دامەزرانی کۆنگرە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  977 مشاهده

عێراقی تر لە ئورووپاوە زۆر هاتبوونە فستیواڵ؛ ئێمەی دوازدە ببووینە حەفتا و یەک نەفەر و هەر لە زیادبوونیشدا بوو. کۆنگرە دامەزرا. بەشی عێراقییان بە ئاڵای عێراقەوە لە دوو ڕیزدا بوو. ڕانکە و چۆغە، مێزەرێکی زل، پشتێند، کەڵاشی تازەی هەورامانی، چووم لە ڕیزدا دانیشتم. تەواو ورچی مومیای کراو! وەک کوندەبوو کە دەڵێن چوێلەکە دەوری دەدەن؛ حەز لە چاوی دەکەن، هەرچی وێنەگر و خەبەنیگار بوون دەوریان گرتم و بوو بە فچەفچی دووربینان. کێی؟ خەڵکی کوێی؟... لە ڕووپەڕێک نیوە نەخشەیەکی ئێران و عێراقم کێشابوو، کوردستانی ناسەربەخۆم نیشانە کردبوو. زۆر نوسخەم نووسیبۆوە. هەر کەسە دەنکێکم دەدانێ. هیندییەک بە قەڵەم وێنەی کێشام؛ بەڵام ئەشەدەمبیللا هیچ وەک خۆم نەدەچوو. دوای جەلسە هاتینەوە؛ کۆڕیان بۆ گرتم.

- لە دیسیپلین لات داوە!

- برام من پاژی هەیئەتی عێراقی نییم، قانوونتان بە سەر مندا ناڕوا!

- ئەو قسانە بۆ خۆت باشە! کورد و مورد حەقی نییە خۆی دەرخا!

سبەش چوومەوە جەلسە؛ «هەمان تاس و هەمان حەمام». ئەو ڕۆژە تۆزێک درەنگ هاتمەوە مەنزڵ. گوێم لێ بوو چەققە و هەرایە. هەر چوومە ژوور قڕوقپ، وستەیان لە خۆ بڕی. گوتم:

- بەڕاستی زۆر مەردن، حەفتا و ئەوەندە کەس لە من دەترسی! چیتان دەربارەی من دەگوت؟

- دەمانگوت ئەگەر بە جلی کوردییەوە بێی و داوای قسەی خۆت بکەی، ئیجرائاتت دەرحەق دەکەین!

- ئێوە نازانن ئیجرائات چییە؟ با من پێتان بڵێم. خۆتان ناتوانن دەرمکەن، ناچارن بچنە ئیدارەی دژی جاسووسی و بڵێن جاسووسێکمان کەشف کردووە کە دەگەڵمان هاتووە. ئەو دەم ئەگەر باوەڕیان پێ کردن، کەلەپچەم دەکەن؛ دەچمە ویەن؛ دەچمە سەفارەت دەڵێم دژی دەوڵەتم. بە حەبسی بە تەییارە دەمنێرنەوە بەغدا. لێم دەدەن ڕاستی بڵێ! ئەو دەم کامە سەگباب ئازایە بێتەوە بەغدایە، لەوێ یەکتر دەبینین!

تۆزێک ترسان:

- کاکە! کێ دەڵێ پیاوی خراپی؟ بەڵام دەڵێین تۆ دەگەڵ ئێمە هاتووی دەبێ بە قسەی ڕەئیس بکەی!

ئێوارە چوومە دەفتەری کۆنگرە؛ کابرایەکی ئێرانی، توودەیی بە ناوی نەمازی هەمەکارەی کاری ڕۆژهەڵاتییان بوو.

- خواهیش دەکەم شتێکم نووسیوە؛ بۆم بە فەڕانسی یان ئینگلیسی تەرجەمە بکەن.

- ئای بە چاوان! تۆ بیهێنە و دەسبەجێ دەکرێ.

هاوار و بانگی خۆم بە کوردی نووسیبوو. شیعری نەشمیلیشم حازر کردبوو؛ شەو دانیشتم کردمنە فارسی. سبەی بردم بۆ نەمازی. گوتی: سبەی وەرەوە، حازرە. سبەی چوومەوە، گوتی: ئێوارە. بۆیان گێرامەوە کە عێراقییەکان گوتوویانە بۆی مەکە و مەحتەلی کە! ئێوارە چوومەوە؛

گوتی: سبەی وەرەوە! گوتم: وەمزانی توودەی، لە ئێرانییەتی شۆراویەوە؛ بەڵام ئێرانی و درۆ بێ یەکتریان ناکرێ! دەیکەی یان نایکەی؟!

- هەڕەشەم لێ دەکەی؟ نایکەم و ناشیەڵم بۆت بکەن!

