سیلەکەم لێی هەڵدامەوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  800 مشاهده

چەندێک لە ماڵە شەوکەت ماینەوە. یەحیا چڕوستانییەکەی گوتم دەگەڵ حەمەڕەشید خان، لە بەغدا (ئیمام تابوور)، بە زاوابەندی لەوێ دەژیا. ڕۆژێک چاوی بە کتێبی «دایک» نووسراوی «ماکسیم گورکی» کەوتبوو، لێم کەوتبووە پرتەوبۆڵە.

ماڵم گوێزتەوە. دەگەڵ وریا عەلی - کە ئەو دەم ژنی هێنابوو - ماڵێکمان لە «فەزەوت عەرەب» گرت. سیلەکەم لێی هەڵدامەوە؛ لە بیمارستانی «توێسەی» ڕۆژهەڵاتی بەغدا کەوتم. بیمارستان دوو نهۆم بوو. پتر لە دە ساڵۆنی درێژی بۆ نەخۆشان تێدابوو؛ کە ناویان بە عارەبی «قاوش»ە. هەر قاوشەی بیست تەختی تێدابوو. دەرمان و خواردنی باش بوو. تەنیا فەرقی دەگەڵ لوبنان ئەوە بوو ناویان نەدەگوت؛ ژمارەی تەختیان بانگ دەکرد: «ژمارە نۆ دەگەڵ ژمارە شەش وەرن». کتێبێکم خوێندەوە: «یادداشتی کەروێشک». کەروێشکەش فەرمووبووی لەناو کەشتیدا حەیوان نەماین. بووینە ژمارە و لەسەر پشتمان نووسرابوو. نەخۆشەکانی هاوقاوشم تێگەیاند، پەسندیان کرد کە یەکتریش بە ژمارە ناوبەرین. ئیتر تا لەوێ بووم «عەزیز» ببووە ژمارە نۆ. جگە لە خوێندنەوە، بێسەوادە عەرەبەکانم دەرس دەدا؛ دوانیانم فێرە خوێندنەوە کرد. گوتیان مەلایەکی کورد لە نهۆمی دوو نەخۆشە.

- مامۆستا منیش کوردم، ئەگەر کارێکت پێم هەبێ.

- برا دامە دەزانی؟

- کەم تا کورتێک.

وردەبەرد و تەختە دامەی لە تاقەی پشت سەری هێنا.

- تۆ کەیفت بە شیعری کوردی دێت؟

- بەڵێ نالیم زۆر خۆش دەوێ.

- ئۆخەی من لە یەکی وەک تۆ دەگەڕام!

نالییەکی بە خەتی لەبن سەنیر دەرێنا. ئەو پیاوە چل ساڵ بوو خەریکی ساغکردنەوەی شیعری نالی ببوو؛ حاشیەی زۆری لێ نوسیبوون. بەڕاستی لەناو نالیزاناندا وێنەم نەدیوە. هەموو ڕۆژ دەچووینە قوژبنێک و بە نالییەوە خەریک بووین. ناوی «مەلا محەممەدی چڕوستانی» و باوکی یەحیاکە بوو. نالییەکی ئەوم بە خەتی خۆم نووسییەوە؛ بەداخەوە پاشان لێم دزرا.

زۆر لە برادەران دەهاتنە سەردانم. ڕۆژێک مەلا شوکور - کە ئەو دەم ببووە دەبیر و کەیفی ساز بوو - گوتی: حیزبی پارتی گوتوویانە سێ دینار بدە! باربووی هەژار دەکەین؛ گوتوومە با لە خۆی پرسم. زانیم دەیەوێ منەتبارم کا.

- نا مەلا گیان! نەکەی بیاندەیەی! دڵیم خۆش کرد.

لەو نەخۆشییەمدا منداڵەکانم ناچار ببوون ماڵیان گوێستبۆوە ماڵە خزمی ئاشنایەکم کە محەممەدی ئیمامی بوو. ژوورێکیان بە کرێ گرتبوو لە ئەحمەد ناوێک. ماڵەکە لەو پەڕی بەغدا و نزیک مزگەوت و گۆڕی شێخ عومەر بوو؛ نزیک باتڵاغێک. شەوانە لەبەر دەنگی بۆق گوێت لە دەنگی هیچ نەدەبوو. مێش و مێشوولەش باسی ناکرێ. قوڕی کۆڵانیش ورچی لێ دەچەقێ. لە بیمارستانەوە هاتمەوە ئەو ماڵە. لە دووکانەکەمەوە زۆر دوور بوو؛ ژوورێکم لە نزیکتر گرت. شەش یا حەوت ماڵی دیکەش لەو حەسارەدا بوون. بە ڕۆژ چەققە و هەرای ژنان و بە شەو دەنگی حەوت ڕادیۆی بڵیند تا سەعات دووی شەو. خەوی چی؟ ئیستراحەت کوا؟ سەگیش دەژیا و منیش دەژیام... لەوێوە هاوین چووینە شەقڵاوە و ئیتر هەر ئەو دەمەو هاوینە دیسان لێم شێوا و سەرگەردانی ملی گرتمەوە.