شاری بوخارێست و ژیانی ئەو دەمەی
لە بووداپێست سەعاتێک لە ئێزگە ماینەوە. سەر و پاکەتێکی سەندویچ و میوەیان داینێ. گەیشتینە شاری بوخارێست. عێراقی و میسرییەکان لە مەدرەسەیەک مەنزڵمان گرت. لە قەتاردا وەرزشکارێکی سەر بێتووکی میسری دەیەویست سەردەرێنێ، نەیزانی شووشەی لە پێشە، شەقۆنێکی دە شووشەی قەتار هەڵدا، شووشە خرمەی کرد و سەرە کەچەڵەکەی چی لێ نەهات. یەک لە میسرییەکان «تەحیە کاریوا» سەماکەری مەشهوور بوو. دەستەیەکی موزیکی دەگەڵ بوو دەتگوت بە دانستە هەڵتبژاردوون؛ زۆربەیان ڕەشی ئاوڵاوی و یەکیان یەک چاویش بوو!
لە قەتاری ڕۆمانیدا دوو ژنەلادێیی هاتنە ناو واگۆنەکەمان؛ مریشک و هێلکەیان دەبردە شار. بە ئیشارە لە مریشک و کەڵەبابەوە تا گۆڕستان و ئەو شتانەی لە ڕێ دەماندیت، پرسیارم لە ژنێکیان دەکرد و دەمنووسیەوە. توانیم چەند وشەیەکی زۆر لازم فێر بم. لەو پرس و جوابانەدا پۆلیسێک پەیدا بوو؛ ژنەکان زۆر ترسان؛ دەرپەڕین و دەرسم ناقسی ما!
بەیانییان هەموومان دەچووینە ژوورێکی نان خواردن. هەرچی زوو نەگەیبایە بەشی دەبڕا. من لە سینەمادا تەحیەم زۆر بە جوانی دەدیت؛ بەڵام بەیانییان - کە نەیدەپڕژا لە تاوی نانەکەی سووراوسپیاو بکا - شڵەزەردێک بوو بێزت لێ هەڵدەستا.
نیوەڕۆ و شەو بلیتی نەهار و شاممان هەبوو؛ دەچووینە ڕستووران. دەبوایە بیست و دوو ڕۆژ لەوێ بمێنین. دەبوایە هەموو ڕۆژ کۆ بینەوە هەیئەتی دەوڵەتێک ببینین؛ کە دەیانگوت هەشتا و دوو میللەتی لێیە. زۆر زوو من وازم هێنا و لە دیتنی گشتیدا بەشدار نەدەبووم. ڕۆژانە بە شاردا دەگەڕام. تووشی هەر کەس بام چەند کەلیمەیەکی ڕۆمانی لێ فێر دەبووم. لە چاو هەواڵانم زمانزان بووم؛ زۆر کاری خۆم پێک دێنا. شەوانە دەچوومە سینەما یان تیئاتر. بۆ ئەو شوێنانە هەر کەسەی هەقی بلیتێکی هەبوو. من کە بمویستایە یەکێکی تر دەگەڵ خۆم بەرم، بلیتەکەم دەدا بەو؛ کڵاوێکی سوور و شینی سلێمانییانەم لە سەر دەکرد، هەر زوو ڕێگەیان دەدام و داوای بلیتیان نەدەکرد.
لەو نوێنەرانەی هاتبوونە بوخارێست، ژنی ئایسلاندی و پیاوی بلژیکی لە هەمووان جوانتر بوون. لەوان بەرەژێرتر فینلاندی بوون. بۆ ئیتالیاییە جوانەکانیش، وەک وێنەگران فکرم دەکردەوە: خودا لە دروست کردنی نەژادی سپی بە چاوی شین و قژی زەردەوە بۆتەوە، ڕەشی ئەفریقا و گەنمڕەنگی ئاسیاشی دروست کردوون. تۆزێک لە هەردوو ڕەنگی لێک داوە، ئیتالی بە چاوی کاڵ و قژی خورمایی و ڕەشی لێ ساز داوە.
