گیرانی وەستا برایم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1073 مشاهده

ڕۆژێک گوتیان وەستا برایم گیراوە. من و جەلالی شەریکم بڕیارمان دا هەر شەوە یەکێکمان بچینە ماڵی، چییان ویست پێکی بێنین و لە پووڵ پەکیان نەخەین. شەوی هەووەڵ جەلال چوو، نەهاتەوە. ئەویشیان لە کۆڵانەکەدا گرتبوو. ئێستاش نازانم بە چۆن ترس و لەرزێکەوە، هەر شەو بە فێڵێک خۆم بە ماڵدا دەکرد. لە بیرمە جارێک بە کابرایەک کە بە پۆلیسم دەزانی و لە کۆڵانەکە بوو گوت: برا من شاگردی ئەو وەستایە بووم دوو ساڵ پێش. ئەم سەگبابە، دەکەم ناکەم حەقەکەم ناداتێ. گوتی: بۆ خۆی شیووعی بوو گیراوە. بچۆ بەڵکوو ژنەکەی پووڵێکت بداتێ! لە جەنگەی ئەو ترس و لەرزەدا، کابرایەک هاتە بەر دووکان بە فارسی پرسی: ئێرە ستودیۆ سەباح؟ بە عەرەبی گوتم تێت ناگەم. هەر چاوم دەگێڕا لە کوێوە هەڵێم. ئاخری دانیشت:

- خوایە چار چییە؟ من عەرەبی لە کوێ بێنم؟

گوتم: تۆ چی؟

- ئاغا من ئێرانیم. «غەنی» ڕایسپاردووم تۆ بمبەیە لای حیزبی پارتی!

دەک سندانت لە سەری دا غەنی بۆ دیاری بۆت ناردووم! شەو! سەرەڕای ماڵی وەستا، ئەویشم لە حەساری کازمینەوە بردە ماڵی نووری شاوەیس.

ڕۆژێک دوو پۆلیس لە دووکانەوە بردیانمە پۆستی ئیمام تەها، لای ئەفسەرێک. کابرایەک زۆڕ زۆڕ دەگریا. ئەفسەر عەکسێکی نیشان دام:

- دەیناسی؟

- بەڵێ.

- ناوی چییە؟

- فڵان!

- ماڵی لە کوێیە؟

- نازانم

- بۆ دەیناسی و نازانی ماڵی لە کوێیە؟

- من عەکاسم؛ ناوی مشتەری دەنووسم؛ ناڵێم ماڵت لە کوێیە. ئەو عەرەبێک و من کوردێک، کارم بە ماڵی چییە؟

کابرا گریا و گوتی: درۆ دەکا باشی دەناسێ، دەنگ ناکا!

ئەفسەر گوتی: ئەوە کوردە، وەک ئێوە حیز نییە ڕاستی بە دەمدا نەیە. بڕۆ خواحافیزت.

لە دەرکەی ژوورەکەی هاتمە دەر و کردیانمە تەویلەیەکەوە پتر لە حەفتا کەسی تێدابوو. هەی دایکتان چاک، بابتان چاک، نەخێر بەهرەی نەدا. خواوڕاستان ئەفسەر سەری بە تەویلەکەدا کرد و بەرەڵای کردم. دیتم کوردێکی خانەقینییە.