مزگێنیم دەیە! مار و مندارت لۆ هاتینە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  873 مشاهده

مانگی ئاگوستی ساڵی ١٩٥٤، ڕۆژێ لە دووکان ڕووتووشی عەکسم دەکرد. پیرێژنێکی ڕەواندزی - کە دەمناسی - هەر لە دەرگا هاتە ژوور، وەک ژنە عەرەبان لە هلولولوی دا، گوتی:

- مزگێنیم دەیە! مار و مندارت لۆ هاتینە؛ ئەوە لە مارێ خات شەوکەتێنە!

واقێکم بردەوە؛ تاسام. لەو دەمەدا شەش درەم (یانی شەش تمەن) نەبێ، پارەم لە عەرز و عاسمان شک نەدەبرد. ژن و منداڵ بە چی بەخێو کەم؟... پیرێژن کە دیتی مات بووم و ڕەنگێکم هێنا و برد، بێ هەست و چرپە لە دووکان دەرکەوت؛ وازی لە مزگێنی ساندن نا! دووکانم داخست و بە بارێک بیر و خەیاڵاتەوە بەرەو ماڵی خات شەوکەت دەچووم، لە کۆڵان تووشی برادەرێک بووم بە ناوی حەمەی عەزە کوێری کۆنەسابڵاغی کە لەپاش ڕۆیشتنی یەرمیا بۆ فەلەستین لە جێگەی ئەو دەڵاڵیی بازاڕی دەکرد.

- ها! خێرە، پەشۆکاوی؟

- حەمە خراپ قەوماوە...

حەمە دەگەڵم گەڕاوە. چووینە بازاڕ، زیلۆ، پەتوو، قاپ و قاچاغ، هەرچی ماڵە فەقیرێکی پێ ئاوەدان دەبێ بایی سی و شەش دیناری کڕی. حەنباڵ هەڵگرە!

- کاکە خۆت مەخە تەنگانە، هەر وەخت بووت ئەم قەرزەم بدەوە.

ماڵی خات شەوکەت خانوویێک بوو لە ئیجارەی «محەممەدی خات زیبا» ناوێکی سابڵاغی، ئامۆزای «عەبدوڕڕەحمانی کەیانی». خات شەوکەتی ژنی بە قسە خۆی کۆنە بەگزادەی باجەوەند بووە. جارێک چونکە مێرد هیچ کارە نەبوو، ماڵ بە ناوی خات شەوکەت بوو. ژوورێکمان لێ بە کرێ گرت و سیپاڵمان بە عەرزدا دا. ناو ماڵەکەی زەمانی سەڵتیشم بە قالە بەخشی.