عێراقییەکان بەیانێکیان چاپ کرد لە دژی دەوڵەتی عێراق و ئیستیعمار؛ دەبوو بڵاو کرێتەوە. تا ئێوارە پتر لە دووسەد دانەیان بڵاو نەکردبوو. گوتم چەندتان هەیە بمدەنێ. جلی کوردیم دەبەر کرد و لە سەر پیادەڕەوی خەیابان وێستام. دنیا لە جلەکەم کۆ بووە. پتر لە هەزار دانەم لە دوو سەعاتدا لێ وەرگیرا.
ڕۆژێک لە خەیابانی ڤیکتۆریا ڕادەبردم؛ هەستم کرد دەستێک لەسەر شانمە. جەوانێک بوو پرسی: تورکی دەزانی؟
- کەمێک.
- منیش تۆزێک تورکیم دەزانی لە بیرم چۆتەوە؛ حەز دەکەم لێت فێر ببمەوە. ناوم میرجەیە؛ فێرکارم؛ ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستم.
بەو شەرتە کە ئەویش فێرە ڕۆمانیم کا، پێک هاتین. هەموو ڕۆژ میرجە لەبن دارێک چاوەنۆڕ بوو. سەعات نۆ دەمدیتەوە؛ تا ئێوارە پێکەوە دەگەڕاین. میرجە جارێک بردمیە ماڵە خۆی. خوشکێکی جوان و سەوداخۆش و دایکێکی پیری هەبوو؛ بە ماشێن خەیاتیی دەکرد. تورکی دەزانی؛ زۆری جنێو بە دەوڵەت دەدا. دەیگوت: ئەو هەموو خەڵکەیان بۆ تەبلیغاتی خۆیان دە بۆخارێست خزاندووە، هەر لە لادێ و لە شارەوە هەرچی پێی بڵێن ڕسق خەرجی ئەوانە دەکرێ و ئێمەش هیچمان دەست ناکەوێ.
لەپڕ پرسی: تۆ کۆمۆنیستی؟
- بەڵێ مەعلوومە!
- کوڕم درۆ مەکە! مەترسە! بە خوا لەم گەڕەکە هیچ کەس کۆمۆنیستی خۆش ناوێ؛ میرجەی کوڕیشم درۆ دەکا.
ئەمەی ڕاست بوو؛ چونکە میرجە بە منی گوتبوو کە هەر چەند لە حیزبدایە، پەنسلینی قاچاغ دەفرۆشێ.
زۆر گەرما بوو؛ ئارەقم کردبوو. کراسەکەم زۆر چڵکن بوو؛ هەرچی گوتیان کۆتەکەت داکەنە! گوتم لە وڵاتی ئێمە کۆت داکەندن زۆر عەیبە!
جل شوشتنیش بەزمێک بوو. جلە چڵکنەکانمان دادەکەند، دەیانبرد، دەیان شت و هەموویان بە خاوێنی لەسەر مێزێک کەڵەک دەکرد؛ کە هەر کەس ئی خۆمان بناسینەوە. برادەران هەرچی زوو بگەیشتایە، کام کراس باش بوو دەیدزی! جا وەرە گوێ لە قڕە و هەرا بگرە! یەکێک ئیعلانی بە دیوارەوە دابوو، نووسرابوو: زۆر شەرمە؛ کراس مەدزن! ئیمزا: یەکێک لە کراس دزراوان!
کراس دزین تەشەنی کرد: تیغ، پووڵ، تەنانەت شەمچەش لە چەمەدانی یەکێکدا با و دانەخرابا، دەدزرا!
ئەو دەم کە لە بێرووت دەچووینە سەیری مەلەکەران لە دەم بەحر، برادەرێک - کە خەڵکی شاری چکۆڵەی «کووت» بوو - لە کۆمۆنیستیدا زۆر وشک، لە دیمەنی ژنی ڕووتی مایۆ لەبەر زۆر تووڕە بوو. دەیگوت: ئەوە کاری ئیستیعمارە؛ دەبێ لە دنیا نەمێنێ! لە بوخارێست دەریاچەیەکی زۆر گەورە و خۆش دەناو شاردایە؛ پێی دەڵێن «تشمەجوو» یانی چشمە و جۆگە. لە دەوری سەیرمان دەکرد. کچانی مەلەوان زۆر لەوانی بێرووت ڕووتتر بوون. بانگم کرد: سەلمان! خۆی لێ دە خەو کردم. هەڵمساند:
- بۆ ئەوانە چ دەفەرمووی؟ لێم ڕوونە ئەوانەش ئیستیعمار ڕایسپاردون تەخریب بکەن!
