لە کەرکووک بێبەش و لە بەغدا بێکار

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1058 مشاهده

دەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگی کورد «بەدیع باباجان» زۆر ببووینە هۆگری یەکتر. ئەویش سەڵت بوو. نیوەڕۆیان لەپاش کاری ئیداری - کە نەخشەکێشان بوو - بۆ نیوەڕۆژە خواردن دەهاتە لام. مەنجەڵێک ماست، لاباوەشێک کەوەر، نانی گەرم، هێندەمان دەخوارد وەک «داڵاشی سەر کەلاک» نەماندەتوانی ببزوین!

وەکیلێکی دادگوستەریی کورد بە ناوی «ساڵح ڕوشدی»، هەر لەو خانە لە نزیک ژووری منەوە، ژوورێکی کردە دەفتەر. ڕۆژێک شێخ مارف بە زۆر بردمیە ماڵە خۆی. بەدیع بە دووچەرخە بۆ نان و ماست و کەوەر هاتبوو؛ بە پەلە لە پلەکان سەرکەوتبوو. ئای ماڵی وێرانم! هەیوان پڕە لە پۆلیس. دەرگاکەی من داخراوە. گورجێ دەیگرن و دەیبەنە ژووری ساڵح. نایل حاجی عیسا - جەللادی مەشهووری کۆمۆنیستان - دەگەڵ چەند ئەمنێکی تر دانیشتبوون. ساڵحیان بە بەڵگەی تاوانەوە گرتووە؛ بەر پرسیاران داوە . دەڵێن: ساڵح ئەوەش ڕەفیق و میوانی تۆیە؟

- بەڵێ کاک بەدیعی دۆستمە!

جا وەرە و ڕووح دەرنەچێ! ئەو کابرایە خۆی گیراوە؛ منی بێخەبەری بۆ بە درۆ پێوە کرد؟

نایل دەڵێ: تۆ بەدیع باباجانی؟

- بەڵێ.

- بەدیع! هەر کەسێ تۆی دیوە خۆشی دەوێی؛ بڕۆ خوات دەگەڵ.

- لەو ساوە هاو فراوینەکەم تازە نەهاتەوە و من دەچوومە لای ئەو.

لە سەربانی خانەکە دەنووستم؛ دووپشکی زۆر بوو. خاوەن خانی هەواڵم چوار قەفەسە میوەی لە گەڵای خورما لێک دا و بۆی کردمە تەخت. لە سەری نووستم. شەو نیوەشەو وەک چەترباز بەرەو عەرز دەچم! تەخت قرمەی کرد!

ڕۆژێک کوڕێکی شناسی شیووعی «بەیانی ئاشتیخوازانی» بۆ هێنام ئیمزای کەم.

- کاکە ناوێرم و نایکەم!

- ئاخر ئەوانە ئیمزای زۆریان لە من دەوێ! تۆ هەرچی دەنووسی بنووسە، هەر ئێمزا بێ بەسە! نووسیم: «عەزیز مووسا» نوختەیەک مەرەکەب کەوتە سەر سینەکە. بەیان گیرا و جا وەرە تێیان هەڵدە: فڵان فڵان شودە! ئەو عەزیز مووشێ جوولەکەتان لە کوێ پەیدا کرد؟!

زۆرم ئاشنای باش لە مەلا، دانشجوو، بازاڕی و هی تر پەیدا کردبوو کە زۆر خۆشم لێ دەگوزەر؛ بەڵام بە گیرانی جەلال ڕیسەکەم ئاڵۆزا. کەلوپەلم فرۆشت؛ هاتمەوە بەغدا. وەستا برایم - بۆ نەفەوتانی قەرزەکەی - سەرجەم دووکانەکەی دابوو بە نەوەد دینار؛ کە بەهاسانی چوارسەد دیناری دەکرد. لە کەرکووک بێبەش مام و لە بەغدا بێکار. چوومە لای کاکە زیاد:

