وەرگێڕانی مەم و زینی خانی بە موکریانی
منیش وەک هەموو کوردێک زۆر عاشقی مەم و زینی خانی بووم. لە ئێران دیبووم، هەر فارسییەکانیم دەزانی. کە عارەبی فێر بووم کرمانجییەکەم نەدەزانی. بەڵام بە کرمانجی فێربوون ئەو گرێ کوێرەشم بۆ ڕەها بوو. مەلایانی جزیری - کە فارسییەکانیان نەدەزانی - زۆری تێدا کۆڵ بوون. «بۆ نەیکەمە سۆرانی؟» شانم لێ داخست. شەوانە پاش منداڵ نووستن، چەند بەیتێکی مەم و زینم بە پەخشانێکی سادە وەردەگێڕا. کتێبم وەلا دەنا، پەخشانەکەم بە شیعر دەهۆندەوە، تا قافیە و دەقی شیعران دووپاتە نەبنەوە. گوندەکە بەرقی هەبوو؛ کە ماڵە حاجۆ ماتۆڕەکەیان کڕیبوو. بە ئاسایی سەعات یازدە، پاش دیوەخان چۆڵ بوون دەکوژاوە، دەبوایە لە بەر چرای نەوت بنووسم. بەڵام ئەگەر لاوان خەریکی ڕابواردن و ئارەق خواردن بوونایە، نیعمەت بوو؛ بەرق تا درەنگانی شەو هەبوو.
نەخۆش بووم؛ زۆر دەکۆخیم. شەوانە لە نووسیندا زۆرم سیغار دەکێشا. مەعسووم بە کزێکەوە دەپاڕاوە: ڕوحم بە خۆت بکە! هێندە مەکێشە! ناچار زوو زوو قونچکە جغارەکانم دەشاردەوە تا وا بزانێ کەمم کێشاوە!
دە پێشدا، پێشەکییەکانی - کە سۆفیایەتییە - لەبەر گرانی بۆم نەکرا. کاتێ خەلاسم کرد، بامدایەوە سەر عیرفانە پێشەکییەکان.
وەک لە چاپی مەم و زینەکەمدا نووسیومە، لە بیست و دووی بەفرانبارەوە تا بانەمەڕی ١٩٥٨ وەرمگێڕا. زستان کە شەوانە لە ماڵ دەمنووسی، لە بەهاردا ڕۆژانە دەچوومە باغی گوند کە زۆر شوێنێکی وەک دەڵێن شاعیرانە بوو. سەعات نیوی پاش نیوەڕۆ ڕەشنووسەکەم تەواو کرد. لە خۆشییان دەتگوت فڕیم. هاتمەوە ماڵ، هەر لە دەرکی حەسارەوە قیژاندم: «تەواوم کرد!». ئای لەو خۆشییە!