دەوڵەتی ڕۆمانی هەر یەکە پەنجا «لی» پووڵیان - گیرفان پووڵی - دابووینێ؛ دەگەڵ ئەحمەد عوسمان تێکەڵمان کردبوو. ڕۆژێک گوتی: بچۆ لە فڵان جێ سابوون بکڕە! پارووی بە پێنج لی دەدەن. دوو سابوونم کڕی و خستمە گیرفانی پاتۆڵ و لە خۆشییان بە غار هاتمەوە. کە دەستم برد گیرفان دڕاوە و سابوون کەوتوون! تا گەڕامەوە سابوون لە دووکان نەمابوو.
لە کەرکووکەوە کە دەهاتم؛ کەوشم لای ئەرمەنییەکی ئاشنا بە ڕادان دا. گوتی: کەوشێکت بۆ دەدوورم کەس دە پێیدا نەبێ. کەوش لە نووکەوە یەکسەر کوندار و دەبوو هەموو بە قەیتان داخەی. ڕۆژ نەبوو جووتێک قەیتان نەپسێنێ! بەڵام قەیتان لە عێراق جووتی بە شەش فلس و زۆر هەرزان بوو؛ هەمیشە دە جووتم دە باخەڵدا بوو. لە ڕۆمانیا لێم خەلاس بوو؛ کەوشم لێم بوو بە ورگە ماسی هەڵدڕاو. پێم دە پێ نەدەنا. «ئای نەحلەت لە بابت بۆ کەوشێ بۆت درووم!». وە دوای قەیتان کەوتم. هەر چی لێی دەپرسم، دەڵێ مغازە.
- مغازە کوا؟
- نازانم!
بە کوتە بەن، بە تێل دەیبەستمەوە، قرت دەپسا. ڕۆژێک ویستم بچمە بنکەی ئێرانییەکان، کۆڵانێکم دی. گوتم ڕێگە کورت کەمەوە؛ بەوێدا ڕۆیشتم. ئۆخەی! شوکور تووشی مغازەی قەیتان بووم.
- جووتی بە چەند؟
- بە حەفتا ... (نازانم پووڵە وردەکەیان چ بوو).
- ئەگەر چی زۆر گرانە، حەو جووتم دەیە.
حەسامەوە. بەڵام سەری قەیتان بە چرێش توند کرابوو؛ تەنەکەی تێدا نەبوو!
بە لای دوو بۆیاغچیی کەوشاندا ڕابردم. یەکیان گوتی:
- ئاغا فارسی میدانی؟
- بڕۆ حیز! تۆ سنەییت، بۆ بە کوردی قسە ناکەی؟!
- ئای قوروان! چۆن زانیت سنەییم؟ من بیست و پێنج ساڵە هام لێرە؛ واکسیی کار ئەکەم. فەرموو وەرە بچینە مزگەفت!
جارێک تووشی یەکێکی پشتێند کەژووی کڵاولبادی سپی هاتم. بۆم هات:
- موسڵمان؟
- موسڵمان!
ئیشارەی بە خۆی کرد: موسوڵمان! «بِسمِ اللَّەِ الرَّحمن الرَّحِیمعربی! اَعُوذُ بِاللەِ مِنَ الشَیطانِ الرَّجیمعربی!»
هەر بە ملمەوە نووسا و ملی لە ماچ کردنم نا. تێگەیشتم ئەڵبانیایییە و ناوی عەبدوڕڕەحمانە.
ئیوارەیەک تووشی پیاوێ پەنجا ساڵە هاتم کچێکی دەگەڵ بوو؛ نە پکەی نە پخۆی، تماشای سای گەردنی کەی. لێی پرسیم: هایک؟ یانی ئەرمەنیت؟ زۆر جاری تریش خەڵکی بوخارێست بە ئەرمەنییان دەزانیم.
