هاوارێک بۆ کورد و کوردستان بە شیعر و پەخشان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  1528 مشاهده

دووسبەی هات. چوومە سەر سەکۆ؛ بە کوردی وتار و شیعرم خوێندەوە. وامدەنەڕاند دەتگوت لە ئەشکەوتدام. لەو کۆنگرە چوار زمان ڕەسمی بوو. دەبوایە وتار تەرجەمە کرابا بەو چوارانە کە بریتی بوون لە؛ ڕووسی، فەڕانسی، ئینگلیسی، ئەسپانی. وەگێڕ لە پشت پەردەوە کەلیمە بە کەلیمە دەیانگوت. لە مێزی پێش گوێگراندا چەند کونێک هەبوو ناوی زمانەکانیان لێ نووسرابوو. گوێپۆشت لە گوێ دەکرد و سەرەکەی دیت دەو کونە زمانەڕا دەکرد کە دەتزانی. جێگەی ئەوەش هەبوو کە ڕاستەوخۆ دەنگی کابرای وێژەر بە زمانی خۆی ببیسی. دەجا بۆ ورچە قوڵە لە چەپڵە دەن! چەپڵە زۆری کێشا، کیژێک بە دەسکە گوڵێکەوە هات؛ دەستی کوشیم. گوتی: من تورکم. دەزانم دەوڵەتی من چەندی ناهەقی لە کورد کردووە؛ بەڵام تۆ من ببەخشە! زۆر خەجاڵەتم... کە هاتمەوە مەنزڵ گوتم: هیچ نەبێ لەو کچە تورکە شەرم بتانگرێ، چی ترتان پێ ناڵێم...

ڕۆژێک، کاک غەفووری ڕەئیس - کە یەکی درێژی شان و پیل خواری تۆزێک پشتکووڕی مووزەردی چاومەڕی و خەڵکی سلێمانی بوو - بە عارەبییەکەی کە هیچی لێ نەدەزانی، بانگی کردم:

- پێم خۆشە دەگەڵم بی؛ دەچمە دیدەنی ئێرانییەکان.

- باشە، بەڵام لێرە پێت گوناحە بە کوردی بدوێی، من عەرەبیت بۆ تەرجەمە ناکەم.

- بۆ خۆم فارسی دەزانم؛ تۆم پێناوێ. هەر پێکەوە بین باشە.

ئێرانییەکان دەوری چل کەسێک دەبوون. زۆریان کچ دەگەڵ بوو کە یەکیان لاقی لە خۆپیشانداندا پەڕیبوو ( وا بزانم ناوی پەروانە بوو). ڕەئیسەکەیان شەلێک بوو ناوەکەم لە بیر نەماوە. کا غەفووری چەنبەری ملی لە شتێک نا بە خەیاڵی خۆی فارسییە. بوو بە پرمەپرمی کچە ئێرانییان و پرمە بوو بە تریق و هۆڕ! کابرا شەلە کە خۆی وەخت بوو بتەقێ، گوتی: بێشەرمینە! بچنە دەر! جەنابم کە گوتبووم ئەوە ڕەئیسی عێراقییەکانە، لە شەرمان ئارەقم کرد. گوتی: ئاغا چی فەرموو تەرجەمەی کە!

- غەفوور! دەو فارسییە جوانە ناگەن؛ ئابڕووشمان چوو. بە کوردی بفەرموو تا پێیان بڵێم؛ کە دەبوایە من بە ئەندازەی عەقڵی خۆم بیانگۆڕم!

من کە ڕۆژانە بە جلکی کوردییەوە دەگەڕام، زۆر کیژ و لاو دەفتەری بیرەوەرییان دەدامێ بۆیان ئیمزا کەم. بە ئینگلیسی لەناو نەخشەیەکی زۆر منداڵانەدا، لە ناوەڕاستەکەیدا دەمنووسی: «کوردستانی ناسەربەخۆ». لە دەوریشی تورکیە و ئێران و عێراقم دەنووسی. لەو دەفتەرانەدا دەمدی بە خەتی فارسی ئیمزا کراوە: «کەریم حیسامی نەغەدە!» ئەو ڕۆژە لە مەنزڵی ئێرانییەکانم دیت. گوتم: برا تۆ هیچ نەبێ تەنیا بنووسە کوردستانی، کەس ناپرسێ نەغەدە لە کوێیە!

