چەند قسەی خۆش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  1246 مشاهده

پیرەمێردێکی مل چرچی بە نیخەنیخیان نیشان دام، لە قاوەخانە وەنەوزی دەدا. ئەوراقم لە پێش دانا. کابرا لەپشت عەینەکێکی کلک باریکی مەلایانەوە تۆزێکی لێ مۆڕ بۆوە. چوو نازانم لە کوێ دەفتەرێکی بەرگ ڕەشی پەرپووتی زۆر زەلامی هێنا؛ تاوێک پەڕپەڕی کرد.

- بەڵێ، بە برای خۆم بڵێم، عەرەفاتی بابی عیسا هەر لە زەمانی عوسمانیدا چل و پێنج لیرەی ماڵیاتی بە ڕێگەدا ڕۆیشتن لە سەرە.

- مامۆستا گیان! بیستبووم ماڵیاتی هەوا هەڵمژین هەبووە، ئەوەم نەبیستووە!

- تۆ منداڵی! چت بیستووە؟!

- ئەو عیسایە زۆر فەقیرە، من پووڵی بۆ دەدەم. تکایە سەنگ و سووکی دەگەڵ بکە.

ئۆیان بۆیان پێک هاتین؛ هەژدە لیرەم دایە و نووسی قەرزدار نییە. نامەم بۆ زەبیحی نووسی: ئەو عەرەفاتەی بابت - وەک سەگی پێ سووتاو - هێندە گەڕاوە، بایی چل و پێنج لیرە ماڵیاتی تۆز لە وڵاتی ئیمپەراتۆری بە با کردووە!

«عەرەب شەمۆ» لە کتێبی بەربانگدا دەڵێ: «ئەگەر مەعموورێکی تورکان لە هەر ماڵە گوندی یەک نانی خواردبا، دەبوو پووڵێکی بدەن بە ناوی میوانانە!».

ئەوسا کە هەژدە لیرەکەم دا، سێ لیرەم لە گیرفاندا مابوو. لە دێریک هەتا تربەسپی سێ لیرەی کرێ ڕێگا بوو. ڕاست ڕووم کردە گاراژ. کابرایەکی دەلاک پێمەوە نووسا:

- سەیدای بەڕێز! فەرموو لادە، بە خوا چایییەکەم لە لا دەخۆیەوە.

هەرچی قونە جۆڕەم کرد، کێشامیە دووکان و لە سەر یەک دەیگوت: «تۆ مایەی شانازیی کوردانی»!

- دە قوربان با ڕیشت بتاشم، ئەو فەخرەم بە نسێب ببێ!

- بیتاشە!

چەقۆیەکی بە ڕیشمدا هێنا، گوتی: پیرۆز بێ. کوڕێکی دە دوازدە ساڵەی گوتی: بابە چەقۆی بۆ پێدا بێنەوە، زۆری تووک پێوە ماوە!

- بڕۆ حەرامزادە، سەیدای وا بەڕێز چۆن هێندە عەزیەت دەم؟!

هەستام، گوتی: سەیدا حەقم چوار لیرەیە! لە شامیش دوو لیرە بوو!

سێ لیرەکەم دەرێنا:

- لەوە زیاترم نییە.

- باشە خاتری چاوی تۆ! تۆ فەخری کوردستانی!...

ناچار بە پێ ملی ڕێم گرت. دەبوایە هەشت سەعات ڕێ بپێوم تا دەگەمەوە. برسیشم بوو. نیو سەعاتێک ڕۆیشتم؛ خواوڕاستان تووشی حەمەشەریف حاجۆ هاتم و هێنامیەوە تربەسپی.