- نەخێر کوردم.
- کورد؟! نەکەی قسە دەگەڵ کچەکەم بکەی؛ نابێ ببێتە ئاشنات. باوکی من جیلۆ بوو، سمایلاغای سمکۆ کوشتی.
- زۆر بەداخەوە، باوەڕ کە من ڕازی نەبووم باپیری جوانی وا بکوژێ!
شەوێک چوومە کافەیەک کە خەڵک لە حەسار دانیشتبوون. تەنیا لەسەر مێزیک بووم. کچێک - یان ژنێک - هاتە لام و گوتی: ئیجازە هەیە؟
- فەرموو!
داوای بوتڵە شەرابێکی کرد. بە بزەیەکی حیزانەوە دواندمی؛ گوتی: ناوم کارمێنە، حەز دەکەم ببینە ئاشنا و زۆرتر یەکترمان چاو پێ بکەوێ.
- با بزانین... چونکە من ئەگەر کاری خۆم هەبێ بەجێی نایەڵم؛ بەڵام لەوانەیە بێمەوە سۆراغت.
ویستی بچین پێکەوە سەیری سەمای بە کۆمەڵی مەیدان بکەین؛ پێم ناخۆش نەبوو.
- دەی من دەچم پووڵی گارسۆنەکە دەدەم. تۆش کەیفت لێیە وەرە پووڵی خۆت بدە، یان بمدەیە من دەیدەمێ؛ با زوو دەرچین.
بەندەش کەر کەر! پەنجا لی ڕۆمانیم شک دەبرد، دامە دەستی کە باقییەکەم بۆ بێنێتەوە. تەشریفی ڕۆیشت و ئێستاش نەهاتەوە. گارسۆن هات: بێنە پارە!
- پێم نییە.
خاوەن کافە پێی زانی. سەرێکی ڕاوەشاند، گوتی: داد لە دەست کچە ڕۆمانی! عەفووی کردم و هەڵتەک هەڵتەک بە گیرفانی بەتاڵەوە هاتمەوە. بیرم لە «ئوپێرای کارمین» دەکردەوە کە ئەمەی منیش بە خێر بەزمی ئوپێرای کارمێنێک بوو!
ڕۆمانیی چاوڕەشی گەنمڕەنگ بوون؛ خوێنشیرین و ڕووخۆش. ئەو شتەش کە ئێمە ناومان ناوە نامووسپارێزی، نەک هەر لە کن ئەوان، بگرە لە ئورووپا و ڕووسیاشدا کەمتر تەرەفداری هەیە! شەوانە موزیک لە مەیدانان لێ دەدرا و سەما و هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ دەکرا؛ ئێمەش دەچووینە سەیری. شەوێک ژنێک پیلی کێشام: وەرە بڕۆین! خۆم لە دەستی ڕاپسکاوت! گرتمیەوە. زۆر کەسمان لێ کۆ بووە، ژنەتیوە بەرم نادا. باوەڕ کە لە شەرمان بوومە تنۆکێک ئاو. قەتم ئەوە بە سەر نەهاتبوو. کابرایەک هات زۆری تکا لێ کردم:
- لەگەڵی بچۆ!
- ناچم دەستم لێ بەردەن!
گوتیان: بۆ ناچی، ئەوە مێردەکەیەتی تکات لێ دەکا!
ئاخری ئەرمەنییەک لە دەست ژنەتیوی ڕزگار کردم. بەڕاستی زۆر زەحمەتە ڕۆژهەڵاتی، ئەویش نەخوازا کورد، لەو بێشەرمییە خۆشی بێت.
ڕۆژێک ئەحمەد عوسمان و من تووشی پیرێژنێکی زۆر شڕوشڕۆڵ بووین؛ سواڵی لێ کردین؛ شتێکمان دایە. ڕۆژێکیش لە ئوتووبووسدا سواڵکەرێکی مۆدێڕن بە کاغەزی کەشەیەکەوە دەگەڕا؛ بەویشمان شتێک دا. بە میرجەم گوت: دوو سواڵکەرم دیوە. گوتی: هەیهوو! هەزاران هەیە. لەوەتا ئێوە هاتوون، داکراون نەیانبینن. وەباڵ بەستۆی میرجە.
