دووکانداری لەگەڵ جەلال بێتووشی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  827 مشاهده

شەوێک حافزێک «حەسیب» ناوی عەرەب هاتە لامان. شێخ مستەفا گوتی: حەسیب! تۆ لەو دنیاش هەر کوێر دەبی. دەڵێن عاقیدەت سستە. حەسیب هەڵیدایە: یا شێخ! لە کتێبدا نووسراوە و بۆیان خوێندوومەوە کە ڕۆژێک ئیسرافیل گوتی خودایە تاسەی میکاییلم کردووە؛ ئیجازە بدە سەری بدەم. خوا فەرمووی بچۆ! بەڵام زەحمەتە بیگەیەی! ئیسرافیل سەد ساڵ فڕی و ڕێگەی پێوا؛ ماندوو بوو. خودایە! کەی دەیگەمێ؟ خودا فەرمووی: هێشتا مەودای نێوان لچی خوارێ و لێوی سەرووی میکاییلت نەبڕیوە! دەڵێم زەحمەتە؛ دەڵێی دەچم! یا شێخ! ئەگەر باوەڕ بەو توڕەهاتە چاو لە قیامەت بۆ پیاو پەیدا دەکا، سەگم دەو چاوە ڕیاند!

فەقێ زۆر بەتەماح و من زۆر بێپووڵ. هەر دەیگوت: تا دەنێرم ڕۆنم لۆ دێ، هەڕوو بڕێکی بکڕە، هەڕوو هێلکە بکڕە، هەڕوو گۆشت و... ناچار بارم کرد. شڕەم لە سەربانی دیوەخانی نەقیب بە زەویدا دایەوە.

لەکن وەستا برایم دامەزرامەوچە؛ ڕۆژێ بە نیو دینار. شاگردێکی کۆیی تریشی هەبوو بە ناوی «جەلال بێتووشی». پێکەوە ڕێک کەوتین دووکانێک لە سەر حیسابی خۆمان بکەینەوە. وەستا نەوەد دیناری دەست گرتین. دووکانێکی چۆڵمان لە خەیابانی مەلیک فەیسەڵی دووهەم گرت و دەستمان کرد بە کار. ستودیۆی تازە کەم کارە؛ ئێمەش فەقیر بووین نەماندەکرا جوان و ڕێکوپێکی هەڵخەینەوە. ئەوەندەی لێ پەیدا نەدەبوو هەردووکمانی پێ بژین. سێ جەمە نان و ماستمان دەخوارد؛ ئەویش تێر نا. دەمپاییمان دەپێدا بوو. تەنانەت باوەشێنێکی بەرقیمان نەبوو. گوتم من دەچم کارێکی شەوانە دەبینمەوە؛ هیچ نەبێ نانی شەوت دابین بێ.