غەنی بلووری [بلووریان]

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  919 مشاهده

ڕۆژێک غەنی بلووری [بلووریان]م لێ پەیدا بوو. ماوەیەک میوانم بوو. هاتوچۆی شیووعییانی دەکرد؛ کە ئەو دەم ببوونە دوو دەستەی دژ بە یەکتر: «ئەلقاعیدە» بە سەرۆکایەتیی سەلیم نازانم چی و «ڕایەتوششەغیلە» بە سەرۆکایەتیی «جەمال حەیدەری» کە کوردێک بوو. غەنیی کەیخودایەتی دەناودا دەکردن، پێکیان بێنێ. کە غەنی هات، وریام لە لا نەبوو. پێکەوە لە ژوورەکەی مندا دەژیاین. هەووەڵ ڕۆژ زۆری لۆمە کردم: بۆ هێندە پیس و پۆخڵی؟ ژوورەکەت تێکەڵ پێکەڵ و ناموڕەتتەبە؛ من دەبێ فێرت کەم چۆن بژی! لە پاش حەوتەیەک، هەڵمدەستاند: هەستە نان و چا حازرە! هەر لەسەر جێوە دەستی بە خواردن دەکرد، دەموچاوی نەدەشوشت!

کۆنە کوردێکی خەڵکی «حاجیاڵی کەندی» لای سابڵاغ، چل ساڵ بوو لە بەغدا بوو؛ کوردییەکەی لەبیر نەمابوو؛ عارەبیش فێر نەببوو. سەرایەداری ئەو ساختومانە بوو. زمانێکی قسە دەکرد، عیفریتم دەویست بیباتەوە سەر یەک! شەو نەبوو چەند جار ئیجارەدارەکان ڕاستم نەکەنەوە؛ بە خێری خۆت وەرە ئەو کەرەمان بۆ تێبگەیەنە!

هەر من لە مام برایم تێدەگەیشتم و کەسی تر. ڕۆژێک سەر بە ژوورەکەماندا دەکا و چەند قسەیەک دەگەڵ غەنی دەکا. غەنی تێناگا، لەپڕ بە تورکی دەڵێ: بڕۆ دەر! کەری کوڕی کەر! مام برایم ڕایکردبوو. ئێوارە بە دزییەوە لە منی پرسی: ئەو میوانەت وەختابوو بمکوژێ، ئەوە چییە؟!

- مام برایم ئەوە شێتە و تازە لە شێتخانە دەرچووە!

- هم... م! دەمزانی!

شەوێک خەریکی دووکان داخستن بووم، غەنی هات گوتی: کوا پرێسکەکەم؟

- پرێسکەی چی؟

- چۆن ئەدی ئێوارە کە سەرت بە مشتەرییە کچەکانی مەدرەسەوە گەرم بوو، نەمدایەی

- نازانم.

- بگەڕێ.

زۆر گەڕام؛ نەبوو. ئەو شەوە تا لای ڕۆژ هەدادانی نەما. بە خەیاڵ سازی دابوو: من بۆم هاویشتی، یەک لەو کچانە هەڵیگرتۆتەوە. باوکی کچ مودیری پۆلیسە؛ لێی وەرگرتووە. مەدرەکی گرینگی تێدایە؛ باسی سەرە! جارجار بە لەپ، شەق لە ناو چاوانی خۆی دەدا، دەگریا:

- ئاخر بێئینساف دەسرەی پرێسکەکەش هیی دەزگیرانم بوو بە یادگاری دابوومێ!

- دە ئێستا قەوماوە؛ چار چییە. قەدیمی گوتوویانە باسی قەدیم و مەلایەتیم بۆ مەکە! من چ بکەم؟

- بەری بەیانی دێن لە دووکان دەتگرن تۆش منیان نیشان دەدەی؛ لە زینداندا دەمڕزێنن!

