دەگەڵ زەبیحی لە شام

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  938 مشاهده

زۆرم شیعر لە جزیرە نووسیوە لە دیوانەکەمدا ئیشارەیان پێ کراوە. زۆر جار لە جزیرەوە دەچوومە شاری شام.

دەگەڵ زەبیحی - کە سەرکارگەری دەکرد - ڕامدەبوارد. دەچووینە ماڵی «ڕەوشەن خانم» بێوەژنی «جەلادەت عالی بەدرخان» کە مودیر مەدرەسە و ژنێکی زۆر زانا و ئەدیب و کوڕێکی جحێڵی بە ناو «جەمشید بەدرخان» و کچێکی گەورەی بە ناوی «سینەم بەدرخان» هەبوو.

جاری وابوو دوو مانگ لە شام دەمامەوە. هەرگا بۆ مەخاریج دادەمام، بە عەکاسانی ئەرمەنییەوە دەگەڕام، جامم بۆ ڕتووش دەکردن، عەکسم بۆ چاپ دەکردن و حەق دەستێکم دەستاند. مەخاریجم کەم بوو.

لە ئوتێلێک دەژیام هیی کوردێکی عەرەب زمانی کوردەکانی شام و ناوی «ئەبوو ئەییووب» بوو. شەوانە لیرەیەکی سووریم دەدا کە دەبووە دوو تمەن. بەرچایی دوو نانی گەورەی خۆماڵی ژنە درووزان کە هەر نانە جوانەکانی سابڵاغ بوو، دەمکڕی و دەچوومە دووکانی «فولی مودەممەس» فرۆش. چەندی دەخۆی بە سی فلس. باقلەی کوڵاوی ناو ماست، ڕۆن و پیواز بە سەرەوە، هێندەم دەخوارد هەر درینگەم دەهات. ئیتر تا شەو برسی نەدەبووم. شەوانەش چەند دانە فلێفلە - کە تۆزێک هەویرە و دە تۆزێ بیباری سوور، لە ڕۆندا سوور دەکرێتەوە؛ خواردنی فەقیرانە و زۆر هەرزانە - دەمکردە شێو. ڕۆژێ دوو تمەن لە سەرم دەهات و لە پێم دەردەچوو؛ بەو شەرتە پووڵی چاییخانەشم دەدا. چاخانەیەک هەبوو خاوەنەکەی ناوی «ئەبولعیز» بوو؛ ببووە مەکۆی هەموو پەنابەرانی ئاوارەی عێراقی. چایییەک بە چارەگە لیرەیەک (پێنج قڕان). یەک چات خواردباوە، تازە ئەو ڕۆژە بیست جاریش بڕۆیبای و هاتبایەوە، کەس نەیدەگوت کەرت بە چەند. ڕۆژانە لەو چاییخانە دەگەڵ «عوسمان سەبری» شاعیر - کە بە «ئاپۆ عوسمان» دەماندواند - تەختەمان بازی دەکرد. زۆر جار لەسەر فێڵکردن بە گژمدا دەهات و زوو ئاشت دەبووینەوە. پێکەنینی خۆشمان بە سەلیم ناوەکەی کۆنەسەرۆکی شیووعیی عێراق بوو کە هەمیشە چۆرتی دەدا و دەمی ئاواڵە دەکرد و مێش لە زاری دەچوونە ژوور و دەردەکەوتن!