شێخ عابید
شێخ عابید: بە خەیاڵ بێنە بەر چاوی خۆت: درێژێکی باریکی ناقۆڵای شان داتەپیو! ملێکی سیسی چڵکن، دەموچاوێکی درێژۆکە، دوو چاوی پرووش، لووت درێژی دەندووکە داڵاشی، سەرێکی درێژی کەچەڵ کە یەک تووکی پێوە بێ، لە خەنە درابێ، شڵەیەک بێ پڕ لە پەڵەی سپی و خەنەیی، ئەوە شێخ عابید بوو! کوڕی مەلایەکی زاخۆیی، لە ئێران دەگەڵ مەلا مستەفا بووە، لە گەڕانەوەی بەرەو عێراق، لە سەر بریندارێکیان بەجێ هێشتووە کە لە بەفردا گیری خواردووە؛ تفەنگەکەی ڕفاندووە! لە هەولێر ماڵ و منداڵی پێکەوە ناوە، چوار کوڕ و کچی هەیە. لات و سەرسەری و گەللایی ڕایدەبوێرێ. قەدەرێک لە سووریە ماڵیات کۆکەرەوە بووە؛ دزی کردووە و ناوێرێ بچێتە سووریە. کوڕێکی دانشجوو بوو؛ تا خوا حەزکا نەجیب و بەئەخلاق. لەوەوە باوکیم ناسی کە کوڕ ڕۆژی جومعان کاری نەققاشیی ماڵانی دەکرد و باوکی لێی دەدزی! شکاتی لای من دەکرد. ڕۆژێک لە جزیرە پەیدا بوو:
- سەیدا چ بکەم؟ لە بەغدا بە تۆمەتی بێکاری چل ڕۆژیان گرتم. هاتوومە ئێرە، لێرەش پێم بزانن قاچاغم...
نامەم بۆ ئەکرەمی حاجۆ لە حەسەکە نووسی: «تۆ دەتوانی پێناسێکی سووری دەگەڵ ڕەعییەتە عەرەبەکانت بۆ وەرگری، تکایە یاریدەی بدە!». تێمگەیاند ڕاست بچۆ ماڵی ئەکرەم؛ لە هیچ کوێ لا مەدە! تەشریفی لە ڕێوە چووبووە قاوەخانە، بە عارەبیی عێراقییانە ملی شات و شوت نابوو: سێسەد سەرباز و ئەفسەری ئێرانیم بە ئەسیری گرت و بۆ مەلا مستەفام برد؛ تانکێکم شکاند؛ چیم کرد و چیم کرد! پۆلیس قڕ گرتوویە. خەبەری بۆ ئەکرەم ناردووە، ئەکرەم لە زیندانی دەرێناوە؛ جلی بۆ کڕیوە و هاتۆتە شام، بۆتە پەناهەندەی عێراقی. لە ئولێلەکە دیتمەوە:
- دەی چۆنی؟
- خودێ مانگێ دە دینار وەردەگرم، تێرا ئارەقم ناکا!
- ماڵ و منداڵ چی؟
- گەلەک باشن!
ڕۆژانە کتێبێکی - کە پشتەکەی چەکچ و داس یان عەکسی شیووعییە زلەکانی پێوە با - دەبردە قاوەخانەی کۆمۆنیستان، لە سەر لا ڕادەکشا کە هەموو پشتی کتێب ببینن؛ یانێ ها منیش شتم! مامۆستا، مامۆستا کەری نێر نەیدەکێشا. نامەیەکی لە بەغداوە بۆ هات؛ هەڵمپچڕی، کوڕەکەی نووسیبووی: بیستوومانە حقووق وەردەگری. تۆ لەوێ ئارەق دەخۆیەوە، ئێمەیان لەسەر کرێ نەدان دەرکردووە. لەناو کاولێکداین؛ جا وا دەبێ؟ شێخ عابیدم لۆمە کرد: نامەرد وا دەبێ؟!
- سەیدا من سەد لیرەی سووری وەردەگرم؛ چی بنێرم؟
- ئەگەر وەک من بکەی، ڕۆژێ بە ئوتێلەوە بە دوو لیرە بەڕێ دەچی. چل لیرەش بۆ منداڵەکانت بنێرە!
