خواحافیزی لە ڕۆمانیا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  968 مشاهده

ڕۆژی خواحافیزی لە ڕۆمانیا، هەر یەکەی بیست دۆلار و کراسێکی باشی یادگارییان داینێ و سواری قەتار کراین بۆ سەر بەحر. لە شارێکی کەنار دەریا بە پێشوازمانەوە هاتن. دابەزین. سەما و هەڵپەرکێیەک بوو سەگ ساحیبی خۆی نەدەناسی. دەهۆڵ و زۆڕنا ئاشی پێ دەگەڕا. شاری کۆنستانیە بوو؛ زۆربەیان موسڵمان و زۆریش لە بوخاریستیان جوانتر بوون. سواری کەشتی بووین؛ نازانم چەند شەومان پێ چوو. بەربەیانێک بە ئەستەمبووڵدا تێپەڕین بەرو لوبنان. بەیانییەک لە ڕستوورانی کەشتیدا خەریکی بەرچا خواردنین، میکرۆفۆن قیڕاندی:

- خوشک و برایانی بەڕێز! جێژنی قوربانتان مبارەک! داخی گرانم دوو بەڵای گەورە ڕووی داوە: مەلیک محەممەدی پێنجەم لە مەراکیش تەبعید کراوە. شای ئێرانیش - کە دەرکرابوو - گەڕاوەتەوە تاران و موسەددیق ڕووخاوە...

لە فیلمێکدا دیتوومە چارلی چاپلین کە دەچێتە شەڕە مست، ڕەشێکی دیوە ئێسکێک دە ملی دەساوێ بۆ بەرەکەت. لە بەری دەپاڕێتەوە کە ئەویش بۆ پیرۆزی ڕەملی خا. لەپڕ دەبینێ ڕەشە بە تابووت هەڵگیراوە. بە پەلە جێ ئێسکەکە لە مل دەسڕێتەوە! منیش بەر لە هەر شت، کارتە کوێتم لە باخەڵ دەرێنا، ونجڕ ونجڕم کرد و چووم لە پەنجەرەوە بە دەریامدا دا. «ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو، بە جارێ ماڵی وێرانم». ئەم خەیاڵ پڵاوەشم کەڕووی هێنا...

کەشتی لە بێرووت لەنگەری گرت. پیاوی ئەمنیی لوبنان سەرکەوتن. هەر دەستەیەکی هاووڵاتی بە جیا دابەزێ. لەسەر زەوی پۆلیس چاوەنۆڕمانە؛ وامان دەپشکنن دەڵێی پشکی کاڵەمستێن تاقەت دەکەن. هەر چی بۆنێکی کۆمۆنیستی لێ دەهات، کتێب و گۆڤار و شتی یادگاری کە نیشانەی سووری پێوە با داگیر دەکرا. هەر لە بەر خۆشیانەوە دەیانبۆڵاند. سەگەل! ستوونی پێنجەم! نەمدەزانی ستوونی پێنجەم یانی چی! تەنانەت من نوسخەی تەرجەمەی «کرانک بیڵ» و ئەلمونجیدی چکۆڵەی چاپی بێرووت و دەفتەری شیعرەکانم لێ سێندرا.

- گیانە! ئەو ئەلمونجیدە نووسەرەکەی بێرووتی و چاپی بێرووتە و لە بێرووتم کڕیوە.

- بڕۆ بەو لاوە ستوونی پێنجەم!

میسرییەکان هاتن؛ «تەحیە کاریۆکا» یەک دانە سەمای جانانەی کرد، ئەوانیان نەپشکنی. بە قوربانی چاوی سیت تەحیە بێ! دەبوایە بە داڵانێکدا تێپەڕین و ئیجازەی چوونە ناو شار وەرگرین. لە شوێنێک هەموو شتە زەوتکراوەکان بە سەر یەکدا درابوون و ئەفسەرێک بە دیاریانەوە بوو. لێی پاڕامەوە کە نوسخەکانم بداتەوە، گوتی نەڕۆی دەڵێم بتگرن. دەفتەرە شیعرەکانم لە سەرەوە دیار بوو. هەر چاوێکی خافڵ کرد پڕم پێدا کرد و دە ساکەکەمڕا کرد. حەنباڵێک گوتی: چ دەکەی؟! لیرەیەکی لوبنانیم نایە مستی: ئەو ساکەم بۆ بەرە دەر!

- بە چاوان!

شیعرم ڕزگار کرد و کرانک بیڵم چوو. پەساپۆرتی عێراقی و ئوردنیان نەدرایەوە. پاش دوو ڕۆژ وەرمانگرتەوە و پۆلیس دەگەڵ چوار پێنج کەس ڕەپێچەکیان داین و گەیاندینیانە وادی حەریر و تەسلیمی نوختەی سنووری سووریا کراین.

با ئەوەشم لە بیر نەچێ: کراسە خەڵاتییەکانی ڕۆمانیا لە لای ڕەئیس و معاونەکانی مانەوە کە لە بێرووت دەتاندەینێ. لە بێرووت گوتیان ماڵی حیزبە و لە بەغدا تەسلیمی حیزبی دەکەین؛ مەلا کلکی کەڵەشێر دیار بوو؛ بۆ خۆیان لەو کراسانەیان دەبەردا بوو!