بەرەو سووریا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  817 مشاهده

کابرایەکم دەناسی خەڵکی سلێمانی بە ناوی «مەلا عەلی کولتەپەیی» دەیگوت کۆنە ئێرانیم. جحێڵێکی چاو برۆ و سمێڵ ڕەشی بە شان و باهۆ، زیرەک و خوێنشیرین، کارمەندی ئیدارەی ڕێوبان چاکردن بوو. نزیکترین هەواڵی زەبیحی و قزڵجی و من بوو. ڕۆژێک لە دووکان هاتە لام: کاکە! دوو ڕۆژ پێشتر خەبەرم دا قزڵجی و زەبیحی کە هەڵێن، دەتانگرن، بە قسەیان نەکردم. ئەمشەو لە قەتار پۆلیسێکی سیڕڕیم دی، سەرخۆشم کرد؛ پێم درکاند کە فەرمانی گرتنی تۆی پێیە. تۆ دوو ڕۆژ مەیە دووکان! لە دووکان خۆم دزییەوە. ڕۆژی پاشتر پۆلیس هاتبوو لێم گەڕابوو؛ دووکان داخرابوو؛ جیران دووکان بۆیان گێڕامەوە. دەبوو هەڵێم. خۆم گەیاندە ماڵی عەبدوڵڵا شەریف، گوتیان ئاغا خەوتووە؛ لەپڕ هاتە دەر. بۆم گێڕاوە و گوتم: چۆن بڕۆم بۆ سووریا؟ زۆری حەول دا کە دەتنێرمە هاوینەهەواری سەلاحەددین؛ بە سەر کافە ڕستورانەکەی ڕابگە؛ قبووڵم نەکرد. بە یەکێکی گوت حەفتا دیناری بۆ بێنە! نەمویست. کارتێکی دەرێنا، سادە؛ تەنیا ناوی خۆی پێوە بوو. هیچی لێ نەنووسی: ها! لە مووسڵ ئەم کارتە بدە بە «حەسەن تۆحەلە». جەلال حەوت دیناری لە دەخڵی دووکان دامێ و ئەنگوستیلەیەکی زێڕی قامکی خۆی دە قامکم کرد کە ئەگەر پەکت کەوت بیفرۆشە. بەڕێی کەرکووکدا هاتمە شەقڵاوە؛ کە منداڵەکانم لەوێ بوون. عەبدوڵڵا عەلی و عومەر دەبابە - کە لە حیزبی پارتیدا زۆر گرینگ بوون - گوتیان: خەمت نەبێ! حیزب مانگێ دوازدە دینار دەدا بە منداڵەکانت، تا خوا ڕوحمێک دەکا. عەبدوڵڵا قەولی دا کە وەک برایەکی عەزیز منداڵەکانم لە ماڵە خۆی چاوەدێری بکا و هەست بە بێکەسی نەکەن.

لە شەقڵاوەوە چوومە مووسڵ. حەسەن تۆحەلەم دیتەوە؛ لە دەوڵەمەندە هەرە زلەکان. کارتەکەم دایە، گوتی: عەبدوڵڵا شەریف زۆر زیرەکە، دەیەوێ هەموو کۆمۆنیستەکان لە عێراق وەدەر نێ و لە شەڕیان خەلاسی بێت!

- من شیووعی نییم.

- من دەزانم، تا ئێستا پتر لە بیست کەس وەک تۆی بە مندا ناردۆتە سووریە.

تەلەفۆنی هەڵگرت: شێخ شەعلان! یەکێکم هەیە سبەی دەیگەینیە کۆمبانییەکانی من! نابێ کەسیش بیگرێ. گوتی: ئەمشەو میوانم بە!

- دەچمە ئوتێل.

دەسا سبەی سەعات هەشت وەرە دەفتەرەکەم.

