چیرۆکێکی زەبیحی و قزڵجی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1099 مشاهده

تازە ماڵ و منداڵەکانم هاتبوون، جەلال بێتووشی کۆنە شەریکم لە حەبس ئازاد کرا و لە کار دەگەڕا. گوتم: هەر وەک شەریک بووین، ئێستاش شەریکین. هیچم لێت ناوێ و بە شەریکی کار دەکەین. جا کە چووینە شەقڵاوە، ئەویش دەگەڵمان هات و بەدەم هاوینەهەوارەوە عەکاسیشمان دەکرد.

زەبیحی و قزڵجی لە «مەحەللاتی عەبدوڵڵا شەریف» گیران و خرانە گرتووخانە. زوو ئیقراریان کردبوو کە ئێرانین؛ ئیتر عەبدوڵڵا شەریف نەیتوانی بەریان دا. نزیک ساڵێک مانەوە و ئاغاکەیان زۆر مەردانە یاریدەی دەدان. دایاننەوە دەست ئێران؛ کە ئەم چیرۆکەش ناخۆش نییە:

سەردەمێک کە من شاگردی وەستا برایم بووم، قزڵجیش هاتوچۆی عەکاسییەکەی دەکرد و فێری ڕتووش و وردەکاریی تر ببوو. ڕۆژێک سەییدێکی جحێڵی کەوا شۆڕ، لە دووکانی وەستا ڕووی دە ئێمە کرد: برا من ناوم سەیید ئیبراهیمی ... نازانم چییە (لە بیرم چۆتەوە). ئەگەر دنیا بوو ڕێگەتان کەوتە قەسری شیرین، سەرم لێ بدەن. لە هەر کەس بپرسن دەمناسێ. عێراقی لە خانقینەوە داویانن بە پۆلیسی ئێرانی و ڕەسیدیان وەرگرتووە. لەو ساڵە حەبس و زۆر لێ پرسینەدا، ناو تێکەڵاو بوون. زەبیحی کە ناوی ڕواڵەتی «قادر سوور» و لەپاش گیران گوتوویە عەبدوڕڕەحمانی حەمەدەمینم، ناوەکە بۆتە «حەمەدەمینی قالە سووری»! «سەعید ڕەحیم»ەکەی قزڵجیش - کە دوایە بۆتەوە «حەسەن عەلی» - بۆتە «عەلی ڕەحیمی سەعیدی»! ئەم ناوانەش وەک دوو گوناحباری سیاسی لە دەفتەری سنووروانانی ئێرانیدا نییە. ئەوانیش وەک ئەو هەموو بۆیاغچییانە حیساب کراون کە لە پەستا عێراقی دەیاندەنەوە بە ئێران. ئەوەشمان لە بیر نەچێ لەو چەند ساڵەدا زەبیحی و من زۆر باش فێرە عارەبی ببووین؛ بەڵام قزڵجی - هەرچەند مەلا بوو، عەرەبیی ناو کتێبی زۆر باش دەزانی - ئێستا و ئێستاش وەک لازمە فێری عەرەبیی بەغدایی نەبوو کە نەبوو! ئەگەر قسەی دەکرد دەتگوت پیرەمەلای عەجەمە و لە سەر منیبەر ڕەوزەخوانی دەکا! زۆر جار جوابی عەرەبانی بە کوردی دەداوە!

زەبیحی کوتی ئەو ڕۆژە کە دایانینەوە بە ئێران، سەرهەنگێکی زۆر بێشەرمی قسەقوت بازجویی لێ دەکردین. بە منی گوت: ئێوە چکارێکتان کردووە کە دەوڵەتی هاوسامانتان تووڕە کردووە؟

- جەناب ئێمە دەسفرۆشی ناو بازاڕ بووین؛ بێخەتاین.

- باشە ئاغای سەعیدی تۆ قسە بکە.

- نەعەم؟!

سەرهەنگ هەر نەعەمی بیست، ڕاستەوە بوو، چەقەنەی لێ دەدا و قنگی بادەدا:

- ڤەن نەئەم! ئاغای ئێرانی، ئەم نەئەمەت لە کوێ هێناوە؟!

