بە سووتان چوونی کتێبەکانم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  787 مشاهده

ئێوارە چوومە ئێزگەی قەتار؛ «کوتک لە سەر ڕمبان بوو»! خێزانی ماڵی شا لە کوێستانی سوارەتووکەوە دەچوونەوە؛ نیوەی پتر واگۆنەکانیان بۆ تەرخان کرابوو. فیلم دەویست جێگەی بەرکەوێ. تووشی کۆنە ئەفسەرێکی عێراقی بووم بە ناوی «عەبدوڕەزاق عەبایچی» کە لە بەحنەس ببووینە ئاشتا و لەبەر نەخۆشیی سیل بازنشست کرابوو. ئەویش وەک من سەرگەردانی جێگا بوو.

دوو تەلیس گوێزیشی پێ بوو.

- هەژار! جێ دەس ناکەوێ؛ چ بکەین؟

- تۆ کارتی شوناساییی ئەفسەریت ماوە؟

- بەڵێ لە گیرفانمدایە.

- واگۆنێکی دوورودرێژ بۆ ئەفسەران تەرخان کراوە؛ کارتت دەرخە.

- چۆن دەبێ؟

- چۆن نابێ؟!

چووینە بەر واگۆنەکە. سەرگرووهبانێک کارتەکەی دیت، چەستێکی جانانەی کێشا: قوربان فەرموو! گوێزیان بۆ بار کرد. منیش خۆم تێ خزاند و لە ڕیزی پشت قوربانەوە تەخت دانیشتم. بەر لە ڕۆیشتنی قەتار، سەرگرووهبان پێدا گەڕا بزانێ کێ بە قاچاغ سوار بووە. لە ژنێکی ئەو بەرمی پرسی:

- تۆ چیت؟

- من عایلەی ئەفسەرم.

خۆی تێنەگەیاند. گەیشتە من:

- برا تۆ چیت؟

- من عایلەی ئەم ئەفسەرەم!

بوو بە فڵق و هۆڕی پێکەنین! لە واگۆنی ئەفسەراندا هاتمەوە بەغدا. وەک پشیلەی پاشا ڕاست چوومەوە ماڵی مام حوسێن! مام حسێن لە دوورەوە بە پیرمەوە هات و گوتی: چووبوون زەبیحی بگرن، ترسمان ڕێ نیشت، کتێبەکانمان سووتاند. بایی چەند بوون پووڵەکەت دەدەمەوە. کزەم لە جەرگەوە هات. قەدەرێک تاسام. گوتم: مامە! ئەگەر کەسێک سەری کوڕت ببڕێ بە چەندێ لێ ڕازی دەبی؟ ئەو کتێبانەم زۆر بە خوێنی جەرگ پەیدا کردبوو؛ سیاسی و قاچاغ نەبوون. خۆت سەلامەت بی!

حیکایەت چ بوو؟ شا - کە لە هەڵاتندا چووبووە بەغدا - زەبیحی شەونامەیەکی دابوو بە لاوێکی خەڵکی سلێمانی، بردبووی لەبەر دەرکی دەربار بڵاوی کردبۆوە؛ گرتبوویان؛ گوتبووی قادر دایمێ.

- کوا قادر؟

- لە کافە عەبدوڵڵایە.

چوار ئەفسەری سیڕڕی دەگەڵ چەند پۆلیس دەچن. لە زەبیحی دەپرسن:

- کوا قادر؟

- نەکا قادرە کۆمۆنیستەکە بڵێن کە زۆر بەدفەڕە؟ دادەی قاوە بێنن! ئێوە بێدەنگ دانیشن با قوشقی نەبێ. ئێستا دەیهێنم و بیگرن!

- زەبیحی لە جادەی لای ئەبوونەواسەوە ڕادەکا. پۆلیس لاق لەسەر لاق قاوە دەخۆنەوە. لە خزمەتکارێک دەپرسن:

- قادر بۆ نەهات؟

- قادر لای خۆتان بوو؛ بۆ کوێتان نارد؟!

زیانی کتێب سووتان زۆر کاری تێکردم. ئیتر تازە لە کتێب کۆکردنەوە دڵم ساردەوە بوو. کە دەمدین - وەک نەزەریان حەرام بێ - ڕووم وەردەگێڕا. بە گفتی مەولانای ڕومی: «ماوەیەکی ویست تا خوێن بۆوە بە شیر»، ساڵێکی برد تا لەو تاسانە دەرچووم و ملم لە کۆ کردنەوەی کتێب نایەوە.

کاتێ گەیمەوە بەغدا - پاش سەردانی مام حوسێن - چوومە کن یەرمیا. گوتم: دار و نەدار حەوت دۆلارم هەیە. گوتی: بێنە! لە هەڕاجەبازار، لێفە و دۆشەگێکی تەنکی کۆنی دەگەڵ سەنیرێک بۆ کڕیم بە چوار دۆلار. سێ دۆلارەکەی تریشی - کە کردبووە دینار - دامەوە. گوتی: تا کار پەیدا دەکەی لە مزگەوتێک، دیوانی نەقیبێک بنوو! ئوتێل بۆ تۆ نابێ.

فەقێ سەییدێکی هەولێریم پەیدا کرد کە لە مزگەوتی مەلیک، بەرانبەری وەزارەتی داخلە دەیخوێند. بڕیار درا لەوێ و لای فەقێ ڕایبوێرم. ناوی فەقێم لەبیر نەماوە؛ بەڵام مەلایەکی زگزلی قەپۆزبەرانی شاڵ لە پشت و مێزەر سپی کوردانە، شەوانە دەهاتە حوجرە؛ ناوی شێخ مستەفا بوو. بە ڕاوێژی دەمی هەولێری بوو.