ڕەئیسە شەلە لێی پرسی: حیسامی قسەت کرد؟

- بەڵێ!

- بە چی؟

- بە فارسی

- ئاخر مەردی حیسابی! وا دەبینی چەندین دوکتور و خوێندەواری لە زەبرمان هێناوە و جل و تەپلەی کەربەلایییە لادێییەکانمان دەبەر کردوون. کەس نەبوو قسەی فارسیم لە ڕادیۆ بۆ بکا تۆ نەبی؟!

من گوتم: بچۆ بە کوردی قسە بکە تا بزانن قەدری کوردمان لەبەرە. هەستە بچۆرەوە بە کوردی بڵێ.

تەلەفۆنیشی کرد ڕادیۆی تێگەیاند.

ئەو دەمە لە وڵاتی دەرەوە کەس جگە لە ئیسرائیل و لوبنانی نەدەزانی. مەنزوورم ڕەشایی کۆمەڵە نە سیاسی. تەنانەت میسر و عێراق و سووریەشیان نەبیستبوو. لە وەرمیاندا کە دەمگوت: «کوردستان»

- ها تورکیستان! عیراک!

سەریان ڕادەوەشاند: بەغدا، ها ها! کەلفە بەغداد! هاڕوون ڕەشید! ئەویش لە ئاهەنگێکەوە بە ناوی خەلیفە بەغدادەوە کەوتبووە بەر گوێچکەیان.

ڕۆژی جەژنی خۆپیشاندانی گشتی دیاری کرا. هەموو کەس، ئافریقایی، ئاسیایی و گەلانی تر بە لیباسی میللی خۆیانەوە هاتن. دوکتوری ئافریقاییت دەدی کەوڵە پڵینگێکی دە شان و پیلەوە پێچاوە، باسقەننەیەکی درێژی لە پشت ملیەوە قیت کردۆتەوە؛ بەڵام عێراقییە کۆمۆنیستەکانی خۆمان کە لە بەغداوە چەندین دەست بەرگی کوردی و کڵاش و کڵاوی سوور و شینیان بۆ ئەو مەبەستە هێنابوو، کوردەکان بە لایانەوە دژی ئیمانیانە دەبەری کەن. ئەوانیش وەک عەرەبەکان عەگاڵ و کەوای شۆڕیان کردە بەر. تەنیا کوردێک کە لە لەندەن هاتبوو دەگەڵ من جلی کوردی پۆشی. چووینە خۆپێشاندان. تەحیە کارێوکای ماکەریش لای وا بوو دەچێتە سەر سەکۆی سەما، لام وایە پووتێک دەبوو؛ زێڕی لە خۆ دابوو؛ وەک ئێستری پێشەنگ هەر زڕەی دەهات! لە پێش میسرییانەوە دەڕۆیشت و ئاڵای میسری هەڵکردبوو، پێشیان دەگوت: «سیتتی توحەییە!».

خەیاڵ پڵاوێکم کرد: هەیاران! من کە لە سابڵاغ و تەورێز هێندە هێندە خۆشەویستی شۆرەوییەکان بووم، بۆ نەچمە ڕووسیا و لەو شەڕەشەقە ڕزگار بم؟

کوردەکەی لەندەن - کە وا بزانم ناوی نەوزاد بوو دەگەڵم هات - چووینە سەفارەتی ڕووس.

- چیتان دەوێ؟

- سەفیر.

- زەحمەتە بیبینن.

- کاری گرینگمان هەیە.

- ڕاوەستن!

بردیانینە خزمەت سەفیر.

- کاکە بۆم تەرجەمە کە! من شاخم وا و باڵم وا؛ فڵان و فڵان دەمناسن؛ شیعرم وا، نووسراوم وا؛ بۆم بپرسە ئەگەر بمبەنە ڕووسیە یان ئازەربایجان و باکۆ زۆر مەمنوونم.

