چۆن ببوومە سووریایی؟

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 11 دقیقه  1522 مشاهده

کە لە عێراقەوە هاتمە ماڵە حاجۆ، گوتیان نابێ بچیە ناو گوند؛ پۆستی پۆلیس لێرەیە؛ دەتگرن. سێ ڕۆژ ماتەم هەڵگرت؛ خۆم پێ نەگیرا، چوومە قاوەخانە. مودیر پۆلیسەکە گوتی:

- نایەی تەختەیەک بکەین؟

- با بیکەین!

- خەبەری عێراق چییە؟!

- چۆنی خراپە، وایە! پۆلیس وا زاڵمە، نووری سەعید وا سەگبابە، هەر باسی ناکرێ.

ئەو مودیر پۆلیسە ناوی عەبد بوو؛ عەرەبی لای حەڵەب. کرمانجیی زۆر باش قسە دەکرد. ماڵی حاجۆ - کە دەگەڵ ئەویان دیبووم - نیگەران ببوون؛ بەڵام بەخێر گوزەرا و دەگەڵ عەبد بووینە ئاشنا و هاودەم. دەمەویست پێناس وەرگرم، ببمە خەڵکی وڵات. عەبد گوتی: چەندی لە دەستم بێ یاریدەت دەدەم؛ بەڵام پێناس وەرگرتن زۆری زەحمەت دەوێ.

عەریزەم دا کە من لە تورکیا بووم و خەڵکی جزیرەم. پێناسم نییە؛ بمدەنێ. هەموو ڕۆژێ بچۆ قامیشلی، بچۆ حەسەکە، هەزار کوناوکون بکە. تا پاش نیوەڕۆیان زمانم دەکێشا و هانکەم دەهات. پەروەندە ئەوەندە ئەستوور ببوو لێی دەترسای. بیبە شام. هەزار و پەنجا کیلۆمیتر بە ئوتووبووس، نیوەی ڕێگا پتری تۆز و خۆڵی سەحرا. چەند ڕۆژێکیش لە شام سەرم بە سەد ئیدارەدا کرد و ملکز وێستام. بچۆوە قامیشلی، شایەت پەیدا کە قەبری بابت لە گوندی مەعشووقە. پۆلیس دەبێ ئیمزای بکا. چەچاناغا دەیگوت: تێ ناگەم بۆ چی گۆڕی باوکت بۆتە مەرقەدی مووسا پێغەمبەر! دەیانەوێ زیارەتی بکەن! دیسان هەڵسووڕێ. ئەوەندە لەنێوان قامیشلی و شاری «دێریک»دا هاتوچۆم کردبوو، پۆلیسەکانی پۆستی «چەلاغا» هەموو دەیانناسیم و بەو جۆڵاتەنانەوەم پێدەکەنین. ڕەئیس پۆستی چەلاغا گوتی: بەزەم پێتدا دێ! بێنە من و پۆلیسەکان بۆت ئیمزا دەکەین کە گۆڕی بابت لە مەعشووقە و ئێمە لە شاردنەوەیدا حازر بووین.

بینێرەوە شام. لە شام دەڵێن ناقیسە؛ بۆ خۆت بچۆ! دیسان ئەو سەر و ئەو سەر، دووهەزار و سەد کیلۆمیتر بە ناو گەرما و تۆزدا سەفەر بکەم. لەم دەفتەر بۆ ئەو دەفتەر هەڵێ، بگەڕێوە. لە بەیانەوە تا نیوەڕۆ ژان بکە، بگە کارمەندی گەورە.

- پەروەندەت ناتەواوە!

- قوربان چی ناتەواوە؟

تەمبرەکانی یەک قرشیان کەمە!

- بۆ یەک شایی ئەو عەزابەم دراوە؟! ئاغای موحتەرەم! نەدەکرا بە خێری خۆت - کە دەتزانی چەندەم زەحمەت دیوە و چەند دوورم - تاقە شایییەک تەمری پێوە نووسێنی؟!

- من بۆ پووڵی خۆم خەرج دەکەم؟ خۆت هاتووی تەمری یەکشایی بێنە!

پەروەندەکەت بەرەو حەسەکە. لە شامەوە چوارسەد کیلۆمیتر تا حەڵەب. لە حەڵەبەوە تا قامیشلی شەشسەد و پەنجا کیلۆمیتر، هێندێک کۆنە ئیسفاڵتی بە کەند و لەند و بەشی زۆری بە ناو تۆزی سەحرادا کە بەرازیش دەخنکێنێ. هەر ڕۆژە تەنیا ئوتووبووسێک بە ناوی پۆست وەڕێ دەکەوێ، دەگەڵ بردنی موسافیر نامەی پۆستیش دەبا. بەرەبەیان هێشتا نەبۆتە ڕۆژ، سواری پۆست بووم و پەروەندە کوێت لە باوەشدا، لە قاوەخانەی «ڕەققە» بۆ ئیستراحەت دابەزین.