چاوم عەرزی نەدەدی؛ کراواتەکەم گرت و بەر مست و شەقم دا. سێ کەس لەوێ بوون هاتن دەستم بگرن، لە قەڵسییەکەم ترسان؛ بانگیان کرد: ئاغای کازمی! کوڕە جحێڵەیەک بەغار هات. دەستی گرتم.

- ها چ خەبەرە؟

گوتم: ئەمڕۆ بۆم تەرجەمە نەکرێ واوەیلا بە حاڵی! من کوردم و گوێ نادەمە دواڕۆژ چ دەبێ.

کازمی گوتی: نەمازی زۆر بێئەخلاقی! ئەگەر هیچ پیاو بای درۆت دەگەڵ ئەو پیاوە نەدەکرد. دەستی خۆش بێ؛ بریا پتری تێهەڵدابای!

نەمازی هەر شان و پیلی ڕاست دەکردەوە و بەکزێکەوە گوتی: خەتای عێراقییەکان بوو!

کازمی گوتی: کوا چت پێیە بێنە! قەت سەعاتێکی نەبرد تەرجەمەی فەڕانسی و ئینگلیسی تایپکراوی بۆ هێنام. گوتی هەر کارێکی تریشت هەیە حازرم.

- دە توخوا سبەی سەعات دە، وەرە کۆنگرە بمبینە! ببە بە تەرجومانی قسانم.

سبەی بە جلی کوردییەوە چوومەوە لە سەفی عێراقییان دانیشتم. کازمی هات. ڕاست بوومەوە، گوتم: وەرە! سەرکەوتین، چووینە لای سەرۆکی کۆنگرە - کە ئێستا ناوەکەم لەبیر چۆتەوە - فەڕانسی بوو. گوتم: من کوردێکم سەر بە هیچ دەوڵەتێک نییم. هاوارێکم هەیە لە تەرەف تەنیا خۆمەوە. ئایا هومێدم هەبێ کە لەم مینبەرەوە ڕێگەم بدرێ هاوارەکەم بکەم؟

من دەڵێم و کازمی بە فەڕانسی بەو دەڵێ. لەو دەمەدا «دوکتور سەفا حافز» - کە حقووقی بوو - وەسەر کەوت. هێندێ قسەی دەگەڵ ڕەئیس کرد؛ تێنەگەیشتم. ڕەئیس لە جوابما گوتی: ئێرە مینبەرێکی ئازادە؛ ئەگەر یەکێک بیەوێ جوێنیشمان پێ بدا ڕێگەی هەیە. باشە ناوت دەنووسم، هاواری خۆت بکە!

سوپاسمان کرد، هاتینە خوار.کازمی گوتی: سەفا حافز پێی گوت: ئەوە دەگەڵ دەستەی عێراقە؛ عێراقیش قسەی خۆی کردووە. بە قانوون حەقی نییە. ڕەئیس پێی گوت: ئەو پیاوە دەڵێ من بە تەنیا قسە بۆ خۆم دەکەم و سەر بە هیچ دەستەیەک نییم. قانوونی ئێوە لێرە کار ناکا!

ڕۆژێک لە جەنگەی جەلسەدا، خەبەر درا کە چینی هێرشیان کردووە و ئەمریکایی و هەواڵانیان قەتڵ و بڕ کردوون و کۆریای شیمالی سەرکەوتووە. بوو بە چەپڵەڕێزانێکی بێ پسانەوە و هووراکێشان. لاوێک دەیانگوت نیوزیلاندییە چووە سەر کورسی، گوتی: زۆر ساڵە ئاشتیخوازین؛ لێرەش هەر بۆیە کۆ بووینەوە کە دژی شەڕ و خوێنڕێژی خەبات بکەین. پێم سەیرە بۆ هێرش و خوێنڕژاندنی خەڵک لە لایەن چینی دۆستمانەوە لە چەپڵە دەدەن. شەڕ هەر شەڕە؛ نابێ بۆ هیچ پیاوکوژییەک لە چەپڵە دەین.

لە جەلسە چۆڵ بووندا کە دیسان وەبەر حەملەی وێنەگران کەوتبووم، ڕەئیس دەستی لە شانم دا، گوتی: دووسبەی سەعات دە، نۆرەتە. هاتمەوە مەنزڵ. هەر کەسە لەبەر خۆیەوە دەستی دەگوشیم:

- تەبریکت پێ دەڵێم! ڕەئیس فەرمووی دادەی بزانین چ دەخوێنیەوە؟!

- کا غەفوور! خوا ئەیزانێ نە ئێستا نە پاش خوێندنەوە، چاوتان بە نووسراوم ناکەوێ؛ خاترجەم بخەوە!