جارێکی تر لە کەرکووک

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  833 مشاهده

نەمدەهێشت گارسۆن ئارەق بدزن. بە ماوەی پازدە ڕۆژ قڕابەیەک ئارەق لە حیسابی مانگی پێشوو مایەوە. ئافەریمم لە ئاغا وەرگرت؛ بەڵام زۆر لە کارەکە وەڕەز بووم؛ مانگەودوا وەلام نا. لەم بەینەشدا وەستا داوای قەرزەکەی دەکرد و خات مەلەکی ژنی مێشکی بردبووین. گوتم: جەلال! من دەچمەوە کەرکووک و پووڵت بۆ دەنێرم و تۆش لێرە پەزمەندە بکە تا قەرزەکە دەدەینەوە. مەلا شوکور دەچووە کەرکووک؛ گوتم: بە پۆرتۆیان بڵێ ئەگەر ڕامدەگرێتەوە دێمەوە. مەلا چوبوو گوتبووی هاتووم ببمە شاگردت! کە ئەزمووبووی، هیچی لێ نازانێ، گوتبووی فێرم کە!

- بۆ من مەدرەسەم داناوە؟!

- بەخوا عەزیز گوتی ڕامبگرێ دێمەوە!

-خەبەری بدەیە مانگێ هەژدە دیناری دەدەمێ.

چوومەوە کەرکووک. شاگردێکی ئاشۆری بە ناوی «لازار»م لە بەر دەستا و دەستم بە کار کردەوە. بەڵام ئەمجارم زۆری دەوام نەکرد؛ خەبەریان دامێ کە جەلالی شەریکت لە خۆپیشاندانی کۆمۆنیستاندا گیراوە و دووکان بێخاوەن ماوە. لەم سەفەرەی دواییمدا ژوورێکم لە ماڵێکدا گرت، کە عومەر ناوێکی نانەوا بە کرێی گرتبوو؛ خۆی بە سەڵتی تێیدا دەژیا؛ ئەویش جەلال تاڵەبانی پێی ناساندم؛ گوتی: زۆر کوڕی باشە؛ کادری حیزبمانە؛ ئاگاشی لێت دەبێ و ئێمەش لە حاڵت ئاگادار دەکا. هەفتەی یەک دوو شەو دیار بوو چەند کەسێک دەهاتن، عومەر دەرسی سیاسی پێ دەگوتن. عومەر سیواتی نەبوو؛ لە قسەکردنیش بە گێلۆکەم دەدیت. بەڵام کێ دەڵێ لە سیاسەتدا مامۆستا نییە؟!

من ڕادیۆم هەبوو؛ ئەو نەیبوو. بەیانییەک گوتم: کاک عومەر تۆ زانیوتە ئەمشەو ستالین مرد؟

عومەر قەدەرێک مات بوو، گوتی:

- کاک عەزیز - بە پسکی خۆی - من دەڵێم «ثحەتی» باش نەبووە بۆیە مردووە!

- ئەی ئافەریم! باشی تێگەیشتووی! پیاو سحەتی باش بێ بۆ دەمرێ؟!

- باسی ئەو زیرەکییەی کادری هەڵبژاردەم بۆ جەلال گێڕاوە؛ زۆری پێ سەیر بوو!

ڕۆژێک چێشتەنگاو هاتمەوە؛ وا کا عومەر لە ماڵە.

- ها! خێرە؟

- مانم گرتووە! بە نانەواخانەم گوتووە مەعاشم زیاد نەکا کار ناکەم.

- کاکە لەم بێکارییەدا، ئێستا بێکارێکی ملەستوور کاری تۆ دەکا و بە کەمتر لە تۆش ڕازییە!

- من دەڵێم مانی کرێکارانم کردووە؛ وەک لە فەرانثە (فەڕانسە) دەکرێ!

پاش نیوەڕۆ هاتەوە گوتی: تۆ «دەزانی» یەکێکیان لە جێگەم داناوە، بچم بە لایەوە ملم دەشکێنێ! ناچارم بچمەوە «سلێمانی»!

ئێوارەیەکی هەینی عومەر گوتی: ئەمڕۆ چووبووینە دەشت، ترومبیلێکی «ئیستیعمار» بە لاماندا ڕابرد. زۆر هوتافمان کێشا: بمرێ، بڕووخێ ئیستیعمار!

تۆمەز ترومبیلی ئەعمار (ئاوەدانی) بووە!

شەوێک بەبۆڵەبۆڵ و جنێودان هاتەوە. هەر لە بەر خۆیەوە دەیگوت:

- قەحبەی سۆزمانی کێ فریو دەدا؟

- ها کاکە عومەر! خەبەر چییە؟

- مامۆستا! «ئوممو کولسووم»ی قەحبە دیسان خۆی ناوەتە پیانقۆ (بەختازمایی). ئەوە ساڵێکی تر وای کرد، بۆ حەمباڵێک دەرچوو شووی پێ نەکرد؛ ئەمجارەش ئەیەوێ بمانخەڵەتێنێ!

دەبوایە بە سەتڵ ئاو لە قاوەخانەیەک بێنین. هەرچی دەروێش و سەییدی نووشتەنووس و پیاوە بە ڕواڵەت ساڵحەکان بوون، زۆربەیان دەهاتنە ئەوێ. دەڕابەکانی هەرگیز هەڵنەدەدرانەوە؛ تاریک و تنووک بوو. لێمان ببووە مەتەڵێکی دژوار. شاگرد چاخانەکەمان بانگ کرد، پەنجا فلسمان دایە ئەو مەتەڵەمان بۆ هەڵێنێ: ئەو هەموو سەیید و پیاوچاکە ڕیشدارانە بۆ لە قاوەخانەی ئەوان کۆمەڵ دەبن؟ بۆ هەمیشە تاریکە؟

- هەموویان بەنگ دەکێشن! نابێ پۆلیس پێ بزانێ. وەستاکەم بەنگفرۆشە.

لە خانێکی سەوزەفرۆشی، دەگەڵ کۆنە سنەیییەکی تازە تورکمانی کوردینەزان ببوومە ئاشنا. کابرا هەر لە خۆوە ڕۆح و گیانی لە سەر من دەگەڕا. خۆی ئیجارەداری خانەکە و چاخانەداریش بوو. دەبوو هەموو ڕۆژ بچمە چاخانەکەی و چایییەک بخۆمەوە. کە زانی لە خانووی عومەر دەڕۆم، وەک قیل پێمەوە نووسا: دەبێ هەر بێیە خانەکە؛ کە چەند ژوورێکی لە نهۆمی دوو هەبوو.

- بەرقی نییە.

- هەر ئەمڕۆ بۆت دەکێشم.

ئیجارەی چەندە؟

- هیچ!

- نەخێر نایەم!

- مانگێ دینارێک.

تەواو نەمگوتبوو باشە، حەنباڵی هێنا کەلوپەلەکەیان بردم. تا ماڵ هات بەرقی لە چاخانەوە بۆ بردبوو. کوڕێکی خزمەتکاری خانەکەی بە ناو جەببار - کە لاوێکی پازدە ساڵە بوو - نارد بۆم خاوێن کاتەوە؛ تا منیش لەوێم هەموو کارم بۆ بکا.