جەماڵ حەیدەری و کتێبەکەی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  921 مشاهده

ئێوارەیەک ئەبوو ئەییووب گوتی: میوانێکی عێراقی زۆر ڕووتم هەیە؛ دەڵێ لیرەیەک حەقی خەو پێ نادرێ. بۆ ناچی بیبینی؟ خۆی پێ ناساندم: «جەماڵ حەیدەری» سکرتێری حیزبی شیووعیی عێراقی:

- ئەمساڵ لە پاییزی پەنجا و شەشدا، لە کۆنگرەی حیزبدا، بڕیار درا کوردستان ماڵی کوردانە و کورد حەقی هەیە کوردستانی گەورە درووس کا و ئێمەش یاریدەی دەدەین. بەرهەمی کۆنگرەمان کردۆتە کتێب. دوو نوسخەمان زیراکس کردووە؛ یەکیانم بۆ خالید بەکداش هێناوە.

- سەیرە! ئێوەی نەتاندەهێشت ئەندامی کورد بە زمانی خۆی قسە بکا، چۆنە ئێستا باسی کوردستانی گەورە دەکەن؟!

- ئاخر برا ئێستا کە فشاری دەوڵەت زۆر بووە و برا کوردەکانیشمان هێزێکی باشن، سیاسەتمان دەبێ بگۆڕین!

- بەڵێ: «بۆز بە لەڕی»... ناتوانم بیخوێنمەوە؟

- هەر ئەمشەو دەتدەمێ. بەیانی تاوهەڵات دەبێ بیبەم بۆ هەواڵی خالید.

هەر لە نوێژی شێوانەوە، بەر لەوە هیچ بخوێنمەوە، بە پەلەپەل بە میداد تا بەرەبەری تاوهەڵات سەر لەبەری کتێبە بۆرم نووسیەوە. ژمارەی سەفحەکانیشم نیشان کرد کە باسی کوردی تیایە. کتێبێک پتر لە چوارسەد ڕووپەڕ بوو. تاوهەڵات کتێبم داوە؛ گوتم: چاوێکم پێدا خشاندووە؛ زۆر باشە! ئەمجار بە کاوەخۆ هەرچی دەربارەی کورد و کوردستان بوو جیام کردەوە؛ کە لە فڵان ڕووپەڕدا وا دەڵێ و لە فڵان جێدا، وا.

- ئاپۆ عوسمان فریا کەوە!

- هەر زۆر زوو کردیە نامیلکەیەکی سەربەخۆ. پێشەکییەکی بە عارەبی لەسەر نووسی کە: با بمرن ئەوانەی دەڵێن شیووعی بۆ کوردستان حەول نادەن و باوەڕیان بە قەومیەت نییە!

- چۆنی چاپ کەین؟

پیلی کێشام بۆ چاپخانەی تەرەققی لە گەڕەکی شیعەنشینی شام. گوتی: عەزیز ئەمە چاپ کە؛ ناوی خۆتی لێ مەدە!

دیارە قاچاغە؟

- بەڵێ؟

- فۆرمەیەک چل لیرەی حەقە کە هەزار نوسخە بێ.

هەر بە چوار ڕۆژ ئامادە کرا. ئاپۆ و من، جا بە باوەش هەڵگرە و بە چاپخانەی عێراقی و کۆمۆنیستانی سووریەوە بگەڕێ. هەر یەکەی سەر و نوسخە بە خۆڕایی وەرگرن. هەواڵی خالید جەمالی هێنابووە داری سەماواتی:

- بە من دەڵێن کەس نەیدیوە و کەس نایبینێ و قسەکە لەناو خۆماندا دەمێنێ؛ کەچی دەچی پاش ملە ئەو گووکارییە دەکەی؛ کە نرخ و ئیعتوباری مارکسیسمی ڕاستەقینەش لە بەرد دەی؟!

- هەی بە تەڵاق! هەی بە قەبرێ لینینی چۆتێ! عیلم و خەبەرم لێ نییە؛ دیارە پیاوی ئامریکا ئەم کارەیان کردووە!

بەڵام بێبەهرە بوو؛ جەمال تڕۆ کرا. وەک دەرمانی چاوێشە لە نوسخەکان دەگەڕان کۆی کەنەوە و بیسووتێنن!