سەعات هەشت و چارەگ ماشێنێکی ڕەنگ شەرابی تازە کوورە لە دەرگا وێستا. شێخ عەرەبێکی عەگاڵ بە سەر، بانگی کردم: سوار بە! بەرەو سووریە وەڕێ کەوت. بە کن چاخانەی کەسکدا هاتین. پۆلیسەکانی پێشوو گرتبوویانم لە ڕێ ڕێز ببوون و کڕنووشیان بۆ ترومبیلی شێخ کرد. گەیشتینە ڕەشماڵی شێخ؛ نیوەڕۆژم خوارد. بە قولەڕەشەیەکی گوت بە ماشێنی من بیبە بنکەی کۆمبانیی تۆحەلە. تۆحەلە عێراقی بوو؛ دروێنەی خەڵکی سووریای دەکرد. ئەرمەنییەک وەکیلی بوو. تەحویلی وەرگرتم. چەند کرێکارێکی دروێنە و کۆمباین لەوێ بوون کە چواریان کورد بوون. شەو لە سەحرا مامەوە. هێشتا نانی شێو نەخورابوو، لەپڕ بوو بە شەڕی کرێکاران.

- لەسەر چی شەڕ دەکەن؟

- ئای ئەو سەگبابە نوێژ دەکا؛ یانی ها من لە ئێوە چاکترم! بە خوا دەبێ نوێژی لە بیر بەرینەوە! سبەی بەیانی شۆفێرێکی ئەرمەنی بەناو گەنماندا، بەبێ ڕێ بردمیە «تربەسپی». ترسی ڕێگە بە سەر چوو. چوومە دیوەخانی حاجۆ. قاوەچییەک لەوێ بوو. بە کوردی خۆمانە پرسی: کێ لە ماڵە؟ کەی دەتوانم حەسەناغا ببینم؟ زۆر لەسەرخۆ گوتی: ئەز ب عەرەبی نزانم!

ئەو ڕۆژە پێنجشەممە بوو. شەوی جومعە هیچ، بەیانی ڕۆژی شەممە بە چەققە و هەرا و خرمەی لاقان وە خەبەر هاتم. هەر کەس پارچە چەکێکی ژەنگاویشی هەبوو لەبن عەرزی دەرێنابوو، بەرەو چیا ڕای دەکرد.

- خەبەر چییە؟

- قاچاغچی بە پەزی قاچاغەوە لە زەمینی تورکیا دەرچوون و جەندرمە بۆی نەگیراون. هاتوون مەڕی دیرۆنێ (گوندێکی سووریا) بەرن کە موڵکی یووسفی حاجۆی برای حەسەناغایە. تەنیا تفەتگێکی هەبووە. تەقەی لە جەندرمەی تورک کردووە، چوار جەندرمە و ئەفسەرێکی کوشتووە و تورک هەڵاتوون. دەترسێن بە هێزی زۆرەوە بێنەوە. دەچینە یاریدەی یووسف. جەمیل حاجۆ کە برای حەسەناغا و کاری ڕەعیەتی لە مل بوو، دەگەڵ یەکێکدا هەرا و چەققەیەکیان بوو مەپرسە. جەمیلاغا گوتی: سەیدا (یانی مامۆستا) بڕوانە ئەم هەتیوە تووتووی چوێلەکەکوژی هێناوە - کە گوللەی بیست میتر بڕ ناکا - دەڵێ دەچمە شەڕی تورکان! وا دەبێ؟

گوتم: برا تورکی دەزانی؟

- چۆن نازانم؟ دوو ساڵ سەربازی تورکان بووم.

- جا کەوایە لە سەنگەردا بانگ بکە: هەواڵی جەندرمە! تۆزێک ماریفەتت بێ! وەرە بەردەمم تا چوێلەکەکوژێکت پێوە نێم!

کابرا گوتی: بزانە سەیدا چۆنی خەت کێشا؟! وای گوت و بێ ئاوڕدانەوە ڕایکرد. چووینە جەبهەکە. پۆلیسی سووریش هاتن. ئەفسەرەکەیان بە پاڕانەوە گوتی: ئێمە خاوەن ماڵ و منداڵین؛ حەیفە بکوژرێین. چەکەکانمان لێ وەرگرن! ئێمەش بەرنە ماڵێک. خوا گەیاندی، بوونە خاوەنی بیست و یەک تفەنگ. بەڵام شەڕ نەکرایەوە و بە کەیخودایەتیی مەعموورانی سنوور داکوژا.