بەیانی گوتم: تۆ مەیە! خۆم دەچمە دووکان. ئەگەر پاش چارەگێک نەهاتمەوە، ئەتۆ خۆت ون کە! بە ترس و لەرزەوە لە دوورەوە ڕوانیمە بەر دووکان، دوو کەس لەوێ ڕاوەستابوون. ڕاوەستام تا ئەوان ڕۆیشتن؛ چوومە دووکان گەسکم دەدا، تووشی پرێسکەزەرد هاتم. قامکم دە گرێکە کرد و گوتم: غەنی نەمدیتەوە. زەق زەق نیشانیم دا؛ لە پەشێوی خۆی نەیدەدی! تا پێم گوت و لە خۆشییان گەشکە بوو!

جا هەر وەک هاتوچۆی گەرمی دەگەڵ کۆمۆنیستەکان هەبوو؛ هاتوچۆی پارتی و برایم ئەحمەدیشی دەکرد و خۆشیان دەویست. گوتی دەڕۆمەوە سابڵاغ.

- کاکە! دەتناسن، دەتگرن؛ ئێرت چاترە.

ڕۆیشت؛ لە سلێمانییەوە بۆی نوسیبووم: کۆتێکم بەجێ ماوە، سروودێکی کۆمۆنیستانی دنیام دەناو قۆڵە دڕاوەکەیدا تاقەت کردووە، بۆم بنێرە! نووسیم: کۆتەکەتم دا بە سواڵکەرێک. وابزانم بە دەردی پرێسکەکەت چووە! ڕەنگە ئێستا مودیری پۆلیس فێری پۆلیسانی بکا! ئیتر هەر ئەو گەڕانەوە بوو. بیستم غەنی گیراوە و بیست و چوار ساڵ لە حەبسا مایەوە.

هەر وەک پارتی دەهاتنە لام، دەگەڵ شیووعانیش ڕێک بووم. شەونامەی هەردووک دەستە (شیووعییەکان و بلاڤۆکی پارتیم)بۆ دەهات. جارێک جەمال حەیدەری بردمیە سەربانە قاوەخانەیەک، دڵی دامەوە کە ڕەگەڵ حیزبەکەی کەوم.

- کاکە جەمال! من کوردم. ئەوا حیزبی توودە کە ئێوە دەڵێن مامۆستامانە ددان بە مافی کوردا دەنێ؛ دە ئێوەش باسێکی ئازادیی کورد بکەن تا فریو بخۆم. هەر دەفەرموون زەوی دەدەین بە وەرزێر؛ هەموو دەشتی هەولێرم دەیەی نامەوێ.

- حیزبی توودە مامۆستامانە، ڕاستە؛ بەڵام باشی بەشی کورد کردنی خەتایەکی گەورەیە. ئەمجار با بشنووسێ، درۆ دەکا و حوکمی بکەوێتە دەست بەڵێن پێک ناهێنێ.

- دە کاکە تۆش درۆم بۆ بکە!

- ئاخر بە فەرموودەی ستالین، ڕووپەڕ ئەوەندەی سەتر ئەمەندە، کورد میللەت نییە!

- برا وا من و تۆ بە کوردی قسە دەکەین، دیارە هەین و زمانێکی سەربەخۆمان هەیە. با ستالین نا، بابی لینین بڵێ، چۆن لە میللەتی کورد دەشۆرێمەوە؟... لێت بەزیاد بێ!

دووکان و ماڵەکەم جێگەی قاچاغ قوچاغان بوو. نازانم چۆن بوو کە زەبیحی ڕاو نرابوو؛ خۆی بۆ ماوەیەک لە ژوورەکەمدا شاردەوە. شەو دەیگوت: سبەی خۆم تەسلیمی پۆلیس دەکەم، چ دەبێ با ببێ. دڵی تەواو تەنگ دەکردم.

- مەلا! بۆ زیندان ئەو پرێمسە چکۆڵەی خۆتم بدەیە.

- بۆ تۆ.

- ئەو خاولییەش دەبەم.

- باشە.

- ئەسپابی ڕیش تاشینەکەشت بەرم؟

- بیبە.

سبەیی زوو یەکترمان ماچ دەکرد، ئاو دە چاو دەتزا. تا لای ئێوارە بیرم بە چارەنووسی ئەو خەریک بوو. شەو کە بە سەرکزی دەهاتمەوە، زەبیحی لەناو دووکەڵی جغارەدا خنکاوە و چاوەکانی کسکە کسکیانە.

