەکڕی. لایان وابوو تەخلیتە و خۆی نییە. زۆر سووڕامەوە، فایدەی نەبوو. لاقم ماندوو بوو، دەنگم خەریک بوو بنووسێ. بەزمیش ئەوە سینەم و زەبیحی دوور بە دوورم دێن و تا هاوار دەکەم لە پڕمەی پێکەنین دەدەن! فکرێکم بۆ هات. خۆم کرد بە چاییخانەیەکی ناو ئێزگەدا. چام نیشانی ژنە چاییچی دا، کە دەتگوت گامێشە: «ئیندیان تی!»، دەستێکی پێوە نا، یانێ نامەوێ. بە ئیشارە دەستم بۆ قۆرییەک برد. چنگێکم لە چاکە دەرێنا، تێم گەیاند ئەوە لێنێ تا بزانێ چۆنە. ژنەتیو بە حەیفی زانی ئەو زیانەی لێ بکەوێ، بیست و یەک مارکی لە پێش دانام و چای وەرگرت.

ماڵی خودا ئاوا؛ سۆسیسی شەویش دابینە!

بەیانی پارەی پانسیۆن درا، نان و سۆسیس و پەنیر کڕدرا. پازدە مارکمان بە بلیتی قەتار دا، هێشتا پێنج مارک و شتێکمان - نەغد - مابۆوە! کێ وا سازە؟! قەتار دەڕوا و باران دەبارێ. لە «لایبزیک» ڕاوەستا. ژنێک دەیڕوانیە پاسپۆرتان. زەبیحی گوتی: تۆ زمانشڕی! هیچ قسە مەکە! سینەم خان جواب داتەوە. ژنەکە پرسی: ئێوە چیین؟

من نسحەتم لە بیر چوو؛ گوتم: دەلەگاسیۆن، فستیواڵ، مۆسکۆ!

- وەرنە خوار، بڕۆنە ئیدارە!

- دەک زمانت بە بڕین چێ! ئەو تورکییە کێویلەت لە کوێ بۆ هات؟ بە خوا دیسان دەبێ لە برسان قۆڕەی زگمان بێ و لە سەر جادە بخەوین!

- تۆبە! غەڵەتم کرد! لە بیرم چوو!

چەمەدان هەڵگرە و دە ناو بۆڵە و پرتەی هەواڵاندا لە بەر باران قوڕ بشێلە. گەینە خانوویێک، چووینە ساڵۆنێکی - خوا هەڵناگرێ - سارد. ئێمەش تەڕوتلیس. زۆری نەبرد، کابرایەکی قوتووکەی مل باریک هات لە بەرانبەرمان دانیشت. بە فەڕانسی پرسی: کێن؟ لە کوێڕا دێن؟ بۆ دەچنە برلین؟ ڕاپۆرتی من کارێکی نەکردبوو پینە بکرێ. سینەم ڕاستییەکەی گوت. کابرا گوتی چایییان بۆ بێنن. سەر و چای بێڕەنگی گەرممان هەڵدا. تماشای سەعاتی کرد:

-نیو سەعاتی تر بەڕێتان دەکەم. هانێ پازدە مارکەکەشتان بدەمەوە؛ ئێوە میوانی ئێمەن!

- ها، زەبیحی! دە ئەگەر مەردی بکۆخە! زمانشڕییەکەی من پازدە مارکی ساندەوە، چاکم نەکرد؟!