چووبوومە سەر پێشاو، هاتمە دەر گوتیان پۆستە ڕۆیشت.

- چی؟ ئەی ماڵی وێرانم! پەروەندەکەی شەش مانگ لە دووی وێڵم لەسەر جێگاکەم لە ماشێندا بەجێ ما. ئەو جار چی بکەم؟

بە جادەدا غار دە! هەناسەبڕکەت بگاتێ؛ دەست بڵند کە! هاوار کە! ماشێن دوورە، دەنگم نایگاتێ و لە پێش کەوتووم. لەپڕ دیتم ماشێن ڕاوەستا. وە باو کەوتمەوە: ئۆخەی، گوێیان لە دەنگم بوو؛ ڕایانگرت. گەیشتمە ماشێن. بۆیە ڕاگیرابوو چونکە منداڵێکی چکۆڵە گووی کردبوو، دابەزیبوون خاوێنیان دەکردەوە. پروەندەیەکی سەیرە: لەسەر گوو گومم کرد، لە سایەی گوو دەستم کەوتەوە! ئارەقی ڕەش و شینم کردووە. بە دڵەکوتێ و هانکەهانک سوار بووم. بە شۆفێرم گوت: برا بەجێتان هێشتم؛ خوا هەڵناگرێ.

- لەسەر کام کورسی بووی؟

- هۆوە!

شۆفێر هەستا، شاگردەکەشی هێنا؛ عەرەبێکی کە لەتەنیشتمەوە بوو، ملی گرت و «چت خواردووە ترش و چەوەندەر؟»، بە شەق، بە مست شلی کرد؛ دمی دە خوێن هێنا. لە درگای ماشێنەوە هاویشتیە دەر:

- سەگی کوڕی سەگ! دەبێ لەم سەحرایە بەرەڵات کەم. پێش حەرەکەت چوار جار بانگم کرد: موسافیر تەواون؟

- بەڵێ. بەو ساگبابەم گوت: کوا کابرای تەنیشتت؟

- ڕۆیشت بۆ شاری ڕەققە، گوتی چیدی نایەم. تۆمەز تەماحی کردۆتە ئەو پەروەندە؛ لای وابووە پووڵی تێدایە. ئەگەر ماشێن ڕانەوەستایە، ئەو بێچارە چی دەکرد؟

بە تکا و ڕەجای من و چەند کەسێک، دزەیان سوار کردەوە و سێ چوار زللە و شەقی تریشی خوارد.

گەرمایەکی سەخت بوو. تۆزی ماشێنیش گاڵەی دەکرد. نەفەسم زۆر تەنگ ببوو، پەنجەرەی لای خۆم کردەوە، تۆز هاتە ژوور. لەو سەرمەوە کابرایەک گوتی:

- دایخە!

- لە گەرما هەڵناکەم، دەمەوێ بای بێ.

- دایخە بە تۆز خنکام.

- دایناخەم! وەرە جێمان بگۆڕینەوە، ئەگەر تۆ توانیت خۆت دایخە.

- ما فیکری تە چییە؟

منیش گوتم: ما فکرێ تە چییە؟

ئەم قسە وەک دندووک لە عەرزدانی دوو کەڵەشێران بوو کە دەیانەوێ پێک هەڵپڕژێن.

- هەستم تەنبێت دەکەم!

- تۆ هەستە تا باشت بیراز بکەم!

- ڕابە!

بۆ وێستاوی؟

کابرا مات بوو؛ سەری هەڵێنا: تۆ هەژار نیت؟

- با.

- خەڵەتی وا ناکەم دەگەڵت بە شەڕ بێم. بەڵام پێم ناڵێی: تۆی لە ئێران قاچاغ، لە عێراق قاچاغ، لە سووریا بێ کەس و بێ عاشیرەت، چۆن دەوێری شەڕ بکەی؟!

- ئاخر هەر بۆیە لە دنیا ڕاو نراوم کە لە سەر خۆم وە جواب هاتووم و دیفاعم لە حەقی خۆم کردووە. بە خوا هەستابای، بە پێلاقە لەسەر زگت هەڵدەپەڕیم!

گەیشتینە حەسەکە. لام وایە پتر لە شێست حەنباڵی کوردی ملەستوور، بە کورتان و گوریسەوە، هاتبوونە بەخێر هێنانی کابرای تەمامان بوو لێک دەین. شووتی و ترێ و دیاریی تریان بۆ هێنابوو. ترسام حەنباڵانم لێ دەنگ دا، کەوڵم داکەن. ئەو پیاوە «برایم مەتینی»، سەرۆکی مەتینیەکانی ئاوارەی لوبنان و سووریا بوو؛ کە عەشیرەتێکن و ئاوارەی ئەو ناوە بوون. ئیتر لەو ساوە دەگەڵیا زۆر بوومە دۆست و ئێستاش کە لە بێرووتە، سەلام بۆ یەکتر دەنێرین.

