چەند نموونە لە خۆ و ئاکاری برا شیووعییەکان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  972 مشاهده

دەعوەتنامەی ڕەسمی حیزبی شیووعیم پێ بوو کە بەشدار بم لە کۆنگرە؛ قاچاغ بوو دەبوو لە ڕێ بیشارمەوە. زەبیحی لە بەڕێ کردنمدا گوتی: من لە ئارسین لوپینەوە زۆر شت فێر بووم؛ ورد پێچایەوە و دە نێوان توێی پانتۆڵدا، لە پشت قوونمەوە تاقەتی کرد. کەچی بە ناشکوری نەبێ، لە «ئەسکەندەرییە» کە دەچوومە سەر کەشتی، ئەفسەرێک پشکنیمی؛ زۆر زوودیتیەوە. زۆر ترسام. پێکەنی و دەستێکی لە شانی دام: بڕۆ بە سەلامەت!...

لە ئەسکەندەرییە بۆ دوو سەعات چووینە شار. بەر لەوە چوار دینارم لە پاش جل کڕین و بێرووت مابوو؛ ئەویشم دابوو بە جەنابی ڕەئیس. دەگەڵ کوڕێک دابەزین نامەی دە پۆستە خست. سواری ترام بووین کە بە شارا بگەڕێین؛ لەپڕ دیتم کوڕ نەماوە؛ نازانم لە کوێ دابەزیبوو. پێنج تەعریفەم - کە دەبێتە قرانێک - پێ نەبوو. بلیتبڕ هات بە لامەوە، خودنویسم لە گیرفان کردەوە، گوتم پووڵم نییە.

- تا کوێ دەچی؟

- تا بەندەر.

- بە خۆڕایی سوار بە!

دەستەیەکیان دەگەڵ ڕەئیس کاڵەک و شووتی زۆریان کڕیبوو، خۆیان لە هێندێک برای حیزبی گێل کردبوو! هەر لە ئێستاوە بۆڵەوپرتە پەیدا ببوو؛ کە منیش یەک لە بەشخوراوان بووم. بە هەزاری ناری عەلی دوو دینارم لە ڕەئیس ساندەوە؛ کە نەوەک دیسان بۆ بلیت دامێنم.

لە ئێزگەی ڕۆم دەبوایە چاوەنۆڕیمان بکردایە تا سەرۆکی لاوانی ڕۆم دێ لە سەر حیسابی لاوان دەماندەمەزرێنێ. چەمەدان و هێندێک پارچەی بەڕە و شتی وامان لە دەوری خۆمان دانا و لەسەر عەرز تەخت دانیشتین. زۆر وەک خێڵی قەرەچ دەچووین! هەرچی دەیپرسی: چن؟ دەمگوت: «جیسی» (قەرەچ).

- کاری ئاومان هەیە، لە کێ پرسین؟

- ئای لە منتان نەکەوێ! ئەن من چیم؟

لە حەنباڵێکی ئێزگەم پرسی: ڕیتی ڕاتا! سەرێکی ڕاوەشاند.ڕیتی ڕاتا (بە شلێکەوە گوتم). نەخێر تێ ناگا. دەستم بە زگمەوە نا و خۆم کووڕ کردەوە و نەقاندم. پێکەنی؛ گوتی: ها! ڕیتی ڕازا! بە قامک تێیگەیاندم ژمارە یازدە ئاودەستە. لە دەرگاوە ڕوانیم ئاوێنە بەندێکە وەک ماڵی شا! چەند کەسێک لەبەر شێرە ڕیش دەتاشن. ببێ و نەبێ دەلاکخانەیە! کە چوومە ژوور زانیم چەند ئاودەستێکیشی لێیە. مزگێنیم دا و بە کۆمەڵ ڕایانکرد. هەی لەوەی زوو بگاتێ و لە خۆ نەڕێ!

پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ هاتن بردیانین لە چاکترین ئوتێلی بەناو «پلازا» دامەزراین. جەمە نان لەسەر لاوانی ئیتالی. شەوانەش یەکێک دەبوو بە سەرگەلە و دەچووینە چاخانە و چایییەکمان دەخواردەوە؛ گوێمان لە موسیقا دەگرت. بە ڕۆژ بە کۆڵان و خیاباندا وێڵ بووین. شاری ڕۆمام زۆر پێ جوان بوو. دەتگوت هەموو ماڵەکانی خەیابانیان بە مشار خشت بڕیوە؛ هەموو جێگا وەک یەک دەچوون. کۆتەڵی زۆر هەونەرمەندانە لە هەموو ئاقاران ببوونە خشڵی شار. ڕۆژێک چوومە ڕستوورانێک؛ لیستیان بۆ هێنام. هەر تەقەم لە سەریەوە دەهات. تووشی وشەی «فراید فیش» بووم؛ دەستم لەسەر دانا. بەڵێ ماسی سوورەوەکراویش خراپ نییە. خوایە ئەو ماسییە من دەمناسی جۆرێکی تر بوو؛ ئەوە پارچەی چکۆڵە و لێک هاڵاو، هێندێکیان لە ڕانە چوێلەکە دەچن. خواردم؛ خۆش بوو. لە هاتنەدەرمدا کوڕێکی لوبنانی گوتی پێکەوە دەڕۆین. لە ڕێ گوتی: منیش هەر وەک تۆ بۆقم خوارد!

عەبدولکەریم شێخ داود ناوێک - کە حقووقی بوو - لە جیاتی سی دینار، پەنجا دیناری دابوو. داوای سابوونی دەکرد کراسی پێ بشوا. قانوون نەیگرت! ناچار من سابوونم بۆ کڕی و ئەویش هەزار جنێوی بە دزی بەو قانوونە دا.

بە گەل چووین بۆ «واتیکان». سەرم لە کاری کلیسای «سان پتروس» گێژ ببوو. چاو بە مۆلەق وەستا و دەمڕوانیە میچەکەی کە دەسکاری میشێل ئەنژێلۆیە و ماشەڵڵا و بەهبەهم دەگوت. هەتا بە خۆم زانی لە گەل بەجێ مابووم و فەتالییەکیشم پێ نەبوو. گێژ و حۆل دەخولامەوە، تووشی هەواڵان نەبووم. تازە قەوماوە؛ با تێر سەیر بکەم. ویستم بچمە مووزەی واتیکان، پارەی دەویست؛ نەمکرا. لە دەرگایەک دوو پاسەوان بە جلی ڕۆمییانی قەدیم، ڕمب بە دەستەوە وێستابوون. ترومبیلێک هات. شاژنێکی ڕەشی وەک قیری تێدابوو؛ کڕنۆشی بۆ کرا و دەرباز بوو. منیش ویستم بچم، ڕمب لە دوو لاوە تێک پەڕین و ڕێگەم نەدرا. دیار بوو ژنە ڕەش دەچووە دیدەنی پاپ. هاتمەوە سەر خەیابان. سواری ئوتووبووس بووم. بلیتبڕ هات! فێر ببووم؛ خودنویسم ڕاداشتێ. کە زانی چیم پێ نییە بلیتێکی دامێ. بیرم لەوە دەکردەوە: کابرای میسری لە دەوڵەتی دزی و پیاوەتی دەگەڵ من کرد، ئیتالییەکە لە گیرفانی خۆی زەرەری بۆ کێشام.

پاسپۆرتەکەم بە خەتی عەرەبی نووسرابوو کە خاوەنی تا سووریا و لوبنان بچێ؛ ئەگەر بە ئینگلیسی باسی ئورووپایشی لێ نەنووسرابا نەدەبوو. ئیبراهیم عەبدوڕڕەحمان خاڵ - کە ئەویش هەواڵ بوو - دەگەڵما هات بۆ سەفارەتی عێراق. گوتی: خۆت بە دەوڵەمەند نیشان دە! جلەکانیشت باشە. چووینە خزمەت سەفیر؛ منی زگ زلی جل باشی بە ملیونێر دەوڵەمەند هاتە بەر چاو. منیش تا توانیم فڕوفیشاڵم کرد کە: هەتا ئوتریش دەچم چەند ڕۆژێک ڕایدەبوێرم!. «بەڵێ بەڵێ» کەری نێر نەیدەکێشا! پەساپۆرتی بە ئینگلیسی نووسی و ئوتریشیشی خستە سەر. لە خواحافیزیدا فەرمووی:

- بێرەدا وەرەوە با دیسان بە خزمەتت بگەم.