- کاکە قزڵجی گیان! تۆ بە کوردی جوابی عارەب دەدەیەوە؛ چۆن بوو لێرە عەرەبیت هەستاوە کە گاڵتەمان پێ بکان؟!

دەیانبەنە قەسری شیرین و دەیانخەنە گرتووخانەوە. ناوی سەییدەکەیان بیر دەکەوێتەوە. لە پاسەوانێک دەپرسن: سەیید فڵان دەناسی؟ پاسەوان کڕنۆشێک دەبا و دەچێ بانگی ئەفسەرێک دەکا. ئەفسەر دەڵێ: بۆ چیتانە؟

- خزممانە!

- ئێمە خاک بەر پێی ئاغاین، فەرموون بتانبەم.

سەیید کە تۆمەز شێخی ئەهلی حەقە و زۆربەی خەڵکی شار مریدیەتی، دەڵێ: بەڵێ خزمی منن. شێویان دەداتێ و ئەفسەر ڕادەسپێرێ کە زۆری ئاگا لێ بن و دێنەوە گرتووخانە. بەیانیی ئەو ڕۆژە دەیانهێننە کرماشان.

-کوێتان دەوێ بتانبەین؟ ئازادن!

- لە کرماشان دەمێنینەوە؛ خواحافیز!

بە جووتە دێنە تاران. دەچنە ماڵی عەوڵڵاغای ئێلخانیزادە کە پوورزای قزڵجییە و زۆر نزیکە لە دیوان. عەوڵڵاغا دەڵێ عیلاجتان نایە. بڕۆن خۆ بشارنەوە. قزڵجی بەرەو کرماشان بۆ لای سەعیدی حافیدی ئامۆزای کە «مودەعیلعام» بوو دەڕوا. زەبیحیش دەچێتە گوندی شێخ موعتەسەمی شێخ حیسامەددین، لە نزیک سنە؛ دەگەڵ سۆفییەکی شێخدا دێتەوە سنووری عێراق؛ دێتەوە شاری سلێمانی. زەبیحی گوتی: لەسەر جادەی کن هەڵەبجە دەستم بۆ جیپێک هەڵێنا، سواری کردم. پۆلیسی ڕێگە لێم وە شک کەوت؛ پرسی ئەوە کێیە؟ شۆفێر گوتی برامە.

- درۆ دەکەی!

- هەر سێک تەڵاقەم کەوتبێ برامە و دەیبەمە سلێمانی.

نەجاتمان بوو. کابرای شۆفێر گوتی: ئەگەر پرسیبای ناوی چییە، چم بگوتایە؟ خۆ هێشتا ناوت نازانم! لە سلێمانی لە هەووەڵ کۆڵان خۆم بە ماڵێکدا کرد:

- خوشکم میوان ڕادەگرن؟

- سەر چاوان فەرموو.

پیاوەکە شەو هاتەوە. تێگەیشت قاچاغم. دەستێ ڕانکوچۆغە و پشتێند و پێچی دامێ. بەیانی وانێتێک هاتە بەر دەرکە، ڕایسپارد ئەم کوڕەم بۆ دەگەیەنیە ئەو جێ کە خۆی دەڵێ، نابێ بشگیرێ. تا دەشتی کەرکووکی هێنام و بەڕێم کردەوە.

- سەر و کەللەی زەبیحی لە بەغدا پەیدا بوو:

- کاکە! هەموو پۆلیسی بەغدا ناسیویانم تەگبیر چییە؟

- بچۆ سووریە لای ئاشنای من!

نامەم بۆ ماڵە حاجۆ نووسی. لە سەر بیری زەبیحی دەرەجەی دووی قەتار گیرا کە دەیگوت بە هیی دەوڵەمەندانی دەزانن و بێشکترە. زەبیحی گەییە مووسڵ و خۆی گەیاندە سووریە و لە ماڵە حاجۆ دامەزرا. پێناسی مردوویێکی بە ناو عیسا عەرەفات پەیدا کرد و خۆی گەیاندە شام.