لە حەسەکە حەواڵەی لێژنەی نیزامی کرام، عومرەکەم بەراورد کەن. چوار ئەفسەری گەورەی شان بە بریقە لێمیان ڕوانی:

- درۆ مەکە! عومت چل ساڵ نابێ؛ دەتەوێ سەربازی نەکەی. ڕاست بڵێ چەندی؟

-قوربان منیان بۆیە ناردۆتە لاتان کە ئێوە هەموو پسپۆڕ و لە تەمەن زانن. خۆتان ئەگەر بە عیلمی خۆتان عەمەل بکەن، دەزانن کە ڕاست دەکەم؛ قسەی من زیادییە.

کەیفیان بەو تاریفە هات. یەکیان هەستا، دەتگوت کەر دەکڕێ: تماشای پشتی گوێ، لاملی کردم.

- درۆ ناکا! عومری چل و دوو ساڵ و چەند مانگێکە!

نووسرا؛ کەچی عومرم سی و شەش بوو!

- بچۆ دێریک، مەحکەمە قەرار بدا و پێناس وەرگرە.

هاتمەوە تربەسپی. باسوخواسم گێڕاوە.

- من نووسیومە ژنم ناوی مەعسوومە محەممەدە؛ کوڕێکم محەممەد، کوڕی چکۆڵەم ناوی ئاگرییە؛ ماڵ و منداڵ لە بەغدایە. چۆن بکەم؟

حەمەشەریف حاجۆ - کە کاری ئێداری لەلایەن حەسەناغاوە پێک دێنا - خۆی گەیاندە دێریک و هاتەوە.

- حاکمی دێریکم بە بەرتیلێک ڕازی کردووە کە سەنگ و سووکیمان دەگەڵ بکا و بێتە ماڵێک بازجوویی بکا. بەڵام دەبێ ژن و منداڵەکان حازر بن، ژنەکە خۆی جوابی حاکم بداتەوە.

- دەی ژن بە منداڵەوە چۆن پەیدا کەین؟

ژنێکیان لە عەشیرەتی کۆچەر دیتەوە، فێریان کرد خۆی بە ناوی مەعسوومەی کچی محەممەد و «نازێ» ژنی «عەبدوڕڕەحمان» و دایکی محەممەد و ئاگری بە حاکم بناسێنێ. ژن ئەوەندە زیرەک بوو، هەر بە دوو سێ جار گوتنەوە لەبەری کرد و منداڵی باوەشی ئامادە کرد. شاهیدی پیاویش دەبێ دوان بن. حەمەشەریف یەکێک بوو، عەزیز ناوێک کە ئاشنای ماڵە حاجۆیە فێر کرێ و کوڕێکی دە ساڵەی لە جێی محەممەد بێ. ژنێ - کە ئێستاش نەمزانی ناوی چییە - بە منداڵی خۆیەوە.

حەمەشەریف جیپی لێخوڕێ، چووینە دێریک، ماڵی عەزیز. عەزیزمان فێرە شایەتی کرد. کوڕێکی دە ساڵەی هەر ناوی محەممەد بوو، فێرمان کرد ئەگەر حاکم پرسی، دەست بۆ من و ژنەکەی ڕادێرێ، بڵێ ئەوە باب و دایکمن. حاکم پاش سەعات دوو هات. حەمەشەریف هەر پێم دەڵێ: سەیدا باش جواب بدەوە، مەشڵەژێ. بە ژنەکە دەڵێ: دەترسم دەمت تێک هاڵێ و لەبیرت بچێ کە دەبێ بڵێی چی. عەزیز ئاگات زۆر لە خۆت بێ غەڵەت نەکەی.

حاکم قاوەیەکی خواردەوە و فەرمووی با دەست پێ بکەین.

- ناوت؟

- عەبدوڕڕەحمان

- باوکت؟

- حەسەن.

- دایکت؟

- فاتمە.

- عومر؟

- چل و دوو ساڵ.

- لە کوێ تەوەللودت بووە؟

- مەعشووق

کوا ژنەکەت؟

ئەوەتا!

***

- ناوت؟

- مەعسوومە

- بات؟

- محەممەد

- دایکت؟

- نازێ

ژنی کێی؟

- ئەو کابرایە کە ناوی عەبدوڕڕەحمانە

- منداڵت؟

- محەممەد (کوڕی عەزیز هەرای کرد: من) و ئاگری کە بە باوشمەوەیە.