ئێوارە درەنگێکی تاریکان، پێرەمێردێکی ڕیش سپیم دیت شتێکی لە بەر دەم بوو؛ وەمزانی تۆپی گوللەهاوێژە.
- مامە ئەوە چییە؟
- من فەیلەسووفم؛ ئەوەش تەلسکۆپە. لییەک بدە و تماشای عاسمان بکە.
لە کاکەشان و ئەستێرەکانم ڕوانی؛ زۆرم بە لاوە سەیر بوو. ئیتر لە عومرمدا تازە تەلسکۆپم تماشا نەکردۆتەوە.
ڕۆمانیا حەوت ساڵ بوو ببووە دەوڵەت؛ نەیتوانیبوو لە هەموو شوێنان کڵخۆز دانێ. گوتیان دوازدە کەڵخۆز هەیە. بردیانینە سەیری یەکیان. خانووی چاک و ڕادیۆ، سینەما، کتێبخانەی زۆر جێی ئافەرین بوو. کوێخای کەڵخۆز قسەی بۆ کردن و پاشان گوتی: کێ پرسیاری هەیە جوابی بدەمەوە؟
من دەستم هەڵێنا. دوکتورێکی عەرەب گوتی: چ دەپرسی؟
- پەڵە تووتنێکم دیوە، وەک لە دێم بێ وایە؛ پێم سەیرە. چونکە لە کوردستان هیچ نەبێ تووتن ڕۆژێ سێ ئاوی دەوێ.
- بەڵێ کوردستان کوردستانە؛ ئیرە وڵاتی کۆمۆنیستانە. هەر بە حەوت ڕۆژ بارانی لێ دەبارێ! ئەدی بۆ دەڵێن کۆمۆنیست باشە!
بەو جوابە جوانەشەوە هەر پرسیم. کوێخا گوتی: ئەم شیوەڵە نزار و نمدارە؛ تووتن پێدەگەیەنێ و دێمەکارە. لە جێگەی تری ڕۆمانیا بێ ئاو نابێ.
- با بۆ ئێدارە خۆمان ئینتیخابات بکەین. بیروبڕوای خۆتان بە ئازادی دەربڕن؛ ڕووبینی مەکەن!
چەند خۆشە با لە کۆمەڵێکی کەمیشدا بێ، هەڵبژاردن ئازاد بێ. با دووسبەی ئەم کارە بکەین. قوربان بوو بە سرت و خورت و پارتیبازی.
- من هەڵنەبژێری خۆت دەزانی!
- فڵان کەس هەڵمەبژێرە! دایک و بابی جاسووسی نووری سەعیدن!
- هەرکەس هەڵمنەبژێرێ دایکی وا لێ دەکەم دەڵێم خاینە!
حەو! خۆ ئەمەش دەسکی دەرهات! ئازادیی قوڕبەسەر لێرەش جێگەی نییە...
«سەلیم شاهین» ناوێکی عەرەبی بەغدایی لە پێشدا دوو جار چووبووە فستیواڵان؛ تامی خواردنی خۆش و ڕابواردنی خۆشی جحێڵانەی هەر لەبن دداندا مابوو. ئەم جارەش کە هاتبوو، خۆی زۆر بە بەختەوەر دەزانی. کە لە سەر کەشتیش گوتیان نابێ بڵێی کوردم، ئەو لە هەمووان شێلگیرتر بوو. لە ڕێگەش ببووە کێشەمان و لێک تووڕە بووین. لە هەڵبژاردندا گوتیان توهماسبی ناوێکی ئێرانی گوتوویە سەلیم جاسووسە. هەڵنەبژێرا و بەزمی سەگی پێ کرا. بە هەڵکەوت توهماسبیم دیت؛ بۆم گێڕاوە. گوتی: بە حەیاتم سەلیم ناناسم و هەرگیز باسم نەکردووە. هاتمەوە بەکۆمەڵ بۆم گێڕانەوە. سەلیم گوتی: ئەگەرچی لێشم قەڵسی، بە شەرەفم هەر تۆ دە ناوماندا بەشەرەفی!...