ڕۆژێ حەسەناغا گوتی: دا بزانە ئەم نامەیە چییە؟ ئەوی بۆی نووسراوە، نەناسراوە. لەسەر پاکەت نووسرابوو: «برای بەڕێز مووسا عەرەفات». دیوی ژووری نامە بۆ من بوو. غەفوور کەریمەکەی لە سەفەری ڕۆمانیا سەرۆکمان بوو ئەحواڵی پرسیبووم. ئەو کەرە کە زانیبووی زەبیحی ناوی عیسا عەرەفاتە، لای وا من - کە ڕەفیقی ئەوم - دەبێ ناوم مووسا عەرەفات بێ! لە تربەسپی ئاغاکان کتێبخانەیەکی قشپیلانەیان هەبوو؛ خەڵکی دیکەش هەبوون کتێبم لێ وەردەگرتن. سەمعان ناوێکی کلدانی - مدیری پۆستاخانەی گوند - جارێ گوتی: وەرە کتێبت بدەمێ بۆ مانگێک بەستە؛ خۆ تۆ دنیات وەڕەز کرد. هەر کتێبێ دەیبەی هەر شەوێکە، دەیخوێنیەوە و دەڵێی ئی دیکەم دەنێ! دەگەڵی چوومەوە ماڵ. باوەڕ کە کتێبێکی شان دام بە هیچ حەمباڵێک نەدەبزووت.

- ئەمە شەرحی تەوراتە؛ بۆ تۆ باشە!

نەمویست.

بەقاڵ بەزازێکی ئەرمەنی - کە ناوی سەعید و کوردی تەواو عەیار بوو - گوتی: ماڵمان لە گوندێکی بەر چیای تۆڕس بوو. فەرمانی قڕانی سوڵتان دەرچوو؛ ڕامانکرد. لە ڕێ شوانێک تفەنگێکی ڕاداشتمێ:

- سەعید تۆ فڵەهی! خۆت مەگۆڕە دەتناسم؛ دەبێ بتکوژم!

- برا دەزانم دەمناسی و شوانی گوندی خۆمان بووی. ناکرێ چارەیەک بدۆزیەوە و نەمکوژی؟

- بەڵێ شادەوئیمان بێنە! موسڵمان بە! ناتکوژم!

- دەی تۆ پێشم کەوە! من نازانم شادەوئیمان چۆنە.

- ها! ها، بە خوا منیش نازانم!

- دەسا وەرە بمکوژە!

- نا! نا! بڕۆ!!

هەر ئەو گوتی: چەند ئەرمەنییەک - لەو تەق و ڕەوەدا - چەند کوردێک هاتنە سەر ڕێیان. یەکیان بەوانی تری گوت: من دەزانم خۆم بە موسڵمان نیشان دەم، هەرچی پرسییان من جواب دەدەمەوە. ئێوە وست بن. ئەگەر هات و لە یەکێکی ئێوەیان پرسی ئەرکانی ئیسلام چەندە! بڵێ پێنجە. ئەو دەم خۆم لە باتیانی جواب دەدەمەوە. گەینە ڕێگرەکان:

- ئێوە فەلەن!

- قوربان بە سەرت موسڵمانین و هەموو داب و دەستووری شەرعی دەزانین.

- لە یەکێکی جگە لەوە دەپرسن:

- ئەرکانی ئیسلام چەندن؟

- قوربان حەوت!

لێی ڕادەسێن.

- کاکە! ئەوە ترساوە؛ دەنا دەزانێ پێنجە!

ڕزگاریان دەبێ. کە دوور دەکەونەوە، پێی دەڵێ: سەگی سەگباب! نەمگوت بڵێ پێنجە؟

- هەهۆ! هەهۆ! ئەوە بە حەوتیش ڕازی نەبوو! بمگوتایە پێنج هەر سەریشی دەبڕیم!