ژن وەک ئاوی ڕەوان، بێ گرێ گوتی. نۆرەی عەزیزی خانەخوێ هات. ئەویش هیچی لەبیر نەچوو. نۆرەی حەمەشەریف هات کە هێندەی ڕادەسپاردین سەهو نەکەین.

- ناوت؟

- حەمەشەریف حاجۆ

- ناوی ئەم پیاوە؟

- عەبدوڕڕەحمان

- ناوی بابی؟

ها، هە! ببەخشە لە بیرم چۆتەوە!

- کوڕە! باوکی عەبدوڕڕەحمان حەسەن ناوی چ بوو؟

باوەڕ کە لەبیرم نەماوە!

- حەمەشەریف! تۆ حەمەشەریف حاجۆ، یانێ بابت ناوی حاجۆیە. دەی عەبدوڕڕەحمان حەسەن، بابی ناوی چییە؟

- قوربان بە سەرت دەمزانی؛ ئێستا لە بیرم چۆتەوە!

حاکم لە قاقای پێکەنینی دا؛ بابە شایەتییەکەتم قبووڵە و کار تەواوە!

وەرەقەی داینێ بچین پێناس وەرگرین. چەند ڕۆژ هەر بەوە پێکەنیوین ژنەکۆچەر وا زمان ڕەوان و حەمەشەریف ئەم گوڵەی بە ئاودا دا. بەڵام بەرتیلی کارەکەی ڕاپەڕاندبوو. چووینە ئیدارەی شوناسنامە. لەوێش ئەفسەرێک پێناسی دەنووسی. ناوی «ئاگری» قبووڵ نەکرد، گوتی دەبێ ناوی عەرەبی بێ. گوتم: ئەگەر ناوی بنێم کیلاب (سەگەل) چۆنە؟!

- ناوێکی خۆشە! ناوی یەکێک لە ئەجدادی پێغەمبەرە!

- ئەدی «شێر» چۆنە؟

- شێر چییە؟

- یانی ئەسەد.

- قبووڵ نییە!

- دەسا بنووسە مستەفا.

لەو ساوە ناوم بوو بە «عەبدوڕڕەحمان حەسەن»؛ بەڵام خەڵکی قامیشلی ناویان نابووم «حاجی».

حەسەناغا مەزن بوو؛ خۆی دە کاروبار نەدەگەیاند جەمیلاغا کاری دەشت و باغ و کاسبی لە مل بوو. چەچاناغا شەرعی ڕەعیەتانی دەکرد. حەمەشەریف پیاوی دەرک و دیوانان بوو. پیاوێکی زۆر قەڵەوی زگ زل، ڕووحسووک، قسەخۆش، زۆر لەسەرخۆ و پشوودرێژ، قەت تووڕە نەدەبوو. هەمیشە پێدەکەنی بەڵام بە ڕۆژ لێت بپرسیبا ئەمشەو چت خواردووە، لە بیری نەدەما. لەکن پیاوانی دەوڵەت لە قامیشلی و حەسەکە زۆر خۆشەویست و موحتەرەم بوو. ڕۆژێک تیلگرافێک هات: «حەمەشەریف حاجۆ! دووشەممە سەعات هەشت خۆت بە دادگای حەسەکە بناسێنە».

یەکشەممە بوو. حەمەشەریف ڕۆیشت. سبەی ئێوارە هاتەوە.

- ها، خێر بوو؟

- خێری لەوە خۆشتر چۆن دەبێ؟! دادڕەس عارەبێکی عەگاڵ بەسەری نیشان دام:

- ئایا وەختێ کە تۆ لە حەسەکە کلاسی چواری ئیبتدایی بووی، زەوی ژمارە ٢٥٦ لە دەشتی بەرچیای عەبدولعەزیز، بە دەست ئەو پیاوەوە بوو؟! دەڵێ حەمەشەریف شایەتمە!

- برای عەرەب! جگە لە من شایەتی ترت نییە؟

- نە بە خوا.

- دەسا دۆڕاندت! جەنابی حاکم! بوومە گاڵتەجاڕی برا و ئامۆزاکانم. بەیانی لێم دەپرسن شەو چمان لێنابوو؟ لە دە جار، جارێک نایزانم! سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، پارچە زەوی ژمارە ٢٥٦، لە دەشتی حەسەکە، خوا ئەیزانێ دەشتی بەر چیام لە بیر نەماوە تا ژمارە و کابرای وەرزێڕی، چ جای پارچەیەکی بناسم!

حەمەشەریف دەیگوت: ڕۆژێک من و جگەرخوێن - کە ئەویش وەک من زگ زلە - لە دیوەخان نوستبووین. کابرایەکی گوندی سەری بە ژوورا کرد، گوتی: ححم! خۆزی ئەو هەر دوو گای من بان!!