ستودێو سەباح

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1117 مشاهده

دووکانێکی موڵکی ئەوقافم لە موزایەدەدا بەرکەوت کە لەپەنا مزگەوتی فەزڵ بوو. تابلۆیەکم لێدا: «ستودیۆ سەباح» مانگی چوار دیناری ئیجارە بوو. بیست و دوو دینارم لە موزایەدەکە دابوو. چی وام نەمابوو. تەنانەت نەمتوانی ویترینەکەی شووشە تێ بگرم. زۆری نەبرد کارەکەم وە برەو کەوت. لە ماوەی چوار مانگدا سەد دینارەکەی کاکە زیادم بردەوە؛ گوتی من بە قەرزم نەداویەی. لە من کێشە لەو سوێند، هەتا نەوەد دیناری لێ وەرگرتمەوە چەقی ڕەشم کرد. پاییزان و زستان و جێژنان کارم باش بوو، بەڵام بەهاران و هاوینان کەمم پەیدا دەکرد. ماوەیەک لە هاویندا وای لێهات بەشی نانی خۆمی لێ پەیدا نەدەبوو. ناچار چووم تا دەمەو پاییز کارێک پەیدا کەم. کاکە زیاد لە لای ڕەشید عارف سەقا - کە موهەندیسێکی کوردی ملیۆنێر و بساز بفرووش بوو - ڕۆژی بە نیو دینار دایمەزراندم کە سەرکارگەر بم. حەوتەی یەکەم گوتیان با حقووقەکەت بمێنێ. هەفتەی دووهەم لە قەراری ڕۆژێ حەوت پەنجاییم درایە. هەرچی گوتم: وا نابێ، خوا هەڵناگری، شێلە وا، بێلە وا، بەهرەی نەدا. گڕگڕ هاتمەوە سەر دووکانەکەم.

تازە ئەو دووکانەم دانابوو، ڕۆژێ ئەحمەد عوسمانی هاواڵی بوخارێستیم هات:

- کاکە تۆ ناوێکی چاک و پاکت هەیە. دەڵێن گوتووتە لە ڕۆمانیا سواڵکەرم دیوە؛ گوتووتە ژنی داوێنپیسی لێ هەن؛ تۆ بوختانی وا بۆ دەکەی؟

- ئەحمەد گیان! هەر مەرامێک - با ئایینی عاسمانیش بێ - ئەگەر درۆی بۆ بکرێ دیارە بەتاڵە و بە فلسێکم ناوێ. هەتیو! نەگبەت! پێکەوە دوو سواڵکەرمان نەدیت؟ تۆ نەبووی دەتگوت زۆربەی هەواڵان شەو لە ماڵە ژنە ڕۆمانییان ڕادەبوێرن و نایەنەوە ناو نوێنی خۆیان ؟! چت پێ بڵێم؟

- ڕاست دەکەی، بەڵام نابێ خەڵکی ڕەمەکی بیزانن!

سەڵت بووم؛ لە دووکان نانم دەخوارد. بەیانی و نیوەڕۆ و شەو دەبوو بچمە چێشتخانە یان قاوەخانە، کە ئەوەش زۆری تێدەچوو. هیچ پەسەندازێکم بۆ نەدەکرا. تەنیا پارەی ئەسپاب کڕینی عەکاسی و مخارجەکەم دەرێنا. بە تەنیا بووم. هەر لە بەیانەوە تا سەعات دە و یازدە کارم لە ژووری تاریک و لە بەڕێ کردنی موشتەری و پاک و خاوێنکردنەوە و شتی وا بوو. ڕۆژانە دەبوایە پتر لە شەش سەعات بە پێوە ڕاوەستم؛ زۆر ماندوو دەبووم. بەڵام دڵم خۆش بوو کە لە نۆکەری و شاگردی ڕزگار بووە و کاری خۆم دەکەم. کوردێکی نەناسیاو بووم لە گەڕەکێکی هەموو عەرەب و زبر. لاتوپاتی گەڕەک سەر لە هەووەڵەوە شەڕیان بۆ نامەوە؛ گاڵتەیان پێ دەکردم و دە عەزابیان دەنام. بەڵام زۆری نەبرد کە زۆر لە جیرانانم بوونە دۆستم و حورمەتیان دەگرتم.

بە گەپ و گاڵتە یەکترمان دەدواند و پێکەنینمان ساز دەکرد. تابووتکەرێک دیوار بە دیوارمەوە بوو ڕۆژێک سەییدێکی پشت کووڕ، سەری گەیبووە بەرانبەر ئەژنۆ، دەلەرزی، داوای خێرێکی لێ کردم.

سەیید! جلت ناوێ بۆت بکڕم؟

- ئەی خودا ڕاوەستاوت کا.

- بردمە دووکانی تابووتکەر.

- وەستا شاکر! لە حیسابی من دەستێک جل بدە بە سەیید!

- فەرموو بۆ پشت دووکان هەڵبژێرە!

سەیید کە لە پشت دووکان چاوی بە تووتان کەوت قیتەوە بوو؛ باوەڕ کە تاژی وا هەڵنایە! لەو بەری جادەوە ملی لە جنێودان نا: «دەتانەوێ بمرم؟!» ئای ترسی مردن!...

وەستا شاکری تابووتکەر دەستی مردووی دەبڕی! دەگەڵ مردووشۆرێکی درێژ و پان ڕێک کەوتبوو خزمی مردووی دێنا.

- وەستا! ئەوە خزمی خۆمە؛ تابووتی باشی بدەیە.

- تابووتی «ئەبوو ئەنگەر» بە شەش دینارە. ئەو پیاوە کاسبە تابووتی دەوێ.

- تابووت بە چوار دینار.

هەر تابووتەش - ئەبوو ئەنگەر و ئەبوو کاسب - چوارسەد فلسی پتر نەدەبرد.

دوای مردوو ناشتن، ڕیشە دەهاتەوە بەشە فێڵی خۆی وەرگرێ. دەبووە شەڕەچەققەیەک نەبێتەوە. تا نیو دیناری لە شاکر دەستاند قیر سپی دەبوو.