لاقە ئەولیای «ئەییووبی ئەکراد»
از کتاب:
            چێشتی مجێور
        اثر:
                هژار (1921-1991)
        
             1 دقیقه
             1712 مشاهده
        
        
    لە کوردستان بیستبووم مەرقەدی ئەولیایەک بە ناوی «ئەییووبی ئەکراد» لە شام هەیە؛ لاقێکی لە قەبرەکەی دەرێناوە و هەر هەفتەی لاقەولاق دەکا. بابم کە لە ڕێی حەج چووبووە زیارەتی؛ دەیگوت: ئەو لاقە بە فێڵ دەزانم، ڕەنگە مۆم بێ. چوومە زیارەتی. لە سەر دەرگای مەرقەدی لە بەرد هەڵقەندرابوو: «پونبوغ بابا ئەکرادی ئەییوبییەن ئەولیائەڵڵاسی بیری در»: بابەلۆکە یەکێکە لە مشایخی کوردی ئەیووبی بەڵێ لاقێکی سپی و جوان و قەڵەو دەناو لۆکەدا لە شباکەوە دیارە. ناهێڵن دەستی لێدەی. بە خاوەن ئوتێلم گوت:
- ئەبوو ئەییووب! ئەم لاقەت پێ ڕاستە؟
- بەڵێ مۆجزاتە.
- جا بۆ چی لە قەبرەوە دەریهێناوە؟
دەڵێ: ئەم لاقە بە هینی ژنی ئەو عەرەبانەی لایان وایە کورد ئەولیای نییە!