سەفیر لێم بوو بە قانوونی:

- هەواڵ! ئێرە ڕۆمانیایە؛ سەربەخۆیە؛ ڕووسیا هەقی نییە باسی شتی وا بکا!

چی بە سەر چییەوەیە؟! دەڵێن بە مەلای مەزموورەیان گوتووە گوریسمان دەیە، گوتوویە هەرزنی لە سەر ڕاخراوە.

- یانی چی؟

یانی نایدەم و ببڕێتەوە!

دیسان «ئەبلە بە خەیاڵ نەبوو بە ماڵ»...

من قۆرییەکی ئەلمۆنیۆم و چای عێراقیم پێ بوو. لە سایەی ئەوەوە زۆرم دۆستی عێراقی بۆ پەیدا ببوو. یەک لەوانە دوکتور نەزیهە دلێمی بوو. یەکێکی ڕەش و برش کە لە زەمانی قاسمدا وەزارەتی دەست کەوت؛ بەڵام لەبەر دزێوی مێردی هەر دەست نەکەوت! کوردیشی دەزانی.

چوومە نومایشگای سنعات لە بوخارێست. ژنێکی هیندی زۆر جوان دەگەڵ دوو کەس لەوێ بوون.

مات مام: خوایە وەک ئەو ژنەم دیبێ وایە؛ لە کوێم دیوە؟ لە یەکێک لە پیاوەکانم پرسی: وەک ئەو ژنەم دیبێ، نازانم لە کوێ؟

- چۆن نازانی؟ لە سینەما؛ هونەرپیشەی سینەمایە!

هاتوچۆی مەنزڵی ئێرانییەکانم دەکرد. گوتیان دەگەڵمان وەرەوە لە ڕێگەی ڕووسیاوە دەتبەینەوە؛ نەموێرا. کابرایەکی ئێرانی کە لەگەڵ هەیئەتەکەدا نەمدیبوو، هات پرسی:

- تۆ هەژاری؟

- بەڵێ.

- وەرە کارمان پێتە.

بردمیە کافەیەک، سی کەسی تریشی هەواڵی ئەو لێ بوو.

- ئێمە توودەیی و هەواڵی دوکتور جەعفەری ڕەحمانین. باسی تۆی بۆ کردووین. توودە ئەمڕۆ زۆر بەهێزە و پۆلیس و ئەرتش هەمووی بە دەست خۆمانە؛ دادگا لە تکامان دەرناچێ. ڕۆژ ڕۆژی تۆیە. زۆرمان کار بە تۆیە کە شاعیرێکی کوردی. وەرەوە ئێران، خۆت ئاشکرا کە! دەتگرن؛ بەڵام خاترجەم بە لە حەوت ڕۆژ زیاتر لە حەبسا نابی، بەرت دەدەین.

یەکیان سەری خستە بن گوێمەوە: موسەددیقیش فڕێ دەدەین و هەر بینا حوکممان گرتە دەست! ئای برا، کەیفە!

- ئاخر هەر دەبێ بچمەوە بەغدا. جا ئەگەر پێم بکرێ لەوێڕا بێم.

- زۆر هاسانە: سبەی دەڕۆن! چوار ڕۆژ دەریا؛ دوو ڕۆژ لە بێرووتەوە تا بەغدا؛ ڕۆژی حەوتەم دەچیە کازمێن؛ کارتی من بە (لیوان تور) نیشان دەدەی. بێ ترسی پرسی پۆلیسی سنوور دەگەیە تاران. ئێمە چاوەنۆڕتین!

ئەی خەنی لە خۆم! کارتم وەرگرت. ئیمزاکەی «حەمەدڕەزا» یان «ڕەزا عەلی» شتێکی وا بوو. نامە تەنکەی باخەڵمەوە. هەر دەڕۆیم و دەستم بۆ دەبرد نەوەک ونم کردبێ. نەخێر دیارە بەخت ڕووی تێ کردووم!