- دەمەوێ دووکانێک دانێم؛ بە سەد دینار پێک دێ. دەسبەجێ دایمێ. گەڕام، دووکانێکی چۆڵم لە «ئەعزەمییە» گرت. کەچە ماشێنێک و هێندێک وردەئەسبابم کڕی. ژوورێکیشم لە نهۆمی سەرەوەی بازاڕچەیەکەوە گرت کە سەربانی بەینی پێش ژوورەکەم و سەر بازاڕەکە بە شیشی ئاسنی لێک بڵاو داپۆشرابوو. ئەگەر یەکێک لە بازاڕەکەدا سرتەی بکردایە، من گوێم لێ دەبوو. لە ئێوارەوە کە لە کار دەگەڕامەوە تا بەری بەیانی، حەو حەرام و ئیستراحەت دەرد و سندان بوو. نزیکەی بیست ڕادیۆ بەوپەڕی دەنگی بڵند تا سەعات یەکی شەو دەیاننەڕاند. لە یەکی شەوەوە چەققە و هەرا و گۆشت وردکردنی قەسابان بوو؛ تا وەختی کارم نەدەپساوە. سەر لە هەووەڵەوە پێم وابوو کەوتوومە ناو جەهەنندەم، بەڵام دەڵێن جەهەنندەمییەکانیش فێر دەبن؛ فێر بووم. بەو هەموو گوڕە و نەڕە و تەقە و ڕەقەشەوە، خرپ خەوم لێ دەکەوت.

«حەمەسەعید کانیمارانی» - کە خاوەن مڵک و دەوڵەمەندی گەورە و بۆ خۆی لیسانسی حقووق بوو - ڕۆژێک برایەکی خۆی بە ناوی «وریا» هێنا کە بیستوومە جێگەت هەیە! با لای تۆ بێ و دەرسەکانی لە دەبیرستان بخوێنێ. «عومەر دەبابە» - کە لە بەغدا دەڕۆی - دوو تەختی نووستنی هەرزانبایی دابوومێ؛ زیلۆی زبرم لەسەر ڕاخستبوون و لەسەر یەکیان دەخەوتم. «ئەگەر بەوە ڕازی دەبێ سەر چاوان». شەو گوتم: وریا با بچین شێو بخۆین.

- مامۆستا! بۆ نان و کەوەرێک، نان و خەیارێک نەخۆین؟!

- کاکە! من نە گوندی کانیمارانم هەیە، نە میلیونێرم. من دەچم گۆشتی برژاو دەخۆم؛ تۆ کەوەری خۆت بخۆ!

پێم وایە مانگ و نیوێکی نەبرد، کە لێکم دایەوە، زۆرم لە دەسمایەی دووکان زیان کردووە؛ چونکە کۆڵانەکەی جێ دووکانم زۆر چۆڵ بوو. ڕۆژێ مشتەرییەکم بە حاڵ دەس دەکەوت. ئەی خودایە خەجاڵەتی کاکە زیادم نەکەی! پیاوەتی کردووە و دەبێ بیدەمەوە. ناچار دووکانم بە تەخت و مەختەوە، جگە لە ماشێنی عەکاسی سەرجەم بە حەفتا دینار فرۆشت. لە وەتاغی سەر بازاڕەکەشم گوێزتەوە، ژوورێکم لە ئوتێلێک بە دوو دینار بە کرێ گرت. ئوتێل نەبوو، عیمارەتێکی گەورە بوو، موڵکی حافیزێکی قورعانخوێنی سەر ڕادیۆ بوو. هەموو ژوورەکانی بە پیاوی سەڵت و ڕەبەن - کە زۆریان شۆفێر و شاگرد شۆفێری ئوتووبووسی خەت بوون - بە کرێ درابوو. دوو تەختەشاهانەکەم بردە ئەوێ؛ وریاشم کردەوە هاومەنزڵ؛ کە فەقیرە حەقی خەو نەدات!