- مەلا! ئەمڕۆش نەچووم، سبەی دەچم!

دیسان سەرلەنوێ: فڵان و فڵان شتەت بۆ من باشە!

- بەڵێ بۆ تۆ!

دیسان هەر بەزمەکەی پێشوو، نەدەچوو. ڕۆژێک سمێڵی تاشیبوو، سوور وەک چەوەندەر؛ کراواتی لە خۆی دابوو.

- مەلا دەمەوێ شەپکەیەک بکڕم خۆم بگۆڕم پۆلیس نەمناسێ. ها عەینەکیشم دەوێ!

- بە خوا هەر سەگێکت کەمە فیتەی بۆ لیدەی و دوات کەوێ! با بچین شەپکە بکڕین.

سەرمان بە مغازەیەکی زۆر گەورەی شەپکەفرۆشیدا کرد. هەر لە سەری نا و ڕوانیە ئاوێنە و کەیفی نەیگرت، ماندووی کردبووم. شەپکەیەیکی ڕەشی لە سەر نا.

- ها مەلا! چۆنم؟

- چۆنی؟ بە خودا هەر لە پیرە هەرمەنی ئیبنە دەچی!

کابرای خاوەن موغازە - کە لامان وابوو عەرەبە - لە فڵقەی پێکەنینی دا و جۆشی خوارد و خاو نەبۆوە.

- دەی نرخی شەپکەکەت چەندە!

- کوڕە ئەگەر دە دینارم لە هەر شتێکی قدیلکەدەر و دڵخۆشکەر خەرج بکردایە ئەوەندە پێ نەدەکەنیم. بە شەشسەد فلسی دەفرۆشم؛ بەڵام ئێوە چوارسەتم دەنێ.

قالەی ڕەحمەتی مەنسووری ناوی سابڵاغی، شاگرد عەکاسی دەکرد؛ لەوپەڕی نەداریدا بوو. لە ئوتێل دەخەوت. هێنامە لای خۆم کە حەقی خەو نەدا و هیچ نەبێ بەرچاییش بۆ خۆی دروست کا.

دووکانەکەم هەموو دەستەیەکی دەهاتێ. تێگەیبوون کە من ئەمینم و خەبەر لە کەس نادەم. کۆمۆنیست، پارتی، ئیخوانولموسلمین، عەکسی قاچاغیان بۆ من دێنا. ڕۆژێک یەک لەو شیووعییانە - کە نەمدەناسی - هات عەکسی گرت. جەمال قادر ناوێک هاتە ژوور، کابرا ڕۆیشت گوتی: ئەوە ناوی ئیسماعیل ڕەسووڵە؛ لە کۆمۆنیستە زلەکانە؛ ماڵی لە فڵانە ساختماندایە. شەرتە ئەمڕۆ بە گرتنی بدەم. ئیسماعیل ڕەسووڵم دیتەوە، گوتم ئەو کوڕە وا دەڵێ ئەگەر تۆ ناوت ئیسماعیل ڕەسووڵە خۆ بشارەوە.

- نا کاکە! ئەتوو غەریبی. ئەمن هەو نییم، ناوم عوسێنە!

سبەی ئەو ڕۆژە پۆلیسێک هات، گوتی: شەو ئیسماعیل ڕەسووڵ گیراوە؛ تکای هەیە وێنەکانی بە مندا بۆ بنێری!

پیاوێک لە ناو شار فیلمی دەگرت و لە دووکان بۆم چاپ دەکرد. گوتی ناوم ئەبوو باسمەیە. ئیتر وەک شاگردێکی باش کاری دەگەڵ کردم. ڕۆژێک برادەرێک گوتی: ئەو پیاوە خەتەرە؛ مەحکووم بە ئیعدامە، ڕایکردووە. شەو پرسیم: ئەبوو باسمە وا دەڵێن خۆم قاچاغ و تۆ قاچاغ پێم وایە وەک دەڵێن: «هێلکەکان دە یەک قەرتاڵەدا بار مەکە!» بۆی درکاندم کە ڕاستە. پێک هاتین فیلمەکان بە منداڵێکدا بنێرێ و بۆ خۆی نەیە.