فستیواڵی لاوان لە مۆسکۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1020 مشاهده

سەرەتای هاوینی ١٩٥٧ دەنگ داکەوت، فستیواڵی لاوان لە مۆسکۆ دەگیرێ و کێ دەچێ خۆ ساز کا. لێژنەی مەحەللی کۆمۆنیستی قامیشلی ناونووسیی خەڵکیان دەکرد. هاتنە لای منیش؛

کە بە ڕواڵەت هەر دۆست بووین. سروودێکیان پێ دروست کردم. هەر کەس بیگوتایە دەچم، دەبوو شەشسەد لیرە بدا بە حیزب؛ یانی هەزار و دووسەد تمەن. چووبوونە لای عەبدوڵڵای حاجی میرزا کە تاجرێکی دەوڵەمەند و ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست بوو.

- تۆشمان نووسیوە دەتبەینە مۆسکۆ؛ بدە شەشسەد لیرە!

- برا من کابرایەکی نەزان و دەستەوەستانم. چوونی من هەر ئەوەیە خانووی بڵیند و خەیابانی جوان ببینم. شەشسەد لیرە دەدەم، هەژار لە جیاتی من بنێرن؛ هیچ نەبێ هاوارێک بۆ کورد دەکا.

- نەخێر هەژار کەللەشەقە! گوێ بۆ فەرمانی حیزب شل ناکا و هەرایەکمان بۆ دەنێتەوە.

- ئاوا؟! یانی هەر چی گوێ لە مست نەبێ بە کارتان نایە؟ جارێکی تر بە لامەوە بێن سەگتان پێوە دەنێم. هەیدێ لەبەر چاوم لاچن! جارێ ئەوە ئەندامێکت قت...

نامەیەکم لە جەلال تاڵەبانییەوە بۆ هات:

«حیزبی شیووعیی عێراقی - بەرانبەر بە قەرارەکانی کۆنگرەی پاییزی ١٩٥٦ هاتوونە ڕەدایە کە دەستەی کوردستان سەربەخۆ بچێتە مۆسکۆ و ئازادانە باسی کورد بکا و ئەوانیش یاریدەیان بدەن. من نەمتوانی پاسپۆرت وەرگرم؛ ئەم نامەیە نیشانی هەواڵانمان لە شام بدە و تۆ سەرۆکایەتی بکە و بچنە فستیواڵ. بەڵام پارەی سەفەر لەسەر خۆت. خۆت پێکی بێنە...».

کەوتمە باربوو کۆکردنەوە؛ یان بڵێم سواڵ کردن. نزیکەی شەشسەد لیرەم پێکەوە نا. یەک لەوانەی کە گوتیان هیچی نەداوە، «عارف عەبباس» ناوێکی ملیۆنێری قامیشلی بوو؛ کە لە هەموو کەس پتر بەردی کوردایەتی لە سینگی دەدا! کەچی تووشم بوو، دەڵێ: ئەو پارەی بۆت کۆ کراوەتەوە نۆشی گیانت بێ؛ بیخۆ هەر بۆ تۆ باشە!

چوومە شام. نۆ کەسیش بۆ ئەو سەفەرە لەلایەن پارتییەوە گەیبووەنە شام و چاوەنۆڕی جەلالیان دەکرد. بە دڵ قبووڵیان کرد کە من لە باتی جەلال بم. شەوێک سەعات دووی پاش نیوەشەو، لە مەیدانی «ساحە البرجی» چاوەنۆڕی قەراری حیزبی شیووعی بووین و پێکەوە بە کوردی قسەمان دەکرد. کراس شۆڕێکی وەک کوێتی بەوێدا هات.

گوتی: برا ئێوە کوردن؟

- بەڵێ.

- منیش حاجیم و بۆکانیم.

گوتم: تۆ ئەو سمایلە نی کە قەحبەیەکی تەورێزی خۆی بە سەردا بڕیبوو؟

- بەرەوەڵڵا ڕاست هەوم!

