زیارەتی خالید بەکداش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  946 مشاهده

جگەرخوێن و «هاراکێل» ناوێکی ئەرمەنی هاتنە شام، کە بچینە زیارەتی خالید بەکداش. «دوکتور نوورەددین زازا» و منیش ڕەگەڵیان کەوتین. چووینە ماڵ لە گەڕەکی کوردان. خالید بەکداش - کە پیاوێکی کەڵەگەتی چوار شانەی زۆر بە سەر و سیما بوو - هاتە لامان. بە خێراتنی گەرمی کردین و بە کوردی دەیدواندین. قاوەیان هێنا. بەر لەوە هیچ گفتگۆیەک بکەین، سرتەیەکیان دەگەڵ کرد، گوتی: کارەکە گرینگە! تکاتان لێ دەکەم سەرم بدەنەوە؛ ئێستا دەبێ بڕۆم.

هەر ئەو ڕۆژە تووشی هەر شیووعییەک دەبووم - عەرەب یان کورد - دەستی توند دەکوشیم: تەبریکت عەرز دەکەم! هەواڵی خالید تۆی زۆر پەسند کردووە و دەڵێ زۆر زیرەکە؛ خۆشم دەوێ! سەرم سووڕ ما: خودایە! «بە خێر هاتی، سەلامەت بی، چۆنی؟ خراپ نییم»، زیرەکی چی و تاریفی چی؟! ڕۆژی سێهەم چووینەوە. قسە زۆر کرا، پرسیار دەکرا، وەرام دەدرایەوە. گوتم:

- هەواڵی خالید! ئیجازە بدەی چەند پرسێکم هەیە.

- فەرموو!

- هەرمەنییەکانی سووریا چەند دەبن؟

-دەهەزار کەس.

- یانی دووهەزار خانەوادە. هەموویان کۆمۆنیستن؟

- نەخێر، نەخێر سەتی هەشتا داشناگن، سەتی بیست هەواڵی ئێمە، یان لاگیرمانن.

- هەواڵی کوردی سووریا چەندن؟

- جگە لە دانیشتووانی ئیعزاز و عیفرین، ڕەنگە چوارسەد هەزار نفووس ببن.

- سەتی چەندیان لاگیری حیزبی شیووعین؟

- سەتی نەوەد و دوو، ڕنگە پتریش.

- نەشرەی حیزبی بە چەند زمان بڵاو دەکرێتەوە؟

- بە عەرەبی و خەتی ئەرمەنی، ئاراکێل دەزانێ!

ئەدی چۆنە بۆ ئەو هەموو کوردە کە هەواڵن و عەرەبی نازانن، نەشرەیەک بە کوردی و بە خەتی لاتینی کە زۆربەیان دەیزانن بڵاو ناکەنەوە؟!

هەواڵ خالیدی وا گران و سەنگین، وەک دڕووی بن کلک دەی، لە سەر چۆک چەقی، سوور و ڕەش هەڵگەڕا، هەتا هێزی تێدابوو نەڕاندی:

- دیسان کورد! دیسان کورد! ئای چۆن لێم بۆتە بەڵا! بۆ ناچن لە ئێران کە نیو ملیۆن کوردی هەیە داوای حەقی کورد ناکەن؟! نەقڵی ئەوە پەیامنێری ڕۆژنامەی تایمز وتووێژم دەگەڵ دەکا، باسی وڵاتی عەرەبی بۆ دەکەم، دەڵێ: تۆ کە کوردی دەربارەی کوردستان فکرت چۆنە؟!

من ڕەئیسی حیزبی کۆمۆنیستی سووریە و لوبنانم، قبووڵ ناکەم جگە لە باسی عەرەبم لێ پرسن؛ تێگەیشتی؟!

- هەواڵی خالید! من گوێم گران نییە؛ لاشت وا نەبێ قسەی بەقەو کردن کارم چاکتر لێ دەکا.

زۆرم دەنگی بەرز بیستووە. بۆ لەسەرخۆ جوابت نەدامەوە؟ ئەو جار پرسیارێکی دیکەم هەیە؛ تکایە لێم گەڕێ عەرزت بکەم.

- بڵێ! (وەک لە ئەشکەوتدا بنەڕێنێ!)

- تۆ پیاوێکی، بە شایەتی هەموو خەڵکی وڵاتی عەرەب، لە هەموو کەس زاناتری بە ئەحواڵی دنیا و گەلانی دوور و نزیک. ئێرانی داگیرکەری کوردستانی پادشایەتی کۆنەپەرست ئیقرار دەکا کە کوردی ئێران خۆ لە چوار ملیۆن دەدەن؛ تۆ کە لێم ڕوونە دەزانی لە شیلی و بەرازیل چەند مریشک هەیە، چۆنە دەفەرمووی کوردی ئێران نیو ملیۆنە؟!

- وام خوێندۆتەوە!

من وا بیر دەبەم تۆ لە «دائیرەتولمەعاریف»دا بۆ ناوی کورد گەڕاوی. لە ڕووپەڕی هەووەڵدا دەڵێ کوردی موکریان نیو ملیۆن دەبن. نەشپەڕیویەوە بۆ ڕووپەڕی بەرانبەری کە دەڵێ ئەگەر کوردی لای سەڵماس و خۆیە و ورمێ بە موکریانی حیساب کەین، کوردی ئازەربایجان نزیکەی هشتسەد هەزارن.

نازانم دەیەویست چیم جواب بداتەوە، دوکتور «نورەددین زازا» بە فەڕانسی قسەیێکی کرد؛ هەواڵ خالید گرژ بوو، ئیتر نقەی لێ نەهات. دیار بوو بەو قسە زۆر ڕقی هەستابوو. هەستاین خواحافیزیمان کرد. ئیستا و ئێستاش هەرچەند لەبەر دوکتور زازا پاڕامەوە، پێی نەگوتم چی پێ گوتووە. ئیتر لەو ڕۆژەوە تەبریک عەرزکردن نەما. تووشی هەر شیووعییەک دەبووم لووتی هەڵدەکرد. دیانگوت: هەژار عەلامەتی ئیستفهامی لە سەرە! کە نەمدەزانی مانای چییە؟!

دوکتو زازا گوتی: شەوێک چوومە سەردانی «فواد قەدری» کە وەکیلی پارلەمان بوو. خالید بەکداش هات؛ زۆر زوو ڕۆیشت. فواد - کە بۆ بەڕێکردنی چووبووە دەر - هاتەوە، پێدەکەنی:

- خالید بەکداش دەڵێ: نوورەددین مەعمووریەتی هەیە و گومانی لێ دەکرێ، خۆتی لێ بپارێزە!

لە بیرم چوو ئەمەش بڵێم: لە سەرەتای دانیشتنماندا کوڕێک هاتە ژوور و بە سرتە دواندی. خالید بەکداش زۆر گەشاوە:

- بە خوا خەبەرێکی خۆشە! ئەوە لە کوێدا نووسراوە؟

- لە ڕۆژنامەی تایمزی لەندەندا.

- وا مزانی تاس نووسیویەتی! هیچ نییە!