پیاو فەعلە و ژن بەننایە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1603 مشاهده

پێشینیان گوتوویانە: «پیاو فەعلەیە و ژن بەننایە.» بەننا خانوو دروست دەکا. فەعلە هەر کەرستە بێنێ و کەس نەبێ بۆی لەسەر یەک دانێ، جگە لە وڵات پیسکردن و تۆز بە باکردن، شتێک دەگۆڕێدا نییە. هەر بۆیەش گوتوویانە ژن و ماڵ؛ واتا: تا ژن نەبێ ماڵ نییە. ئەوە زۆر باش لە من ڕووی دا.

چەند ساڵ ئاوارەی سەڵت و ڕەبەن، ڕۆژ و شەو لە کەری بەربار ماندووتر، تێکۆشابووم؛ گەیبوومە دووکانداری؛ بەڵام هەر ئەوەندە بوو کە ڕۆژ بە ڕۆژ بیخۆم و ئاو بێنە و دەستان بشۆ. جارێکیان بیرم هاتەوە کە لە ماوەی ساڵێکی ڕەبەقدا هیچ میوەیەکم نەچێشتبوو. بەڵام کە بوومە خاوەن ژن، زۆر بە پەلە وەزع گۆڕا. چارەگە کیلۆیەک گۆشت، کەمێ ڕۆن و برنج، پیاڵە ماستێک و نانی بازاڕ - کە سێ جەمە سێ کەسە پێمان ڕادەبوارد - بایی ئەو تەنیا جەمەی نیوەڕۆ نەبوو کە بە سەڵتی لە چێشتخانە دەمخوارد. ئێواران کە دەهاتمەوە، میوەیەکیشم دەکڕی. دەرامەتەکەم هەر وەک جاران، ڕۆژانە لە شەش تمەن تا دە تمەن بوو؛ بەڵام بەننا بە مشوورە ماڵدارەکەم وای پێک دێنا کە پەزمەندەشمان هەبێ.

سەهۆڵدانێکی تەختەم کڕی کە بۆ گەرمای بەغدا زۆر لازم بوو. وردەوردە پانکە کۆنێک و ڕادیۆ کۆنێکم لە هەڕاجەبازاڕ کڕی و هەر وا بەرەو پێش دەچووین و ڕۆژ بە ڕۆژ تەیارتر و تێرتر دەبووین. کوڕەکەم زۆرم لێ نەبان و نامۆ بوو؛ هەر دەگریا: «دەچمەوە ماڵی خۆمان»، نیازی ماڵە مامی بوو. بەبێ من لە دایکی دەپرسی: «ئەرێ ئەو کابرایە کێیە؟!».

زۆر کوردم دیبوون - ژن و پیاو - چڵ ساڵ لە بەغدا ژیابوون و فێرە عارەبی نەببوون. خوایە ئەم ژنەم دەبێ بە چنگ عەرەبییە چۆن پێوە بێ! کەچی ساڵێکی تێ وەڕنەسووڕا، وای فێر بوو کە وەک هەموو ژنە بەغداییی دیکە بۆ خۆی دەچووە بازاڕ و کەرستەی ماڵی دەکڕی و زەحمەتی بازاڕ چوونی هەموو ڕۆژەی لە کۆڵ من کردەوە.

- دەی وەرە دەرس بخوێنە!

- حای! تازە بە سەری پیری؟!

بە هەزار چەققە و پاڕانەوە لە چەند شەودا جارێک دەرسێکی لە لا دەخوێندم. کەچی بەو هەموو بێزاری لە خوێندنیشەوە فێری کوردی خوێندنەوە بوو. محەممەد لە سابڵاغ دەبەر خوێندن نرابوو؛ بە ڕواڵەت پۆلی یەکەمی تەواو کردبوو؛ بەڵام هەر دەتگوت خۆمم بە منداڵی: گێل و نازیرەک! تەنانەت حرووفیشی نەدەناسی. وام کرد حرووف بناسێ؛ لێکیان دا؛ وشەی کوردی وەخوێنێ. چیرۆکی قۆڕی منداڵانەی سەیرم بۆ دەنووسی و پێم دەگوت پێیان پێدەکەنی و خۆشیانی گەرەکبوو. لە کوردی خوێندنەوە ڕاهات. ئەو جار بە نیوە کوردی و نیوە عارەبیی بەغدایی شتی سەیرم بۆ دەنووسی؛ لەویش چاوی کرایەوە.

- لە بیرمە جارێک دەستی بۆ ڕادیۆکە برد. دایکی دەستی گرت.

- ڕۆڵە گیان! بابت ئەو هەموو ڕەنجە دەدا، نەوەک ڕادیۆکە بشکێ؛ بۆی ناکڕدرێتەوە!

- لێی گەڕێ بیشیشکێنێ خەم نییە، پەیدا هەر دەکەمەوە...

کەسێ لە کوێستانەوە بگاتە بەغدایە و نەخوازا هاوین بێ، واوەیلایە. مەعسووم لە گەرمان وەک بەچکە چوێلەکەی سوورەساقە هەر دەمی پێک دادەدا؛ زۆرم بەزە پێدا دەهات. ساڵی دوایی دەگەڵ ماڵی عەبدوڵڵا عەلی کانیمارانی، هاوین چووینە شەقڵاوە. باغێکمان بە ناوی «کانی گڕوو» بە میوەوە بە چاردە دینار گرت و خۆمان لە گەرما دزییەوە. دوایی بە گەرماشی عادەت کرد و دەیگوت ماڵە خۆم بەجێ نایەڵم. لە هاوینی ١٩٥٥دا منداڵێکی ترمان لە شەقڵاوە هاتە دنیا. ناومان لێ نا «ئاگری» کە ئێستا ناوی مستەفایە.