ماڵی خات شەوکەت

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  800 مشاهده

دڵی ژن -هەر ژنێک- لە نەرمی و بەزەییدا دەریایەکی بێبنە و بۆ هیچ مەلەوانێکی بیرەوەر و شارەزا پەی نەداوە و هیچ زانایەک لام وایە وەک هەیە پەی پێ نەبردووە. ئەو کەسانە بە بڕوای من زۆر ساویلکانە و نەزانن کە بە لایانەوە کەمایەتییە باوکی کچانن و کوڕیان ئاواتە. لە سەرچاوەی بەزە و خۆشەویستی لادەدەن و دەم بە گەناوێکەوە دەنێن کە هیچ کەسی تێراو نەکردووە. لە هەزار کوڕ بە دەگمەن هەڵکەوتووە کە بابی پیری پەککەوتەی خۆی بحاوێنیتەوە و بلاوێنێتەوە. بەڵام قەت کچێک یان خوشکێکم نەدیوە کە دەربارەی کەسوکاری بیچارەی خۆی بێزاری نیشان بدا. خۆ دایک هەر باسی ناکرێ. خودای بەزەیی ئەگەر هەبێ دایکە. کە نە من، هەرچی نووسەری کارامەی دنیایە ناتوانن سەد یەکی خۆشەویستیی دایک بۆ عەولاد بخەنە سەر کاغەز؛ یان بە دەم - وەک پێویستە - شی کەنەوە.

من براکانم (عەبدوڵڵا و سادق) کە هەردووکیان هەمیشە زۆریان خۆش ویستووم، وەک دەڵێن برای نموونە بوون، پاش ئاوارەییم، مانگێک و دوو مانگ یادیان کردووم و دژ داماون؛ بەڵام پیاوانە خەم خواردن و گریانیان وە لا ناوە و مەردانە ملیان لە کار و خوێندن ناوەتەوە و بوونە پیاو لە ڕیزی پیاوان. خوشکم نە وەک پیاوان، وەک هەموو ژنی بە ڕوحم بۆ برای، ساتێک لە بیری نەچووم و ساڵەها بۆم گریاوە و من کە نێرینەم، هەمیشە لەو فینگە و مینگە تووڕە و عاجز بووم!

وا دیارە ملم لە فەلسەفەبافی ناوە کە هیچ لە دەم و کاوێژی من ناوەشێتەوە. «چوێلەکە خۆت چی و شۆرباوت چی؟!». با باسی زبریی پیاوان و بەزەیی و دڵنەرمیی ژنان بۆ پیاوی عاقڵ بەجێ بێڵین و بێمەوە سەر باسی ژیانە کڵۆڵەکەی خۆم...