سەیرێکی جێژوانی مەم و زینان
خەریکی نان خواردن بووین، محێدین حاجۆ (کوڕی یووسف حاجۆ) هاتە ماڵ.
- سەیدا! نایەی بچینە گەڕانێک؟ بەهارێکی زۆر خۆشە.
- بۆ کوێ؟
- دەچینە «عێن دیوەر».
دەگەڵ محێدین و دوو لاوی تری ماڵە حاجۆ، لەناو جیپدا بیرم دەکردەوە: هەیاران! لە هاوینی پەنجا و شەشەوە لێرەم. چۆنە زیاد لە هەموو دەمان، ئەمڕۆ دەمبەنە سەیرانێ؟! عێن دیوەر بەڕاستی شوێنێکی خۆشە. لە سەر چیایەکی نەرمی زۆر بەرزەوە دەڕوانێتە ڕووباری دەجلە و پڕە لە باغ و باغات. شەو تا پاش نیوەڕۆی بەیانی لەوێ ماین. گوتیان با بچینە شاری جزیر و بۆتان.
- چی؟ جا ڕێمان دەدەن؟
- بەڵێ، هاتوچۆی سووریەکان بۆ ناو شار ئازادە، شتی خۆیان لە بازاڕی ئەوێ دەکڕن.
مودیری پۆستی پۆلیسی عێن دیوەر گوتی: منیش بەرن! دووربینم هەیە سەیری چیای بۆتانی پێ بکەن! گەینە بەستێنی شاری جزیر. لەبەر ئەوە پۆلیسمان دەگەڵە ڕێگەی چوونە ناو شاریان نەداین؛ بەڵام هەموو ماڵی شار و دەوروبەری، وەک هێلکە لیمانەوە دیار بوو. کوردێکی تەمەن چل چل و پێنج ساڵی هاتە لامان؛ خەڵکی شار و زۆر شارەزا بوو. بە ئیشارەتەوە بۆی گوتین:
- ئەوە کۆشکی بەڵەکە کە ماڵی میرانی جزیر بووە و ئێستاش سەربازخانەی تورکانە. ئەو کانی و ئاوە لە قەدی گردی پشت ماڵانە، «کانی قەستەلێ»یە؛ کە جێژوانی مەم و زینان بووە.
بە هۆوە دڵێن «نێزگزان»، ئەو دەشتۆکە «وەستان». هۆو نێوان گردانەش کە دەجلەی بە ناودا تێدەپەڕێ «دەروازە» و ئەو ئاقارە «هۆمەران» و ئەولاتری «مەیدان»ی ناوە...
لەپڕ دەڵم گەرم داهات؛ ڕامکرد و دوور کەوتمەوە. چوومە ناو کۆنە قەبرستانێکەوە، سەرم بە کێلێکەوە نا و گریام، ئەمما گریان... سەرم بە هەنیسکانەوە هەڵدەگیرا. لام وایە پتر لە دە دەقیقە کوڵی گریانم لە جۆش نەکەوت. هێدی هێدی ئارام بوومەوە و چاوم سڕی. ڕوانیم هاوڕێکانم لێم دوور وێستاون و لە عانی گریاندا نەهاتوون سەبەبم لێ پرسن. لەو دەمەدا کە پیاوە جزیرییەکە ناوی شوێنەکانی دەگوت، کەوتە دڵمەوە: من دوێنێ لە تەرجەمەمی مەم و زین بوومەوە. تۆ بڵێی خانی لە تەرجەمەکەم ڕازی بووبێ و لێ پاداشتا ئەو سەفەرەی بۆ ڕێک دابم؟ کە شارە خۆشەویستەکەی، لانکی دڵداریی مەم و زینانم نیشان دا؟ ڕەنگە وا بێ... ئیتر گریان ملی گرتم و ئارام و ئۆقرەی پێ نەهێشتم. واتا وەک دەروێش جەزمە گرتمی.