- حاجی لە بۆکان مەڵێ هەژار و زەبیحم دیوە؛ دەتگرن! بەڵام حاجی هەر لە ڕێوە گوتبووی دیتوومن. گرتبوویان و بردبوویانە ڕەزائیە و زۆریان چەرمەسەرە دابوو.

دەگەڵ زەبیحی دانیشتین هەرچی دەمانەویست لە قستیواڵدا باسی بکەین، لە ١٥ ڕووپەڕدا نووسیمان. بۆ ئەوەش کە نەوەک لە تەرجەمەکردندا بۆ زمانانی دی تووشی زەحمەت بین، کردمانە فارسی کە لە مۆسکۆ فارسی تەرجەمەی دەکرێ. نامانە ناو پاکەتەوە و ئامادە.

دەبوایە هەیئەتی شیووعییەکانی عێراق - کە لە شام بوون لە سەر گفتی حیزب یاریدەمان بدەن تا دەمانخەنە سەر سەفەر؛ ویزە و میزەی پێویستمان بۆ ورەگرن. چووینە بنکەکەیان. هەر گوتم: «کورد سەربەخۆ دەچن»، ئای نەعوزیبیللا! هەر لە دین دەرچوون، شتی وا نابێ!

- کاکە! حیزبی شیووعی - زەلامەکانی - بڕیاریان داوە کە دەستەی کورد لە ژێر فەرمانی پارتیدا بێ و شیووعیی یاریدەیان لە سەرەوە بدەن.

یەکیان گوتی: گووم کردە قەراراتی حیزب! دوکتور سەفا حافز - کە لە ڕۆمانیا دەگەڵم ببوو - گوتی: ئەم هەژارە هەزار کەس دەرەقەتی نایە؛ من لە ڕۆمانیا دیومە چەند بەغیرەتە...

هەرچی دەلیلمان هێناوە و قیڕاندمان، «گەزی چی و جاوی چی؟!» هەر ئەوەکانی ڕۆمانیا بوون... لە دەرکەوتندا بە سافا حافزم گوت: تۆ دەمناسی؛ وا دەکەم باشتریشم بناسی! ڕۆیشتین. لەناکاو جەلال تاڵەبانی پەیدا بوو. ئیتر جەلال ڕەئیسە و خۆی زانی چ دەکا. جەلال گوتی: شیووعی بە هیچ بارێ قبووڵ نەکەن هەژار و زەبیحیمان دەگەڵ بێ، ئێوە ئەگەر توانیتان بە ڕێگەیەکی تردا خۆتان بگەیننە مۆسکۆ، لەوێ یەکتر دەبینین.

- مام جەلال! هەرچی دەمانەویست لە مۆسکۆ بیکەین و بیخوێنینەوە، بە کوردی و فارسی نووسراوە. ئەگەر ئێمەش نەتوانین بگەینێ، وەک هاتبین وایە.

جەلال خوێندیەوە گوتی: قەت لەوە باشتر نابێ. من دەیبەم و بەهرەی لێ وەردەگرم. ئەمجار بە هۆی ڕەوشەن خانم بەدرخانەوە، سەفارەتی چیکۆسلاواکی، ویزەی زەبیحی و سینەم بەردخان و منی دا. جەلال هێندێک پووڵی بەجێ هێشت. پووڵی سواڵیی من و پووڵی ڕەوشەن خانم حەقی تەییارەی تا پڕاگی دابەش کرد. گوتمان لە پڕاگەوە بە خۆڕایی دەمانبەنە موسکۆ. گەڕانەوەش لەسەر شۆرەوییە. ڕۆژنامەیەکی عەرەبی لە شام بە ناوی «ئەلوەتەن» کارتی نومایندەگیی خۆی دامێ؛ کە ئێستاش کەلیمەیەکم بۆ نەنووسی!