یەک لە دۆستانی قامیشلیم «مەلا ئەحمەدی نامی» بوو. کوردی چاک و شاعیرێکی تەبع ڕەوان و فەرهەنگێکی کوردی - عارەبی نووسیبوو کە بەداخەوە چاپ نەکرا و دەگەڵ شیعرەکانی وا بزانم فەوتاوە. چاوی لە ماڵی کەس نەبوو. سواڵی لە ئاغایان نەدەکرد. خانوویێکی شڕی هەبوو؛ باغچەیەکی تێدا بوو؛ بنەمێوێکی تێدا. مایەی ژیانی گەڵامێو و تەڕەپیوازێ کە دەیچاند و هێلکەی چەند مریشکان بوو کە ڕایگرتبوون. جارێک وەک زۆر جاری تر چوومە ماڵی. هەر لە دەرکێوە بانگی کرد:

- هەژار وەرە، جێژنە. دایکی سامی بە هێلکە و شۆرباو منیش و تۆشی کوشت! ئەمڕۆ دوو مریشکت بۆ سەردەبڕێ.

- خێرە؟

- مریشک قڕیان پێوەر بووە؛ دەمرن.

- دوکتوری مریشکان لەو شارە نییە؟

- بەڵێ هەیە؛ بەڵام چۆن بچم؟ پێم عەیبە.

پەلاماری کەڵەشێرێکم دا و دەگەڵ نامی چووینە دوکتور. گوتی تاعوونیانە؛ ئارەقی زەحلاوی عیلاجیان دەکا.

- پەککو! جا چۆن بە سەر و مێزەرێکەوە بچم ئارەق بکڕم؟!

- تۆی ناوێ... چووم نیو بوتڵ ئارەقم کڕی. یەک بە یەک مریشکەکانم دەگرت، سەرودوو کەوچکی چا، ئارەقمان دە گەروو دەکردن. مریش سەرێک دەتاسان و مات دەکەوتن. لەپڕ بەزمە ئەمما بەزم! مەست ببوون! سەیرێک بوو نەبێتەوە! هەر چی حاڵی زۆر شڕ نەببوو، چا بوونەوە.

جارێک سەرەتای ڕەمەزان، لە شام دەگەڵ نامی لە ئوتێل بووین. وەتاغەکە سێ تەخت بوو؛ تەختێک بێ میوان ما. بەیانی کە هەستاین، کابرایەکی زگ زلی ڕەنگ توڵخی تریاکییانە و چاوتەنگی لە سەر نوستبوو؛ فۆتە حەمامێکی سووری وەک بەرهەڵبێنە بە قەدەوە بوو. گوتم: نامی! ئەوە خەڵکی بەحرەینە. ئەو نوستووە، من باسی بۆ دەکەم: دەڵێن خەڵکی بەحرەین و هێندێک لەو ئەمیرنشینانەی خەلیج، کوڕ مارە دەکەن! نامی گوتی: تۆ بۆ بەو درۆیەت باوەڕ کرد؟ موسڵمان چۆن کاری وا دەکا؟ کابرا وە خەبەر هات.

- برا خەڵکی کوێی؟

- بەحرەین. من بێسەوادم؛ دەکرێ نامەیەکم بۆ بنووسن؟

- بەڵێ.

کاغەز و قەڵەمم هێنا: فەرموو!

نامە بۆ یەکێ بێرووتی بوو کە: مرواری زۆرم هێناوە، بۆ مانگێکیش میوانتم...

- بۆ چی مانگێک دەمێنیەوە؟

- لە ترسی ڕۆژوو گرتن. هەر کەس ڕۆژوو بخوا، شەش مانگی دەگرن.

- حەی حەی! لەسەر ڕۆژوو شەش مانگ حەبس، کەچی هەتیو مارە دەکەن و خەبەر نییە!

بە پێکەنینێکی گڕەوە: خۆ نا، لە پاتەختی بەحرەین مارە ناکەن. لە «توێسە» - کە لە نزیک «مەنامە»یە - شێخی هەتیو مارەکردنی لێیە. پێشی دەڵێن «شێخ خەنس»!

نامی دەمی گەزێک داپچڕاندبوو، زەق لێی دەڕوانی: «پەکوو لەوێ عەجیبێ!».