- تۆبە لە سەر دەستت: بۆ خۆت پووڵی من وەرگرە، چی دەڵێی وا دەکەم، دەمیش لە ئارەق نادەم. سەری مانگ هەشتا لیرەی هێنا و مەستیش بوو:
- بە خوا بیستەکەم لە قەرز دایەوە!
- ئەمجار قانت بێ؛ ئیتر بەسە.
- تۆبە لە سەر دەستت...
گوتم: بۆ عەریزە نادەی بە دەوڵەت کە من باوکم هەزار تفەنگچی هەیە؛ لە زاخۆیە. نووری سەعید لێی دەترسێ. شیلە وا بیلە وا. عەرەب کەرن؛ لێکی نادەنەوە؛ لەوانەیە حقووقت زیاد کەن.
- دە بۆم بنووسە دەیخەمە پۆستەوە.
- دوای چەند ڕۆژێک بە پەلە هات: سەیدا! سەبری عەسەلی سەرۆک وەزیر داوای کردووم.
- بچۆ!
- قەت وەزیرم نەدیتوون؛ سام دەمگرێ. فێرم کە!
- بچۆ ژوور، کڵاوت داگرە، سەرتی بۆ دانەوێنە، بڵێ ئەو سەرەم لە ڕێدایە! ئەگەر گوتی چت دەوێ. بڵێ قوربان ئارەق و قەحبە زۆر گرانە، بۆ پەناهەندان کۆپۆنمان دەنێ با لە سەر حیسابی دەوڵەت بێ!
- سەیدا تۆ گاڵتەم پێ مەکە!
گوتم: هەر چی لە عەریزەکەدا نووسراوە بیڵێ و بڵێ پارەی بابم نامگاتێ، حقووقم بۆ زیاد کەن؛ بڕایەوە.
شێخ لە وەتاغی چاوەنۆڕی چاوەنۆڕە.
- فەرموو بچۆ ژوور.
گوتی: هەر وە ژوور کەوتم، باسی کڵاو داگرتنەکەم هاتە بیر، لە پڕمەی پێکەنینم دا. سەرۆکوەزیر ترسا، گوتی: چییە؟ شێتە؟!
- نا قوربان، هەڵامەتمە.
- چای بۆ بێنن.
چام بە دەمەوەیە دەیخۆمەوە. پرسی: دەی دەتەوێ چت بۆ بکەین؟ نەقڵی کۆپۆنەم وە بیر هاتەوە، لە پڕمەم دا، لیک و چڵمم دەگەڵ چایی تێکەڵ بوو! بانگی کرد: بیبەنە دەر! ئەوە شێتە! دەریانکردم. ئەوەش بەزمی تۆ!
پاش حەوتەیەک بە پێکەنین هات: سەیدا! هەشتا لیرەم حقووق بۆ زیاد کراوە؛ زۆرت مەمنوونم. ئەمجار هەشتام دەدا بە خۆی، سەتم بۆ منداڵەکانی دەنارد.
شێخ غەیب بوو؛ نەهاتەوە. ئوتووچی و خاوەن ئوتێل گوتیان پووڵی ئێمەی لە سەرە. گوتم لە سەر من. پاش پازدە ڕۆژ شێخ هاتەوە. لە دوورەوە دەیگوت: بەتاڵم کرد! نامەوێ! سەگی سەگباب!
- وەرە سەرسەری! لە کوێ بووی؟ ڕاستی بڵێ!
- کوڕە دەگەڵ پیرێژنێکی هەشتا ساڵەی ڕووس، کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبر هەڵاتووە، بوومە دۆست؛ چوومە ماڵی. زۆر خۆش دەژیام. شەوانە لەبەر ڕادیۆگرام ڕەقسمان دەکرد. چاوێکی دەسکرد بوو؛ مەمکی پەڕۆ بوو؛ سەری کەچەڵ بوو - وەک خۆم - پرچی لە بازاڕ کڕیبوو؛ ددانی تاقم بوو. کەچی دوێنێشەو لە ڕەقسا قنگی لێ کەوت! ئەویشی نەبوو! بەتاڵم کرد و هاتوومەوە ئوتێل!
- دەی سندان لە سەرت دا بۆ ئەو دڵدارییەت!