- جا چۆن تا دیارییەک بۆ ئاغازادەکان نەهێنم دەچمەوە؟!

چووینە سەفارەتی ئوتریش. کچێک گوتی: بەو نیشانانە سەری سەعات پێنج وەرنە فڵان ئاپارتمان ویزە وەرگرن! پێنج دوو دەقیقە کەم چووین؛ داخرابوو. ڕاوەستاین و دەڕوانینە سەعات؛ دوو سانیە مابوو، کچ پەیدا بوو. برایم گوتی: وەمانزانی نایەی، گوتی: وەختم زایع نەکرد.

ویزای تایبەتیشمان لە سەفارەتی ڕۆمانی وەرگرت؛ کە لە پاسپۆرتا نەنووسرا؛ تا لە عێراق نەمانگرن. پاش چوار ڕۆژ یان سێ ڕۆژ بە قەتاری «تیری زێڕین» وەڕێ کەوتین. چەند سەعاتێک لە ئێزگەی «وینیز» ماینەوە؛ بەڵام قانوون نەیگرت بچین ئەو شارە جوانە ببینین. نووشابەش بە قانوونی سەفەر نەدەکەوت! یاریدەی لوبنانییەکەم دا چەمەدانم لەگەڵ گوێزتەوە، حەنباڵییەکەی نووشابەیەکی بۆ کڕیم. شەو درەنگێک گەینە «ویەن». چووینە شوێنێک، لە لاوان جمەی دەهات. ناردیانینە یانەیەک کە لەوێ بخەوین. چەققە و هەرا و بلیارد کردن بوو؛ دەرزیت هەڵاویشتایە نەدەکەوتە عەرزی.

- یاڵڵا هەستن! چەمەدان هەڵگرن دەتانبەنە جێ خەوێکی باش.

چەمەدان بە دەستەوە، شەو تاریک و سەرما، لە ماندوویی ئارەقمان کردووە؛ گۆرانیی ئیسمەهانم هاتبووە بیر کە دەڵێ: «شەوانی خۆش ڕابواردن لە ویەن!». چووینە میوانخانەیەکی قشپیلە لەناو باغێکدا. نانیان داینێ و نووستین. بەیانی نان و چامان خوارد و گوتیان بڕۆین. بوو بە هەرا:

- تا جەوانان پووڵی ئێوەمان نەدەنێ ناڕۆن.

تەلەفۆن لە سەر تەلەفۆن. جواب نەبوو. خاوەنماڵ گوتی: یەکێک بە گرێو دەگێڕمەوە تا پووڵم دەدرێتێ. گوجێ چوومە ئەو لاوە گوتم: من بە گرێو دەمێنمەوە. بە خەیاڵ گوتم: دوو سێ ڕۆژێک دەخۆم و دەخەوم؛ با بمنێرنە حەبس! بەڵام پاش دوو سەعات ئازاد کرام و بردیانمەوە لای هەواڵان.

ئێمە و لوبنانی و جوولەکە و میسری و ئوردونی و نازانم کێی دیش بە قەتارێک وەڕێ کەوتین. لە سنووری مەجارستانەوە خەڵک دەهاتنە پێشوازمان. لە شوێنێک کوڕێکی لوبنانی گوتی نوتق دەکەم. دەست بڵند دەکا، دەنەڕێنێ، بە عەرەبی دەڵێ: ئاو ئاوە! هەوا هەوایە! هەرچی باوەڕ ناکا ئاوی سارد بخواتەوە! بوو بە هەرا و چەپڵەڕێزانی گوێگرە خۆشەویستەکان و پێکەنینی ئێمە!

شاعیرێکی جوولەکە بە ناوی «حەننا ئەبولحەننا» کە عەرەبی قسەی دەکرد، لە نزیکمەوە بوو. زۆر قسەخۆش بوو. جارێک گوتی: ئەو هەمووە دەوڵەتە عەرەبانە لە هەموو شتدا دژی یەکترن؛ بەڵام لە جنێو بە ئیسرائیلداندا یەک قسەن!