کڕینی چاپخانە بۆ حیزبی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  932 مشاهده

هەر لە شەقڵاوە بەیتی سەرەمەڕ و لاساییی سەگ و مانگەشەوم نووسیبوو؛ کە یەکەم تەرجەمە لە «سەباحەددین عەلی»، نووسەری تورکەوە و دووهەم نومایشنامەیەکی یەک پەردەیی دژی ئامریکا و شا و «جەلال بەیار» و «سینگمان ڕی» بۆ نووری سەعید بوو. لە شام لە چاپخانە قاچاغەکەی تەرەققی چاپم کرد. چوار فۆرمەیەک دەبوو. دەگەڵ زەبیحی نوسخەمان بۆ چەند کەسێک نارد. باقییەکەیشیم - کە هەزار نوسخە و شتێک بوو - بردەوە جزیرە.

حیزبی پارتی خەبەری ناردبوو کە بەڵکوو چاپخانەیەکی چکۆڵەی هەرزان بکڕین و بۆ مووسڵی بنێرین. لە شام هەر چۆنێک بوو کڕیمان. ڕۆژێک من لە جزیر بووم، نامەی زەبیحی هات کە لوولە سۆپەکانم دەگەڵ باری تیجاری بە ئادرەسی حاجی میرزا بۆ ناردووی؛ بۆ خەبەری گەیشتنت نەداوە؟ ئەی خودا! چاپخانە وا قاچاغ، حاجی کووتاڵفرۆش، چی بە سەر چییەوە؟! چوومە ڕاستە بازاڕی قامیشلی، دووکانی حاجیم دیتەوە؛ تاوێک بە ماتی دانیشتم. نازانم بڵێم چی؛ ناوێرم. حەنباڵێکی گاراژ هات:

- مام حاجی دەڵێن کرێ بارەکەی سندووقمان بۆ بنێرێ.

حاجی گوتی: نە ئیی منە، نە دەزانم کێ ناردوویە، نە دەزانم چی تێدایە؛ چۆن کرێکە بدەم؟!

گوتم: کرێکەی چەندە؟ حاجی تێگەیشت. دەستی برد شەش لیرەی دا بە کابرا.

- برا! دەگەڵ عەبدوڵڵای کوڕم تماشامان کرد. من گوتم ماشێنی بەردەهاڕینە؛ ئەو گوتی مۆتۆڕی بەرقە!

- بەڵێ مۆتۆڕی بەرقە؛ بۆ ئەحمەد حوسێنم کڕیوە کە ڕایسپاردبووم!

محێددین حاجۆم بە جیپێکی سەرداپۆشراوەوە هێنا دەرکی بازاڕ؛ چاپخانە قوڵەمان بار کرد و بردمانە تربەسپی. لە ڕێ تێمگەیاند ماشێنی چاپە و قاچاغە. بردی لە کادێنێک بن کای دا. کاغەز لە سەر کاغەز بە ڕەمز بنووسە: «وەرن شتەکە بەرن!»، جواب نەدەهات. دوای دوو مانگ یەزیدییەک هات؛ نامەی حیزب و نامەی یەزید خانی یەزیدی - کە دەمزانی ئەندامی پارتییە - هێنا. حیزب دەڵێ ماشێنەکە بدەن بەو؛ یەزید خانیش دەڵێ دوو گڵۆس جگەرە و چوار بوتریی ئارەقم بۆ بنێرە. من کە نەمبوو، جەمیل حاجۆ بۆی نارد. محێددین دەبوایە بۆی بەرێتە سەر سنوور و تەسلیمی کا. تکام لێ کرد هەر لە عەرزی سووریا دایبنێ؛ نەچێتە نزیکتر.

- بۆچی؟

- نازانم، هەر وام پێ باشە.

- چاپکراوەکەی خۆشم دەگەڵ چەند کتێبێکی عەرەبی باسی کورد، وێڕای چاپخانە نارد. دوای دوو شەو ڕادیۆ بەغدا گوتی: چاپخانە و نەشریاتی حیزبی پارتی لە موسڵ گیراوە. وەختێ لە زەمانی حوکمی قاسمدا گەڕامەوە، زاهید محەممەد - کە بەچکە کوردێک بوو، ببوو بە عەرەب و ئەفسەرێکی سنوور بوو - گوتی: من دانیشتبووم، یەزید خان هاتە لای مودیر ئەمن: قوربان! چاپخانەکەم لە فڵان جێ داناوە. من خەبەرم بۆ کەسێک نارد کە لام وا بوو پارتییە: نەچن بە لایەوە ئەوانیش دەگرن؛ یەزید خان جاسووسە.

هەر ئەو زاهیدە ببووە ئاجودانی سەلام عارف و دەگەڵ ئەودا لە تەییارەدا سووتا. ئیتر هەم کتێبی من، هەم چاپخانە فەوتا. سەیری خۆش لەوەدایە کە ئەمنیی سووریا بێ ئەوە بزانن ناوەرۆکی کتێب چییە و چەند گاڵتە بە نووری سەعیدی دوژمنیان کراوە، هەر لە ناوەکەی قوشقی ببوون؛ بەیتی سەرەمەڕ بە «بی. تی. سی.» زانرابوو! مراد ناوێکی کورد کە مونشیی بەخشداریی دێریک بوو گوتی: نامەی نهێنی هاتووە، دەڵێ گۆڤاری بی. تی. سی لە عێراقەوە هاتووە؛ مەنعی بکەن!

زەبیحی - کە گوتمان ناوی عیسا عەرەفات بوو - وڵامی بۆ ناردم دەیەوێ نەقڵی مەکان بکا بۆ شام. یانێ شوناسنامەکەی لە سەر شام بنووسرێ؛ تا بتوانێ بەهاسانی داوای پاسپۆرت بکا. چوومە دێریک، لە هەموو ئیدارەکانەوە ڕامپەڕاند؛ ماڵیات مابوو.

- کوا مەئمووری ئەو کارە؟