کار لە مەیخانەی «جندیان»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  817 مشاهده

بە هۆی قزڵجی و زەبیحی -کە عەبدوڵڵا نەجاتی دابوون- لای عەبدوڵڵا شەریف کارێکم دیتەوە. مەیخانەیەکی هەبوو بە ناوی «جندیان»، ئارەقی لێ دەفرۆشرا و لەسەر خەیابانی سەعدوون بوو. لە سەعات حەوتی ئێوارەوە تا مەیخانە چۆڵ دەبێ، حیسابی ئارەق و خۆراکی فرۆشراو بنووسم. شەوانە بە ڕوبعە دینارێک و شێویش هەرچی بخۆم: جەلال کەیفە! من نیوەڕۆیان کەم نان دەخۆم؛ تۆ خۆت تێر کە! شەوانە تێی هەڵدێنمەوە. سەعات دەوری یازدە و نیو دوازدە دەچوومە ژوورێک کە دەگەڵ حەمەی ڕەشادی لە ماڵی «عەلی عەزیز» ناوێکی سابڵاغیمان بە کرێ گرتبوو. ڕۆژانەش لە دووکان کارم دەکرد.

شەوێک داوای دوو پۆرس جەرگی سوورەوەکراوم کرد بە دوو سەموونی دوو قاتەوە؛ کە دەبووە چوار سەموونی ئاسایی. لەپشت مێزێک ملم لە خواردن نا. مشتەرییەک لە نزیکم ئارەقی دەخواردەوە، پرسی:

- ئەرێ ئەوەی هەموو دەخۆی؟!

- بڵێم چی مامە گیان! دوکتور دەڵێ دەبێ شێوت سووکەڵە بێ!

- کابرا - کە پیاڵەی نزیک دەمی کردبوو - لە پڕمەی دا و چڵم و لیکی تێکەڵ بوو. لەبەر پێکەنین ژانی کرد!

عەلی عەزیزی خاوەنی ماڵ، لە سەر تەلەفۆناتی ئێدارەی پۆلیس بوو. شەو درەنگ تەلەفۆنی دەکرد.

- کەنگێ دەێیەوە ماڵێ؟

- نیو سەعاتی تر، سەعاتێکی تر، هەروا چەند دەقیقەیەکی دیکە!

- یانی چی؟ تێ ناگەم.

- کاکە ئارەقخۆرەکانی بەڕێز، ئەگەر تازە کەوتنە گۆرانی گوتن، سەعاتێک هەر دەمێننەوە. ئەگەر دەستیان کرد بە قنگبادان و چەقەنە لێدان، دیارە نیوسەعاتێکی ماوە. ئەگەر بێهێز کەوتن و دەستیان لە سمێڵ ماچ کردنی یەکتر کرد، هەر بینا ڕۆیشتن!

ئەمجار عەلی لە تەلەفۆنی شەوانەیدا دەیپرسی: گۆرانییە؟ یان قنگبادان؟ یان سمێڵ ماچ کردن؟!